وەسییەتنامەی پێشەوا بە هۆنراوە
لە دوایین سات و کاتی ژیانم
وەسییەتێک دەکەم بۆ نیشتمانم
بۆ نەوەکانی داهاتووی خاکم
بۆ گەلی سادە و بێ فێڵ و پاکم
بۆ براکان و بۆ خوشکەکانم
بۆ خەڵکی شار و گشت گوندەکانم
بۆ ئەو کەسانەی لە دوای ئێمە دێن
دەکەونە داوی دوژمنی دڵخوێن
بۆ لاوەکان و گەنجانی بەهەست
بۆ قەومی کوردی بێ پەنا و بندەست
ئامۆژگاریی بێ لە لای منەوه
نەکەن نیشتمان لە بیر بەرنەوه
بۆ خاتری خوا یەکتر مەکوژن
خوێنی هاوخوێنی خۆتان مەمژن
یەک بگرن گشت و پێکەوە هەستن
لە پشتی یەکتر قایم ڕاوەستن
برا گەر لە پشت برا وەستابێ
مەگەر بەڵایەک لە لای خوا بێ
بەنرخێکی کەم خۆتان مەفرۆشن
لە ڕێی ڕزگاری وا تێبکۆشن
دوژمنانتان، بۆ قازانجی خۆ
ئێوەیان دەوێت بە فێڵ و درۆ
پاشان کە کاریان تەواو بوو پێتان
وەلاتان دەنێن، لێژدەبێت جێتان...
دوژمنانی کورد زۆر و زۆردارن
گەلێک بێ ویژدان ، گەلێک بێ عارن
گشتی خوێنخۆر و، خوێنڕێژ و پەستن
بە خوێنی ئێوە سەرخۆش و مەستن
ڕازی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک
پاڵ وە یەکدانە، گشتی بوونە یەک
ڕەمزی سەرکەوتن، پێکەوەبوونه
لێک بڵاوبوونتان، نوختەی نەبوونه
هەر نەتەوەیەک کاتێک ئازادە،
کاتێک دڵخۆش و بەکەیف و شادە؛
کە وا پێکەوە ڕوو لە خەبات کەن
داوای ڕزگاری زێد و وڵات کەن
ئەو نەتەوانەی یەکیان نەگرتۆ
ژێردەست ماونەوە و، سەروەریان مردۆ
ئێوەش گەلی کورد هیچێکتان کەم نێ
لەو نەتەوانەی سەریان بە خەم نێ
بە پێچەوانەی گەلانی دیکە
زۆر شتو هەیە کە زۆر بە کەڵکه
ئێوە ئازان و خاوەن پیاوەتین
خاوەن غیرەت و هەم مەردایەتین
تەنیا یەکگرتن بەو دێوە وەستا
بەو میللەتانەی ڕزگارن ئێستا
ئێوەش زنجیری دیلیی بپسێنن
بەندی کۆیلەتی لە مل دەربێنن...
ئیرەیی مەبەن بە بوونی یەکتر
لە یەکتر مەبن بە ئاسن و ئاگر
خەیانەت مەکەن بە خاکی خۆتان
بە کەسوکار و بە خەڵکی خۆتان
فریوی دوژمن مەخۆن بە بەڵێن
هەموووتان ئەوەی بە یەکتر بڵێن
دوژمنی ئێمە گەلێ زۆرداره
قاتڵی گەلی کوردی هەژاره
برواننە مێژو، هەتاکوو ئەورۆ
دوژمن بە هە زار فێڵ و ، بە دەهۆ
ڕێبەرانی مەی بە حیلە کوشتۆ
لە جەوهەر ئاغا و ، سمایلی سمکۆ
تا گەورە پیاوی شۆڕشی مەنگووڕ
ئەو قارەمانە، هەمزاغای مەشهوور
دەیان سەرۆ ک و قارەمانی دی
لە مێژووی مەدا وا دەکرێن بە دی
گشتی ئەوانە بە سوێندی دوژمن
شەهید کراون لە سوچ و قوژبن
ئەوان باوەڕیان بە سوێند و خوا نێ
پیاوەتی لە لای ئەوان ڕەوا نێ
لە ڕێگەی خوا، یەکتر بەرمەدەن
بستێ لە خاکو، بە دوژمن مەدەن
سەنگەر چۆڵ مەکەن، پشتی یەک بگرن
خۆتان خۆش بوێت و، بۆ یەکتر بمرن
ئەگەر دوژمنان، هەنگوینو دەنێ
زەهری تێدایە، دەستی مەکەنێ
ئەگەر فریوی داگیرکەر نە خۆن
زۆر هاسان بەرەو ڕزگاری دەڕۆن
لە دوایین چرکەساتی ژیانم
ئەوا وەسییەتە بۆ نیشتمانم
شاهیدی منیش تەنیا خودایه
کە عیشقی ئێوەم وا لە دڵدایه
لە ڕێی ڕزگاری و بەختیاریتان
بۆ سەربەستی و بۆ ڕزگاریتان
دریغیم نەکرد، بە گیان و بە ماڵ
بۆ گەلم کاتم نەکردۆ بەتاڵ
لە هیچ هەوڵێکدا کۆتاییم نەکرد
ئیشی دژ بە گەل، ڕیسواییم نەکرد
ڕاوەستام لەسەر سوێند و پەیمانم
کە وەفادار بم، بە نیشتمانم
حەول و خەبات و تێکۆشانی من
ببوو بە ئەرک لەسەر شانی من
پەیمانم دابوو بە جێو نەهێڵم
بژیم و بمرم، بۆ قەوم و خێڵم
بە عیشقی ئێوە لەناو جەرگەوه
سەربەرز، دەچم بەرەو مەرگەوه
لە لای دوژمنان کوردبوون تاوانه
کوردێکی پاک بوون چقلی چاوانه
شەرەف و ماڵ و سەر و گیانی مه
حەڵاڵە لە لای نەیارانی مه
کاتێک داگیرکەر لە مەیدانی شەڕ
پێتان نەوێران، نە یانبرد زەفەر
پەنا دەبەن بۆ فێڵ و تەڵەکە
لەناو مێشکیان دا سەد جۆر کەڵەکه
دەوڵەتی تاران هەزار سوێندی خوارد
گەلێک بەڵێن و، وەعدەی درۆی نارد
بەڵام من زانیم، گشتی درۆیه
دار نەدەقەڵشی، هۆرە لە خۆیه
ئەو عەشیرانەی فریو درابوون
دەستوپەیوەندی حەمەڕەزا بوون
چرای کۆماریان وا کوژاندەوه
ئاگری دوژمنیان وا بوژاندەوه
وەسییەتێ دەکەم گشتتان بخوێنن
منداڵ بە عیلم و مەکتەب ڕاهێنن
کچ و کوڕانو فێری زانست بن
نەوەک، لە دواڕۆژ کۆیلە و بندەست بن
تەنیا شتێکی لە ناومان کەمه
مرۆڤی زانا و کەسی عالمه
لە کاروانی مرۆڤایەتیی
قافڵە بەرنە پێش، بە ئازایەتیی
خوێندن و عیلم و زانستی ئێوه
ببێتە چەکێک، لە دەستی ئێوە...
یەکێتی و عیلم بکەن بە پایه
دوژمن تێک دەشکێت، هەتاهەتایه
بە مەرگی من و ئامۆزاکانم
هەرگیز مەترسن، ئازیزەکانم
چون دەبێ زۆر کەس لە دوای ئێمە دا
لە ڕێی سەربەستی ببنە گیانفیدا
داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ
بەری ناهێنێ، لک و پۆی دەمرێ
لە دوای ئێمە دا، ئەمن دڵنیام
گەلێک قارەمان دەکەونە ڕێگام
بەڵام چون پاکن، فریویان دەدەن
بە درۆ و دەهۆ لە ناویان دەبەن
جا پێتان دەڵێم بۆ داهاتۆکان
دەرسی عیبرەت بێ، مەرگی قازییەکان
بۆ خەباتگێڕان، بۆ شۆڕشوانان
بۆ پیرەکان و، بۆ گشت جەوانان
وەسەتێ دەکەم هەر بۆ گشتتان
بۆ دڵسۆزانی خاکی نیشتمان
لە خوا داوا کەن، سەربەست و شاد بن
نەتەوەیەکی شاد و ئازاد بن
هەرگیز مەپرسن، بۆ سەرنەکەوتوم
ئەگەر چی لەناو گۆڕی سارد خەوتوم
سەرکەوتنی من لەو کاتە دایه
کە سەر بۆ گەلم لە پای دار دایە...
لەپێناو وەتەن گیانفیداکردن
چ نیعمەتێکی گەورەیە مردن!؟
من کوردستانم بە خوێن درووستکرد
من سەرکەوتم و دوژمنم پەست کرد
لە خوام داوا بوو کاتی مردنم
کاتی جەنازە بۆ گۆڕ بردنم
ڕووسووری خوا و خەڵکی خوا بم
بە مەرگێکی وا بۆ گل فیدا بم
ئێستاش بە ماڵ و، بە گیان و، بە سەر
تاجی سەربەرزی شەهیدم لەسەر
وەها مردنێک خۆی سەرکەوتنه
ژینی بێ کەڵک بۆ خۆی مردنه
ئازیزەکانم، خۆشەویستانم
لە بیرتان نەچێ، وەسییەتەکانم
کوردستان، موڵکی هەموو کوردانه
ماڵی کوردانە، لەم سەر جیهانه
هەموو ئینسانێک لە ماڵی خۆیدا
ئازادە و، دەبێ بژی لە وێدا
کۆتایی مەکەن بۆ ڕزگاری کورد
وا بپارێزن، گشت ئاساری کورد
ئەوانەی دەبنە بەرپرسی ئێوه
هەست لێ پرسیارن، لە پرسی ئێوه
مەبنە بەرهەڵست لەسەر ڕێگایان
چقڵ ساز مەکەن بۆ نێو نیگایان...
ئەرکەکانی خۆ باش بەڕێ بەرن
ئەگەر دڵسۆز بن گشتی ڕێبەرن
براکەی کورد و گەلێک چاکتره
بۆ ئێوە و، وڵات دڵی پاکتره
من بەرپرسێتیم لە ئەستۆ نەبا
ئێستا تەنافم لە ئەستۆ نەبا
ئێستا لە پای دار ڕانەدەوەستام
لە خەوی غەفڵەت درەنگ هەڵدەستام
بەڵام ئەرکی من، بۆ من ئامانج بوو
کەچی مەرگی من، بۆ گەل قازانج بوو
هەتاکوو پای گیان وەفادار ماوم
بۆ سەربەستیتان، قەت نەوەستاوم
بۆیە دڵنیام، ڕۆژێکیش دادێ
شادی ببینن، لە شار و لادێ
لە چنگ داگیرکەر ڕزگاریتان دێ
ڕۆژی بێداری و، وشیاریتان دێ
بڕواتان بە خوا و پێغەمبەر هەبێ
دین سەنگەرێکە، با سەنگەر هەبێ
دڵسۆزی یەک بن، ببنە هاوپەیوەند
شەریکی یەک بن، لە خەم یا گۆوەند
ئیرەیی لەناو دڵدا فڕێدەن
ئینسانی زانا و کارامە ڕێ دەن
ئەمری بەرپرسان جێبەجێ بکەن
بۆ خزمەتکردن کێبڕکێ بکەن...
زانست بەرنە سەر، تا فریو نەخۆن
لە عیلم و خوێندن، دەستی خۆ مەشۆن
دوژمن، بە دۆستی خۆتان مەزانن
چون دوژمنانتان زۆر فێڵەزانن...
دوژمنی ئێمە دوو جار دوژمنه
دوژمنی دین و نەتەوەی منه
بە چوکترین بیانو دەوکوژێ
زۆر بێ بەزەیی خوێنتان دەڕێژێ
بۆ چەند ڕۆژێکی دونیای بێ قیمەت
خۆتان مەفرۆشن، بەرمەدەن هیمەت
خەیانەت مەکەن بە یەکتر هەرگیز
پێکەوە بژین دڵپاک و تەمیز
خەیانەت مەکەن، بە ماڵ و بە گیان
نە بە سیاسەت، نە بە ناموستان
چون خەیانەتکار، دایم ڕووڕەشه
خەیانەت، لە خۆی دەکات هەڕەشه
لەگەڵ ئەوانەی کە وا دڵپاکن
زەحمەتکێشانی نەتەوە و خاکن
هاوکاری بکەن، کاریان بەرنەپێش
بۆ یەکتر ببنە، خزم و قەوم و خوێش
لەم وەسێتنامەی ئاماژەم کردۆ
ئەم نەخۆشخانەی کە سازمان کردۆ
لەو مزگەوتانە و، قوتابخانانه
کەڵک وەربگرن، گشت هیی خۆتانه
شۆڕش بەرمەدەن، خەباتو هەبێ
زۆر حەول بدەن، وڵاتو هەبێ
ئەگەر وڵاتو بەدەست خۆتان بێ
سەربەخۆ بن و کۆمارێکتان بێ
ئەو کاتە خاوەن سەروەت و ماڵن
بە سەر ئابڕو و شەرەفدا زاڵن
ئێستاش بۆ دواجار وەسییەتە بۆتان
یەکگرتن بکەن بە ڕەمزی خۆتان
مسۆگەر نابێ بە بێ یە کبوونتان
ڕزگاری ئێوە و ژیان و بوونتان
ئامۆژگاریم کرد، بۆ ئێوە ئەی گەل
ئێتر، ڕۆیشتم، خواتان دەگەڵ
خزمە تگوزاری، نەتەوە و خاکم
بژی کوردستان، بە خوێنی پاکم...
(#پێشەوا قازی محەمەد#)
10ی خاکەلێوەی 1326ی هەتاوی (#31-03-1947#)
خاڵە قازی. [1]