$بەغدا لە بەردەم دووڕێیانی واشنتن - تاران$
#ئازاد وەڵەدبەگی#
#04-02-2020#
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەرفەت و دەروازەیەکی نوێ لەسەر ئێراقی گەمارۆدراوی دەیەی نەوەد کرایەوە و لەم نێوانەدا بێگومان دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان و بە تایبەت ئەمەریکا ڕۆڵی گەورە و سەرەکییان هەبووە لەپاڵپشتیکردنی ئێراق بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و درووستکردنەوەی ستراکچەری دەوڵەتی نوێی ئێراق. ئێرانیش، وەک دەوڵەتێکی دراوسێی ئێراق کە پەیوەندییەکی مێژوویی، کولتووری و ئایینیی دێرینی لەگەڵ ئێراقدا هەبووە، هەردەم هەوڵیداوە بە سڕینەوەی ئاسەواری پەیوەندییە نەرێنییەکانی ساڵانی پێشتر و بە تایبەت جەنگی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا گەرموگوڕتر و بەتینتر بکات، بە تایبەت کە پاش ساڵی 2003 ئیدی شیعەکان بوونە دەسەڵاتداری ئێراق و ئەمەش بۆ ئێرانییەکان دەرفەتێکی زێڕین بوو. لەو کاتەوە هەتا ئێستا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق، بەهۆی پێویستیی پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا، هەوڵیانداوە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئەو دوو جەمسەرە ناکۆکەدا ڕابگرن.
پاش توندتربوونەوەی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران لە یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا، ئەمەریکییەکان پابەندی و هاوکاریی دەوڵەتانی جیهانیان بۆ سەرخستنی ئەم زنجیرە سزایانە، کردە مەرجێک بۆ ڕەنگڕێژکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان. لەم نێوانەدا، هەڵوێستی ئێراق هەم لای ئەمەریکا و هەم لای ئێران، بووە پێوەر بۆ ئاستی نزیکایەتی و دۆستایەتیی ئێراق لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە. ئێراقییەکانیش بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، هەوڵیاندەدا دارەکە لە ناوەڕاستەوە بگرن و زۆر بە پارێزەوە لەگەڵ ئەم بابەتە هەڵسوکەوت بکەن. بەڵام لەم یەک مانگەی دوایی و بەهۆی پەرەسەندنە خێراکان لە ململانێی نێوان ئێران-ئەمەریکا و بە دیاریکراوی پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی و مووشەکبارانی بنکە ئەمەریکییەکان لەلایەن ئێران و دەرچوونی بڕیارێکی نامولزەمی پەڕڵەمانی ئێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان کە دەمی شمشێرەکە بە ئاشکرا ڕووی لە ئەمەریکا بوو، واشنتن وای دەبینێ کە ئەم بڕیارە بە هاندانی ئێران بووە و بەغدا لە قازانجی تاران ڕووی لەوان وەرگێڕاوە، هەربۆیە جۆرێک لە گرژی و بێمتمانەیی لە پەیوەندییەکانی بەغدا-واشنتن هاتەئاراوە. بابەتەکە تا ئەو ئاستە چووە پێش کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای کرد لەسەر ئێراق.
لەم کاتەدا کە سەرۆکوەزیرانی ئێراق دەستی لەکارکێشاوەتەوە، قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران-ئەمەریکا و بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان، دۆخی ئێراق بەرەو پشێویی زیاتر دەبات. لە یەک ساڵی ڕابردوودا عادل عەبدولمەهدی بە هەناسەیەکی تاڕادەیەک نیشتمانی توانیبووی جۆرێک هاوئاهەنگی و لێکنزیکبوونەوە لەنێوان کورد و سوننە و شیعەدا درووست بکات، بە جۆرێک کە حکومەتی هەرێم پاش چەندین ساڵ ململانێ و گرژی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و تەنانەت ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بەرەبەرە ڕووی لە بەغدا کرد و لە دواساتەکانی تەمەنی حکومەتی عەبدولمەهدی ڕێککەوتنێکیشی لەگەڵ ئەو حکومەتە واژۆ کرد. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە و تێکەڵنەبوونی کورد و سوننە بە شەپۆلی خۆپیشاندانەکانی شەقامی شیعی و دەرچوونی بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان (کە وا دیارە پێشتر لەم بارەیەوە ڕاوێژ بە کورد و سوننە نەکراوە) جارێکی تر کورد و سوننەی لە بەغدا دوورخستەوە، ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی سەرلەنوێی گەڕێکی نوێی بێمتمانەیی و گرژی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراق. پاش ڕووخانی بەعس، کورد و شیعە لێک نزیکبوونەوە و سوننە پەراوێز خرا، بەڵام پێدەچێ ئەم جارە مەودای نێوان کورد و سوننە کەمتر ببێتەوە، کە بە هەمان ئەندازەش مەودای نێوان شیعە لەگەڵ کورد و سوننەدا زیاتر دەبێت.
پەیوەندییەکانی ئێراق لەگەڵ ئەمەریکا لە ڕووی سیاسی، سەربازی، ئاساییشی و ئابوورییەوە بۆ ئەم وڵاتە زۆر گرنگ و چارەنووسسازە، هەرچەندە هەندێ لە سیاسییەکانی شیعە لەسەر شاشەی تیڤییەکان بە زمانێکی توند و دژەئەمەریکی قسە دەکەن، بەڵام وەک پۆمپیۆ وتی، ئەوان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی بە زمانێکی تر دەپەیڤن. ئەمەریکا لە ڕابردوودا ئێراقی لە سزاکانی سەر ئێران ڕیزپەڕ کردبوو، لەم بارەیەوە چاوپۆشی لە مامەڵە بازرگانییەکانی ئێراق لەگەڵ ئێران کردووە لە کەرتی نەوت و گازدا، کە ئەمە سوودێکی زۆری بۆ ئێرانیش هەبووە بۆ سووڕانەوە لە سزاکان. بەڵام لە مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەم لێبوردنە کۆتایی دێت و هەتا ئێستا ڕوون نییە، ئایا ئەمەریکا پاش ئەم هەڵوێستە نوێیانەی ئێراق، جارێکی تر بەغدا دەخاتەوە بەر لێبوردن یان نا و ئایا بەغدا دەتوانێ جارێکی تر قەناعەت بە ئەمەریکا بهێنێ بۆ ئەم مەبەستە؟
پەرەسەندنی گوشاری لایەنە شیعییەکانی پرۆئێرانی بۆ وەدەرنانی هێزە ئەمەریکییەکان گرژیی نێوان بەغدا-واشنتن زیاتر دەکات و، ئەو کەلێنەی کە ئێستا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا درووستبووە، قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات ئێراق هەنگاوبەهەنگاو لە جەمسەری ئێران و ڕووسیا و چین نزیکتر ببێتەوە کە بێگومان ئەمەش کاردانەوەی واشنتنی بەدواوە دەبێت. مانەوەی هێزە ئەمەریکییەکان لە ئێراق لە دۆخی ئێستادا بەشێکە لە ستراتیژی درێژخایەنی ئەمەریکا لە ناوچەکە، کە ئەم بابەتەش لە ڕاپۆرتێکی ڕایان کرۆکەر باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە ئێراق لە ساڵی 2017 ڕەنگیداوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی کرۆکەر، کشانەوەی سیاسی و سەربازیی ئەمەریکا لە ئێراق دەبێتە هۆی خۆڕێکخستنەوەی داعش، کە ئەمەش دەتوانێ هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بکات لە ئێراق و هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروا ئەم کشانەوەیە دەبێتە هۆی پەلکێشانی ئێران بۆ باشووری ئێراق و بەغدا. هەربۆیە مانەوەی هێزە ئەمەریکییەکان لە ئێراق، بەشێکە لە ستراتیژی درێژخایەنی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەستەمە ئەمەریکا ئامادە بێت لە دۆخێکی لەم جۆرەدا هێزەکانی لە ئێراق بکشێنێتەوە.
بە سەرنجدان لەم دۆخەی ئێستا، بەغدا لە بەردەم دووڕێیانی واشنتن- تاراندا گیری خواردووە، لەلایەکەوە هەندێ لایەنی شیعە لە ئێراق دەیانەوێت لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوبەندیی خۆیان لەگەڵ تاران بپارێزن و هێزە ئەمەریکییەکان لە ئێراق دەربکەن وەک تۆڵەکردنەوەیەک و وەک بنبڕکردنی هەژموونی ئەمەریکا لە ناوچەکە. بەڵام لەلایەکی تریشەوە، کورد و سوننە و هەندێ لایەن و کەسایەتی شیعەش ئەم بۆچوونە ڕەتدەکەنەوە و نایانەوێت ئێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئێران و ئەمەریکا و لەوباوەڕەدان نەک هەر مانەوەی ئەمەریکا لە ئێراق پێویستە، بەڵکوو هەر جۆرە کەلێنێک لە پەیوەندییەکانی بەغدا- واشنتن زیانی زۆر گەورەی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و سەربازی بۆ ئێراق بەدواوە دەبێت، کە بەغدا بە هیچ کلۆجێک بەرگەی ئەم دۆخە ناگرێت. [1]