#ورمێ#؛ ناوەندی سێوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
شنۆ ڕەسووڵی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا لە سەرچاوە سرووشتییەکان، لە بواری بەروبوومی کشتوکاڵییش زۆر بە پیت و بەرەکەتە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کوردستان پشتی بە چیاکانی زاگرۆسەوە داوە و ئەو خاک و ئاوەی لە داوێنی کێوەکان مەند بووە، بووەتە خەزێنەیەکی باش بۆ وەرزێڕی. لە بواری جوگرافیایی خاکی وەرزێری زیاتر چرنزیۆم و سیلتە کە بەشێکی زۆری کوردستانیش خاکی سوورە کە لە ڕیزی باشترین خاکەکانە بۆ کشتوکاڵ.
پارێزگای ورمێ لە خاکی چرنزیۆم و سیلت زۆر بەپیتە و تەنانەت بەشێکی مێرگ و قۆپییەکانی ئەو پارێزگایە جۆرێک خاکی هەیە کە پێی دەوترێت پیت. خاکی پیت لە باکووری ئێران و کوردستان زۆر دەست دەکەوێ و بۆ گوڵخانەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەپێی ئامارەکان پارێزگای ورمێ، 800 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەم دێنێت. دوای سێو، زیاترین بەرهەمی باخەوانی لە پارێزگای ورمێ بریتییە لە ترێ. لەو ڕێگەیەشەوە دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 60 هەزار کەس لە دانیشتووانی پارێزگاکە دەڕەخسێت.
هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا کە کاتی سێو ڕنین دێت، دەرفەتێکی کاری باشیش بۆ کرێکاری دەخوڵقێت کە تەنانەت لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشەوە بۆ کرێکاری ڕوو دەکەنە پارێزگای ورمێ. بەڵام لەو بارەشەوە هیچ بەرنامەڕێژی و ڕێکخستنێک بۆ کرێکاران لەئارادا نییە.
لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بەهۆی ئەو خاکە پڕ پیت و بەرەکەتە و لە دوای پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، خەڵکەکەی ڕوویان لە باغداری کردووە و ئەو باغدارییە هەموو بەشەکانی میوەی لەخۆ گرتووە بەڵام بەرهەمی سێوی پلەی یەکەمی هەیە.
لەو پارێزگایە ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار تۆن سێو بەرهەم دێت و ڕادەستی بازاڕەکانی ئێران و جیهان دەکرێت. بەڵام دەبێت دیسان قامک لەسەر ئەو خاڵە دڵتەزێنە دانێین کە زەحمەتی باغدارانی ئەو پارێزگایە لە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی دەسەڵاتی تاران دەبێتە ئاردی نێو دڕک.
هەموو ساڵێک لە بەرەبەرەی ڕنین و هەڵگرتنەوەی سێوی باغاتی ورمێ، خەڵکەکەی لەگەڵ دڵەڕاوکێی نەبوونی بازاڕ و نەبوونی کڕیار بەرەوڕوون. بەشێکی هەرە زۆری سێوی باغداران بەهۆی نەبوونی بازاڕ وەک سێوی باوەڕە (سێوی بن دار-زیردرختی) بە کارخانەکانی ئاومیوە و کۆنستانترە دەفرۆشرێتەوە کە بۆ باغدارەکان زەرەر لە نیوەی دەگەڕێتەوە.
لە بەرھەمھێنانی سێو، پارێزگای ورمێ پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێراندا هەیە و ئەو سێوە یەکێک لە باشترین سێوەکانی ناوچەکەیە، بەڵام تاوەکوو ئێستا ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەدۆزراوەتەوە، کاربەدەستان دەڵێن پڕۆپاگەندای ناڕاست بڵاو دەکەنەوە کە سێوەکە نافرۆشرێت.
بەرھەمی سێوی ورمێ زیاتر لەنیوەی بۆ ھەناردەکردن دەبێت، بەڵام نەبوونی پلان و ھەبوونی گرفتی نێوخۆیی ئەو سێوە تەنانەت ناگاتە بازاڕە سنوورییەکانیش. جگە لەوەش خاوەن باغەکانیش ھەماھەنگی و خاڵی ھاوبەشیان نییە، ئەوە لەکاتێکدایە کە نزیکەی 80 ھەزار خاوەن باغی سێو لە پارێزگای ورمێی ڕۆژھەلاتی کوردستان دەژین.
ساڵی 2017 زیاتر لە 30%ی وەبەرهێنانی سێو، لە پارێزگای ورمێ تووشی خەسار بوو و کاری زیاتر لە 80 هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە بە فرۆشتن و وەبەرهێنانی سێو بەستراوەتەوە ڕاوەستا؛ بەستەبەندیی نالەبار، نەدیتنەوەی بازاڕی نێونەتەوەیی، بایەخ نەدان بە چەشنی چاندن و ئاسانکارینەکردن لە گواستنەوەی سێو لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە و نەبوونی نەخشەڕێگا لە هەمبەر وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، باخدارانی تووشی زەرەر کردووە.
باغداران بۆ بەرهەمهێنانی سێو زەحمەتێکی زۆر دەکێشن و نرخی دەرمان و کوود بۆ باغەکان لەم دۆخەی ئێستای ئابووریی ئێراندا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر شانی باغداران و ئەوەش لە کاتێکدایە کە باغداران لەگەڵ نەبوونی بازاڕ بەرەڕوون کە ناچاران زۆر جار بەرهەمەکەیان هەرزانفرۆش بکەن.
باغدارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیا لە کێشەگەلی دیکە وەک پێڕانەگەیشتنی بنکە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی ئێران بە باغداران لە کاتی پێگەیشتنی میوەکانیان، لەگەڵ کێشەی فرۆشتن و نەبوونی بازاڕ بەرەوڕوو دەبنەوە. کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئێران لەو پارێزگایە بووەتە هۆی ئەوەی باغداران سێوی نمرە یەک، بە جیگای ئەوەی بە شێوەی بەستەبەندی کراو ڕەوانەی بازاڕ بکەن، وەک هەڵڕژاو بە کارخانەکانی سرکە و کۆنستانترەی بفرۆشن.
باغدارانی ئەو پارێزگایە باس لەوە دەکەن هیچ کەس گوێ ناداتە کێشەکانیان و هەموو ساڵێکیش بەرپرسان دەڵێن کێشەی فرۆشتنی سێوتان نابێت، بەڵام ئەوە درووشمێک زیاتر نییە کە ساڵەوساڵ کاربەدەستان دووپاتی دەکەنەوە.
شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەکەن بوونی باغاتی سێو لە پارێزگای ورمێ دەتوانێت دۆخی ئابووریی خەڵکی ئەو پارێزگایە بە ڕێژەیەکی زۆر باش بگۆڕێت؛ بەڵام نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە بۆ کڕین و فرۆشتنی سێوی باغداران تەنیا زەرەر و زیانی بۆ باغداران هەبووە.
لە ئێستادا 2023 بە ھەزاران تۆن سێوی پارێزگای ورمێ بێ کڕیار لەسەر ڕێگاکانی ئەو پارێزگایە فڕێ دراوە و هیچ لایەنێکیش لە دەسەڵات وەڵامدەر نییە. وەرزێڕانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پشتیووانیی ماددی و مەعنەوی ناکرێن و بگرە زۆرجار بۆ ئەوەی پارەی بەرهەمەکانیان پێ بدرێت، دەست دەدەنە مانگرتن.[1]