ناو: حەلیمە
نازناو: حەلیمە سۆر
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: هەولێر
$ژیاننامە$
حەلیمە سۆر کێ بوو؟
نووسینی:ڕەهێل تەڵعەت دزەیی
ژنێکی سووروسپی و باڵا مامناوەندی و بە جلی کوردی دەستووری #خۆشناوەتی# ڕەنگاوڕەنگ، بوخچەیەکی قەبارە گەورە لەسەر سەری، لەناو کۆڵانەکانی هەولێر جاربەجار دەبینرا.
حەلیمە سۆر یان حەلیمە شێت، ژنێک بوو ئەقڵی لەدەستدابوو تا ڕادەی ئەوەی وەک دەڵێن (جنی) جنۆکەی هەبوو قسەی لەگەڵ دەکردن و ئەگەر تووڕەت کردبا دەستیشی دەوەشاند.
حەلیمە شێت لە سەرجادەکان نەدەژیا، لەگەڵ ئەوەی ئەقڵیشی لەدەستدابوو، بەڵام زۆرێک لە ماڵەکانی هەولێرێ لەخۆیان دەگرت و لەناو ماڵ و منداڵی خۆیان جێیان دەکردەوە.
حەلیم نەدەچووە هەموو ماڵێک، زیاتر لە ماڵە ئاغاکانی #دزەیی# دەبوو وەک ماڵێ (تەڵعەت مشیر ئاغا، موحسن دزەیی، تاهیر ڕەشید) ، ماڵی ئەسعەد فەتاح ئاغا چەند ماڵێکی کەم لە ماڵی ئاغاکانی #هەرکی#. هەر لە ماڵێک توڕەدەبوو دەچووە ماڵێکی تر لەوانەی ناوم هێنان.
من هەر کە چاوم کردووەتەوە حەلیمە شێتم لە ماڵی خۆمان بینیوە ، ژنێکی زۆر پاکوخاوێن و ئیشکەر بوو بەڵام بە ئارەزووی خۆی ئیشەکانی دەکرد، دایکم و باوکم و خێزانەکەم خۆشیاندەویست و زۆر دڵیان ڕادەگرت وەک ئەندامێکی خێزانەکەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد. کەس نەیدەزانی خەڵکی کوێیە و بەسەرهاتی چییە، بۆ خۆی ڕووداوەکانی ژیانی پێش لەدەستدانی ئەقڵی لەبیرنەمابوو.
کە منداڵ بووم لە دیار حەلیمی دادەنیشتین سەیرمان دەکرد کە قسە لەگەڵ کەسانێک دەکرد کە ئێمە نەماندەدیت.
بەرانبەر بە پەنجەرە یا لە باخچە دادەنیشت قسەی لەگەڵ دەکردن هەندێک جار گفتوگۆکانیان دەگەیشتە ئاستی توڕەبوون و جنێودان و هەڕەشەکردن، هەندێک جاریش زۆر هێمنانە بوو، هەندێک جاریش بەدەنگی بەرز پێدەکەنی لەگەڵیان، دیاربوو قسەی خۆشیان بۆ دەکرد، سەیرەکە ئەوەبوو لێی نەدەترساین و بەڵکوو لێمان دەپرسی ئەوە چیت پێدەڵێن؟
ئەوانە کێن قسەیان لەگەڵ دەکەیت؟ هەندێک جار بۆی باسدەکردین کە کێن و باسی چی دەکەن هەندێک جار خۆی لێ توڕەدەکردین.
حەلیم بوخچەیەکی زۆر گەورەی هەبوو بە دوو زەلامان بەرز نەدەکرایەوە ئەوەندە گەورە و قوورس بوو، بەڵام حەلیم دەیتوانی لەسەر سەری خۆی دایبنێت و لەگەڵ خۆی ماڵەوماڵی پێبکات، کەس نەیدەوێرا سەیری بوخچەکەی بکات بزانیت چی تێدایە، نەیدەهێشت کەس لە بوخەچەکەی نزیک ببێتەوە، لەوانەیە دوای مردنی ئەوانەی لەلای بوونە کردبیانەوە دیتبیان چی تێدابووە.
دوو وشە هەبوو حەلیمی زۆر تووڕە دەکرد دەگەیشتە ئاستی ئەوەی لێتبدات، هەر بتوتبا ( حەلیمی یان معەلمی) یان ( ئەحمەد) ، بەم دوو وشەیە ئاگای لەخۆی نەدەما و بکەوتبایە بەردەستی لەوانەبوو بیکوشتبای.
ئێستا پێم سەیرە چۆن دایکم و خێزانەکانی تر توانیویانە حەلیم لەگەڵ منداڵەکانی خۆیان لەیەک ماڵ بهێلنەوە. حەلیم لە یەک ژوور لەگەڵ ئێمە دەخەوت، دڵێکی زۆر باشی هەبوو و منداڵی زۆرخۆشدەویست. جلوبەرگی خاوێن و ڕێکوپێک بوو، بەڕواڵەت کەس نەیدەزانی ئەقڵی لەدەستداوە تا قسەی نەکردبا ئەو کات دەتزانی کە تەواو نییە.
ڕۆژێکیان عەرەبانەی قوماشفرۆشێک بە پێش دەرگای ماڵمان دێت و دایکم بانگی حەلیم دەکات بۆ ئەوەی کراسێکی بەدڵی خۆی بۆ بکرێت، کە کابرای قوماشفرۆش حەلیم دەبێنیت دەڵێت ئەوە حەلیمە سۆری خۆرانە خەڵکی گوندەکەی ئێمەیە.
ئەو بۆ دایکم باسی بەسەرهاتی حەلیم دەکات.
دەڵێت: حەلیم جوانترین کچی گوندەکەمان بوو، براکەی حەلیم کەسێک دەکوژیت و سوڵح دەکەن حەلیم بە (بەدەل خوێن) دەدەنە برای کەسی کوژراو.
مێرد و ماڵە خەزوورانی زۆر خراپ دەبن لەگەڵی، دوو منداڵی دەبێت کچێک و کوڕێک، ڕۆژێکیان حەلیم خەریکی نانکردن دەبێت مێردەکەی دێتەوە بە تەورداس لەسەری حەلیم دەدات و سەری شەق دەکات، دەیبەن بۆ خەستەخانە و چارەسەری دەکەن بەڵام حەلیم بەهۆی ئەم ڕووداوە ئەقڵی لەدەست دەدات و شێت دەبێت ماوەیەک لە بەغدا لە خەستەخانە دەبێت دواتر کەسوکاری بەڕەلای دەکەن و خۆی لێ ناکەن بەساحێب، حەلیمیش کەسوکاری و منداڵەکانی لەبیرنەمابوو، تەنیا ئەو کەسانە و ڕووداوەکانی دوای لەدەستدانی ئەقڵی دەناسی و لەبیری بوون.
حەلیم تا مرد هەر لەم چەند ماڵە دەژیا، خۆشەویستی هەمووان بوو. [1]