=KTML_Bold=خودا و خاتوو پیرۆز=KTML_End=
خاتوو پیرۆز بە هەزار فەلاکەت ستافی خەستەخانە دەرونییەکەی رازیکردبوو، کە خۆی لە نزیک و لە پاڵ قەرەوێڵەکەی کوڕەکەیدا دابنیشێت، خۆی پێی وتم.
دایە پیرۆز شەڕی دنیام لەگەڵ خەستەخانەدا کردووە، تا رازیبوون و رێگەیانداوە تۆ لێرە بمێنیتەوە. هاوڕێ دکتۆرەکانم دەیانوت; دەزانی دکتۆر رەهێڵ هەندێک جار ئازاری راستەقینە مرۆڤ فێری قسە و را و بۆچوونی زۆر سەیر و گرنگ و بیرلێنەکراوە دەکاتەوە. جار هەبووە بە هەموومان بیرمان لە چارەسەرێک کردووەتەوە بۆ ئەو نەخۆشەی کە بە گازگرتن لە دەمولێوی خۆی سوکنایی دەهات. هەتا خوێن بە دەمولێویدا نەهاتایەتە خوارەوە، دەستبەرداری دەمولێو خواردنی خۆی نەدەبوو. بیرتدێت شێردڵ چی دەکرد بە دەمولێوی خۆی؟ دەمزانی دەڵێن چی، بەڵێ خۆم شایەتی ئەوەم خاتوو پیرۆز دوو کەوچکە چا ئاوی مێخەکی کرد بە دەمیەوە و دەمودەست وازی لە خواردنی دەمولێوی خۆی هێنا. لەبەر ئەمە و زۆر حاڵەتی تر، خاتوو پیرۆز لای قەرەوێڵەی کوڕەکەیەوە دانیشتبوو.
نزاری خاتوو پیرۆز دەرچووی بەشی فەلسەفە بوو، ئەو کاتەی ئەو قوتابی سێی زانکۆ بوو، من تەلەبەی چواری کۆلێژی پەروەردەی دەرونی بووم. کتێب من و نزاری کردبووە هاوڕێ. هەموو جارێک خۆی بۆی باس دەکردم قوتابیەکی ئێسک قورس و خۆشنەویستی کۆلێژەکەی خۆیان بووە. ئاخر بەردەوام پرسیاری دەکرد لە مامۆستاکانی.
خراپترین شت بۆ مامۆستاش ئەوەیە کە پرسیاری لێ بکەیت، بە تایبەت ئەو مامۆستایانەی کە بە خوت و خۆڕایی بونەتە مامۆستا.
نزار دەیوت: باشە رەهێڵ مەعقولە قوتابی بەشی فەلسەفە بم و سزا بدرێم لەسەر ئەوەی کە بە دکتۆرە دڵخۆشم وت جیاوازی نێوان عەقڵ و ئیمان چییە؟
نزار بەم شێوازە درێژەی دا بە پرسیارە یاساغ و رەزا قورس و بیرلێنەکراوەکان.
دوای تەواوکردنی زانکۆ، من لە بەشی نەخۆشخانەی دەرونی دامەزرام و نزاریش وەک خاتوو پیرۆز بۆی گێڕامەوە؛ رۆژ بە رۆژ دۆخی خراپتر بووە. پیر و شێخ و مەشایەخ نەماوە بە زۆر نەیبەنە لای، تا ئاستی لێدانی ترسناکیش. گوایە هەمیشە پرسیاری سەیر و ترسناکی کردووە. خاتوو پیرۆز ئەمانەی بۆ گێڕامەوە.
هەمووی نیوسەعاتێک پێش ئێستا دەرزیەکی هێورکەرەوەمان لێدا. خاتوو پیرۆز توند توند دەستێکی نزاری کوڕی گرتبووە ناو دەستی و دەستەکەی تری خستۆتە نێو سنگی و بە تایبەت سەر دڵی، چونکە گومانی هەیە دەرزیەکە بۆ مردنی نەبێت.
هەر لەبەر ئەوە نەبوو کە نزار لە زانکۆوە هاوڕێم بوو، بۆیە ئاوا بۆتە مەراق و جێگەی گرنگی شەو و رۆژم لە نێو ئەم خەستەخانەیەدا، بەڵکو بەشێکیشی کە دەمەوێ لێتان نەشارمەوە ئەوەیە، کەوتبومە ژێر کاریگەری تێڕوانینە فەلسەفیەکانی نزاری هاوڕێمەوە.
ئەو تێڕوانینانەی کە لە رووی شیکردنەوەی ئەکادیمیەتی دەرونیەوە وەک نەخۆشی ترسناک لێی دەڕوانرا.
پێش ئەوەی ئەم دوا دەرزیەی لێبدەین، نزار وتی: رەهێڵی هاورێم، دوا قسەی من بۆ تۆ و دایکم ئەمەیە؛ شەڕ بۆ هەمیشە هەبووە و هەیە و دەبێت، مادام هەمیشە خودا هەبووە و هەیە و دەبێت. خودا هەبووە و پەنامان بۆ بردووە لە شەڕەکانی رابردوودا.
خودا هەیە، پەنامان بۆ بردووە لەو جەنگانەی کە هەیە. بۆ هەمیشە خودا هەیە، چونکە بۆ هەمیشە پێویستمان بە بوونی پەنایەک هەیە تا جەنگەکان هێور بکاتەوە، وەک دەبینیت جەنگ چۆن من و تۆ و خاتوو پیرۆزی دایکمی لەم نەخۆشخانەیەدا گەمارۆ داوە.
هەر بەتەنیا من و خاتوو پیرۆز شایەتی ئەم دواقسەکردنەی نزاری هاوڕێم بووین. ئیتر ئێوە بڕیار بدەن، دوای ئەم دەرزییە نزار قسەی ترمان بۆدەکات....؟ [1]
نوسینی: #عەلی پێنجوێنی#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=