$بۆچی تاڵیبان دژی خوێندنی ژنانە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
محەمەد عابید ئەلجابیری (1935-2010) بیرمەندێکی گەورەی دونیای ئیسلامە، لە پەڕتووکی بنیة العقل العربی_نقد العقل العربیدا ڕستەیەکی سەرنجڕاکێش دەنووسێت و دەڵێت: لەدوای سووتاندی پەڕتووکخانەکەی ئیبن خەلدوونەوە عەقڵی عەرەبی ئیدی بیری نەکردۆتەوە، ژیان لە جوگرافیای عەرەبی و ئیسلامیدا ژیانێکی ناعەقڵانی بووە. ئەم ڕستەیەی ئەلجابیری کتومت وەسفی ئەو دۆخەمان بۆ دەکات کە ئەمڕۆ دونیای ئیسلامی تێکەوتووە.هەرچەندەمن باوەڕم بە بەکارهێنانی وشەی دونیای ئیسلام نییە، ئەوەی هەیە جوگرافیایەکە کە موسوڵمانان لێی دەژیین و لە هەندێکیدا زۆرینەن.
ئەم ڕۆژانە هەواڵەکان بە چڕی باس لە هەوڵانەی بزووتنەوەی چەکدارانی تاڵیبان دەکەن کە ناهێڵن لە ئەمارەتەکەیاندا ژنان بخوێنن، بەگشتی هەواڵەکە وەک یەک ویژدان زیندووەکان بە موسوڵمان و ناموسوڵمان دڵگران دەکات. کە بەدوای ئەم پرسەدا ڕۆیشتم، قسەکەی ئەلجابیریم بیرکەوتەوە و تەماشای ئامارەکانی دونیای موسوڵمانانم کرد، بۆم دەرکەوت دۆخی موسوڵمانانی جیهان، سیستمی بەڕێوەبردنەکانیان، ئابوورییە بەرخۆرەکەیان، پترۆدۆلارەکەیان، جوگرافیا و و دۆخەسیاسییەکەیان زۆر لەوەی ئەمارەتەکەی تاڵیبان باشتر نییە. دەقیق هەمان ئەوەی تاڵیبانە بەکەمێک ماکیاژ و ئیسراف و تاوەری بەرزە و کەمێک باڕ و دیسکۆ و شەوی سوورەوە. ئەو زیهنیەتەی ئێستانبوڵ و دوبەی و ڕیاز و قاهیرە و ئیسلامابادی خاوەن چەکی ناوەکی بەڕێوەدەبات هەمان ئەو زیهنیەتەیە کە کابوڵ بەڕێوە دەبات، بەڵام بەکەمێ ماکیاژ و لەگژرییەوە، بە فێراری و بوگاتیییەوە، بە کارتەر و ڕیچارد میڵ و لوی ڤیتۆ و پاتەک فیلیپی دەسەڵاتداری موسریفەوە. بەداخەوە ئەفغانستانی ئەمڕۆ هاوێنەیەکە بۆ ڕوانین لە کۆی ژیان و ژیاری جوگرافیای موسوڵمانان.
تەماشا ئەمڕۆ موسوڵمانان بە ژمارە 1.8 میلیارد کەسن، واتە زیاتر لە 24%ی ڕێژەی دانیشتووانی سەر هەسارەکەن، بەڵام لە غەریبترین و لاوازترین و زەبوونترین کۆمەڵگاکانی جیهانن. ئەو وڵاتانەی کە زۆرینە موسوڵمانن، یان لەسەر دونیای ئیسلام هەژمار دەکرێن ژمارەیان 57 وڵاتە، ساڵانەی تاکیی هەموو ئەم وڵاتانە GDP دوو ترلیۆن دۆلار تێناپەڕێنێت، ئەمە لەکاتێکدایە پیشەسازی و هەنارەدەی ئامریکا تەنیا لە یەک ساڵدا و لە ساڵی2018 دا 12 ترلیۆن دۆلار و ساڵانەی هەناردەی چین لە تەنیا یەک ساڵدا 6 ترلیۆن دۆلار و هی ژاپۆن 3.5 و و لە ئاڵمانیاش 2.1 ترلیۆن دۆلاریان تێپەڕاندووە.
هەرسێ وڵاتی پڕ لەنەوتی وەک سعودیە و ئیمارات و کوەیت کە داهاتی سەرەکییان لەڕێگای نەوت فرۆشتنەوە دەستدەکەوێت بەهەرسێکیانەوە لە ساڵی 2013 دا 430 میلیارد دۆلاریان لە داهاتی نەوت دەستکەوتووە، وڵاتێکی نانەوتی وەک تایلەند تەنیا لەو ساڵەدا 429 میلیارد دۆلاری لە ڕێگاکانی دیکەوە دەستکەوتووە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی کە ساڵی 2021 ماڵپەری The spectator index بڵاوی کردوونەتەوە کۆی سامان و سەرمایەی هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، ئەمازۆن، فەیسبووک، تویتەر، گووکڵ، ئالفابێت و سناپچاتی ئەمریکیی چوار ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، پاندێمیکی کۆرۆنا کارێکی کرد ئەو کۆمپانیانە یەک ترلیۆن دۆلاری دیکە تەنیا قازانج کەڵەکە بکەن. ئەم کۆمپانیایانە کۆمپانیای ئێلیکترۆنین و سەرچاوەی داهاتیان تەنیا ژیری و بیرکردنەوەی کەسانی یەکەمی کۆمپانیاکان و ڕاوێژکارەکانیانە. گەر ئەو پارەیە بکەیت بە نەوت و بەرمیلێک نەوتیش بە تێکڕای 70 دۆلار بخەمڵێنیت ئەوا 60، 000، 000، 000 شەست میلیارد بەرمیل نەوت دەکات!
بەشێوەیەکی گشتی موسوڵمانان 24% زیاتری دانیشتووانی سەرزەوی پێکدەهێنن، بەڵام سەرباری ئەو هەموو نەوت و جەوتەی لە وڵاتەکانیاندا هەیە کەمتر لە 5%ی داهاتی سەرزەوی لەلایەن ئەمانەوە وەدەست دەهێندرێت.
بە گوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەمتر لەنیوەی ژنانی عەرەبزمان توانای نووسین و خوێندنەوەیان هەیە، تەنیا 2%ی ئەمانە لاپتۆپی شەخسی خۆیان هەیە، ژمارەی زانکۆکانی ئەم 57 وڵاتە کەمترە لە ژمارەی زانکۆکانی وڵاتێکی وەک هیندستان کە تەنیا لە ساڵی 2013 دا 8407 زانکۆ بوون و لە ئامریکا 5758 زانکۆ بووە. تەنیا دوو موسوڵمان لەم جوگرافیا بەرینەدا بوونەتە خاوەنی نۆبڵ بۆ زانستەکانی کیمیا و فیزیا، ئەوانیش دانیشتووی ئیتاڵیا و بەڕیتانیا بوون.
بەگوێرەی ئامارێکی ساڵی 2015 نزیکەی 750ملیۆن موسوڵمانی نەخوێندەوار هەیە، واتە لەهەر 10 موسوڵمان بەنزیکەیی نیوەیان نەخوێندەوارن.
موسوڵمانان ئەمڕۆ بەم شپرزەیی و لەشیرازە دەرچوون و بیرنەکردنەوە و دەستبەتاڵییەوە ئیدیعای گەورەشیان هەیە، گوایە مرۆڤایەتی ڕزگار دەکەن. دەشێت دەیان دەستی دەرەکی و بیانی هەبن لە گەیاندنی موسوڵمانان بەم دەیجور و تاریکەسەڵاتەی شارستانێتیدا، بەڵام ئەمە هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە نێزەی ڕەخنەکە ڕووی لە خۆ و لە ژیری و جوڵەکانی خۆیان نەبێت، گەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەخۆ و لە مێژووی خۆ و دەرهێنانی ئەو مێژووە لە وەهمی موقەدەس بوون نەبێتە یەکەمین سەرەتای جوڵە، هەستانەوەی هێندەی مەحاڵ نەکردە دەبێت و بۆ ئەبەد ئەم جارە لە بێسوودی و بێهوودەییدا خۆبەخۆ دەپوکێینەوە تا بچوکترین ئاسارمان نامێنێت.
تا ژیری ماڵی نەکەینەوە عەقڵانییەت بزەمان بۆ ناکات. [1]