ڕێکخراوی سرووشتی کوردستان لە چوارچێوەی ئامانجی کارکردنیدا و پاڵپشت بەپەیڕەو و پرۆگرامى ناوخۆیى، وەک یەکێک لە پڕۆژە خۆبەخشییە، قازانج نەویستەکانى، بڕیاریدا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەی (پەڕتووکى سەوز) ، وەک یەکەم پڕۆژەى پەڕتووکخانەى دیجیتاڵى ژینگەیى، لەسەر ئاستى #کوردستان# و #ئێراق# و یەکەم پەڕتووکخانەى دیجیتاڵى ژینگەیى کوردى لەسەر ئاستى جیهان.
پڕۆژەى: کتێبی سەوز.. درەختى سەوز
Green Book: دوو دەستەواژاى ئینگلیزییە، (Green) بەماناى سەوز و (Book) یش بەماناى پەڕتووک دێت، سلۆگینەکەشى بریتییەلە (Green tree) کەبەماناى درەختى سەوز دێت.
پێناسەى پەڕتووکى سەوز: پەڕتووکخانەیەکی دیجیتاڵى ژینگەیی، قازانج نەویستە، بەشێوەى فایلىPDF بابەتەکان بڵاودەکاتەوە، لەپێناو پاراستنى درەختەکان لە بڕینەوە و دەستپێگەیشتنى خێراى خوێنەران و توێژەران، وە بەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیریى ژینگەیى تاک و کۆمەڵگە.
ناساندنى زیاتر: پڕۆژەکە سەرچاوە ژینگەییەکانى وەک (پەڕتووک، توێژینەوە، گۆڤار، سیمینار، ڕاپۆرت) لەخۆدەگرێت، سەرجەمیان بە زمانى شیرینى کوردى بڵاودەکرێنەوە، بۆئەوەی خوێنەران و توێژەران و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، بەئاسانی دەستیان بگات بەسەر چاوە ژینگەییەکان و سوودی لێببینن. چونە ژوورەوەی پەڕتووکخانەکە و داواکردنی پەڕتووک، بێ بەرانبەرە، هەرکەسێک ئارەزومەندبێ دەتوانێت لێى سوودمەندبێت.
ئەم پڕۆژەیە وەکوو بیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (2014) ە، هەروەها کۆکردنەوەى سەرچاوە ژینگەییەکانیش ماوەى زیاتر لە (3) ساڵە کارى بۆ دەکرێت و دەیان و سەدان سەرچاوەى ژینگەیى بەپێز کۆکراونەتەوە، بەشێک لەو سەرچاوانە لە ماڵپەڕە نێوخۆى و جیهانییەکانەوە وەرگیراون، بەشێکى تریشى لەلایەن نووسەران و توێژەران و ڕێکخراوە ژینگەییەکانەوە بۆ پڕۆژەکە نێردراوە و مافى بڵاوکردنەوەى بەڕێکخراو دراوە. بەشێکى تریشیان لەچوارچێوەى پڕۆژەکانى ڕێکخراوى سرووشتى کوردستان و ئەندامەکانى کۆکراونەتەوە.
$پڕۆژەى کتێبی سەوز بۆچی؟$
پیشەسازیى کاغەز لە جیهاندا، بووە بەهۆى مەرگى درەختەکان، ساڵانە بۆ ئەم پیشەسازییە، (15) ملیار درەخت دەبڕدرێتەوە، ئەمەش بەهۆى بوونى خواست لەسەر کاغەز، ئەم پڕۆژەیە وادەکات خواست لەسەر بەکارهێنانى کاغەز بۆ لەچاپدانى پەڕتووک و بڵاوکراوەکان کەمبکاتەوە، ئەم هەنگاوە بەشێکى درەختەکانیش بێت دەیپارێت.
دەستخستنى سەرچاوە ژینگەییەکان بەشێوەى دیجیتاڵى بۆ ئارەزومەندانى ئەم بوارە کەمن، وەتەنانەت هەندێکجار ئاستەمن، ئەمەش ئاستەنگییەکی زۆری بۆ ئارەزومەندان و دۆستانى ژینگە درووستکردووه، لەوەی بتوانن بەئاسانی دەستیان بگات بە سەرچاوە ژینگەییەکان، ئەم پڕۆژە وەک یەکەم پڕۆژەى پەڕتووکخانەى دیجیتاڵى ژینگەیى وا دەکات دەیان و بگرە سەدان سەرچاوە بەردەست بن. وە تەنانەت ببێت بە پڕۆژەیەکى دەستپێشخەریش بۆ ڕێکخراو و ناوەندە ژینگەییەکانى تر بۆ ئەوەى بتوانن پڕۆژەى هاوشێوە و نزیک لە بیرۆکەى ئەم پڕۆژەیە دوبارە بکەنەوە.
بەچاپ گەیاندنى پەڕتووک جگەلەوەى زیان بەژینگە دەگەیەنێت و بۆشاییەکیش داگیر دەکات، وە لەڕووى ئابووریشەوە قورسایى لەسەر شانى نووسەر و ناوەندەکان درووست دەکات و زۆر کات پێویستى بە پاڵپشتى دەبێت، کە هەندێکجار بەهۆى نەبوونى پاڵپشتى چاپیشەوە ناتوانرێت بەچاپ بگەیەنرێت یان بۆ چەندین ساڵ لەچاپدانى دوا دەکەوێت، کەئەمەش زیان بەسەر چاوەى زانست و زانیارى ژینگەیى کۆمەڵگە دەگەیەنێت. بەڵام ئەم پڕۆژەیە دەبێت بەڕێگایەکى کورت و خێرا و قازانج گەیەنەر بە ژینگە و کۆمەڵگە.
$ئامانجەکانی پڕۆژەى کتێبی سەوز:$
1.کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی پیشەسازیى کاغەزەوە لەسەر ژینگە درووست دەبێت.
2.کۆکردنەوەى سەرچاوە ژینگەییەکان و پاراستنیان لە مەترسی فەوتان و لەناوچون.
3.گرنگیدان بەلایەنی زانستی و ئەکادیمیایی ژینگەیی.
4.هاوکاریکردنی قوتابییان، توێژەران، ئەکادیمیستەکان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان، لە بەردەست خستنی سەرچاوە ژینگەییەکان بەشێوەیەکی ئاسان.
5.هاندانى نووسەران و توێژەران بۆ بڵاوکردنەوەى پەڕتووک و توێژینەوەکانیان بەشێوەى دیجیتاڵى.
6.زیادکردنی پەڕتووکخانەیەکی ژینگەیی ئەلیکترۆنی کوردی، لەپاڵ پەڕتووکخانەی گشتی ئەلیکترۆنی بوارەکانى تر.
$سوودەکانى پڕۆژەى کتێبی سەوز:$
1.پاراستنى ژینگە و بەشێک لەو درەختانەى بەهۆى پیشەسازى پەڕتووکەوە دەبڕدرێنەوە.
2.خوێنەر لەهەر کات و شوینێک، دەتوانێ سەرچاوە ژینگەییەکانی دەست بکەوێت.
3.گەڕان و بەدواداچون بۆ پەڕتووک و سەرچاوەکان زۆر ئاسان دەکات.
4.هەر سەرچاوەیەک دەتوانرێت لەیەک کاتدا، لەلایەن چەندین کەسى جیاجیا سوودى لێ ببینرێت.
5.هەموو چین و توێژێک دەتوانیت سوودى لێ ببینێ، نەک تەنیا چینێکی دیاریکراو.
6.بەکارهێنەر دەتوانێت وەرگێڕانی خێرا بۆ دەقەکانی سەرچاوەیەک بکات، ئەگەر بە زمانێکی بیانی بوو یان بە بەپێچەوانەوە.
7.سوودى ئابورى بەخوێنەر دەگەیەنێت، چونکە خەرجی کەمە یان هەر نییەتى.
8.قەبارەى نییە و هیچ شوێنێک داگیرناکات.
9.کردارێکی سەردەمیانەیە و هاودەمە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا.
بیرۆکە و جێبەجێکردنى: ڕێکخراوى سرووشتى کوردستان
ماوەى قۆناغى یەکەمى پڕۆژە: 10مانگ
دەستێپکردن و کۆتایی هاتنى قۆناغى یەکەمى پڕۆژە: 1/3/2022 بۆ 31/12/2022
$کارگێڕیى پڕۆژەکە:$
لە بەڕێوەبەرێک و یاریدەدەرێک پێکدێت، کە هەردووکیان ئەندامى ڕێکخراوى سرووشتى کوردستان دەبن و ئەرکى بەڕێوەبردنى پڕۆژەکە دەگرنە ئەستۆ و بەرپرسیار دەبن لەلایەنى کارگێڕى پڕۆژەکە.
$ئەرکەکانیان بریتى دەبێت لە:$
جێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى ئێستاى پڕۆژەکە.
گەڕان و کۆکردنەوە و وەرگرتنى سەرچاوە ژینگەییەکانى وەک (پەڕتووک، توێژینەوە، گۆڤار، سیمینار، ڕاپۆرت) .
بڵاوکردنەوەى سەرچاوە ژینگەییەکان، بەپێى پلانى کارگێڕیى پڕۆژەکە و تۆمارکردنیان.
تۆمارکردنی کۆکراوە و وەرگیراو و بڵاوکراوەکان لە تۆمارى پڕۆژەدا.
وەڵامدانەوە و بەدەمەوەچونى داواکاری یان ڕەخنە و پێشنیارى بەشداربووانی پڕۆژەکە.
$قۆناغى یەکەمى ئێستاى پڕۆژەکە$
ڕێگا و شێوازەکانى بەگەڕخستنى کتێبی سەوز:
1.دامەزراندنى کەناڵێک لە تێلیگرام بەناوى کەناڵى (Green Book) .
2.دانانى پەڕتووک و سەرچاوە ژینگەییەکان بەشێوەى فایلىPDF ، هاوکات بەشێوەى لینکیش دادەنرێت، لەڕێگەى تۆمارکردنى لە ئەپەکانى گۆگڵ درایڤ یان مێگا.
3.سەرجەم پەڕتووک و سەرچاوە ژینگەییەکان، لەم قۆناغەدا بە زمانى شیرینى کوردى بڵاو دەکرێنەوە.
$قۆناغی دووەمى داهاتوى پڕۆژەکە$
1.دیزاین کردن و بەگەڕخستنى وێبسایتێک.
2.زیادکردن و بڵاوکردنەوەى سەرچاوە ژینگەییەکانى (پەڕتووک، توێژینەوە، گۆڤار، سیمینار، ڕاپۆرت) بۆ پڕۆژەکە، لە زمانەکانى ترەوە وەک (عەرەبى، ئینگلیزى، فارسى) هیتر...
3.جگە لە دانان و بڵاوکردنەوەى سەرچاوەکانى خاڵى دووەم، بەشێکى وێبسایتەکە تەرخان دەکرێت بۆ دانان و بڵاوکردنەوەى سەرچاوە ژینگەییەکانى وەک: وتارى ژینگەیى.
4.چەن کار و هەنگاوێکى تریش، بەڵام لەبەر پاراستنى بیرۆکەکان، لێرەدا ئاماژەى پێ نادرێت. [1]