ناونیشانی بابەت: پڕۆژەى تۆمارکردنى زانیارییەکانى خانووە کەلەپوورییەکانى کۆیە جێبەجێ دەکرێت
ئامادەکردنی بابەت: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوارى #کۆیە# ئاشکراى کرد، لەپێناو مانەوەى ڕەسەنایەتى و کەلەپوورى خانووەکان، پڕۆژەى کۆکردنەوەى زانیارى و بەدۆکیۆمێنتکردنى خانووى گەڕەکە کۆنەکانى شارى کۆیە جێبەجێ دەکەن.
#یەکێتی واحید#، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوارى کۆیە بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: لەناو شارى کۆیە چوار گەڕەکى کۆن و کەلەپوورى هەن، کە تەنیا چوار خانوویان هى حکوومەتە و ئەوانى دیکە هى هاووڵاتییانن، بۆیە هەم بەو هۆیەوە ناتوانین نۆژەنیان بکەینەوە، هەمیش لەم قۆناغەدا بودجەى پێویست بۆ ئەو بابەتە لەبەردەست نییە.
وتیشى: بۆ پاراستنى ڕەسانەیەتى و شێوە و دیزاینى ڕاستەقینەیان، پڕۆژەی تۆمارکردنى زانیارییەکانى تێکڕای ئەو خانووانە جێبەجێ دەکەین، کە ئێستا بڕیارى لەسەر دراوە و هەفتەی داهاتوو دەستی پێ دەکەین، کە خانوو بە خانوو و ژوور بە ژوور، شێوەى خانووەکە، دەرگا، پەنجەرە، دیوار، حەوشە، دیزایین و شێوە و پێکهاتە و ڕووبەرەکەى تۆمار دەکەین، بۆ ئەوەى لەداهاتوودا ئەگەر خانووەکە تێکیش بچێت، بتوانین لەسەر شێوەى خۆى بنیاتى بنێینەوە.
باسى لەوەش کرد: بەجێبەجێبوونى ئەو پڕۆژەیە، وێڕاى پاراستنى شوێنەوارەکانمان، دەتوانین لەداهاتوودا بیکەینە شوێنێکى گەشتیاریى شوێنەوارى و لە ڕووى شارستانى و شوێنەوارى و داهاتەوە سوودى لێ وەربگرین.[1]