$نان و خورافە یان ئازادی؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
نییە دەخڵم لە شانامە و مەصافی، غەیری ئەم نوکتە:
کە کوشتەی بەندی تۆیە هەرکەسێ ئازاد و ئازا بێ
لە ئینجیلی مەتتادا گێڕانەوەی چەند ئایەتێکی سەرنج ڕاکیش هەیە کە لەنێوان شەیتان و مەسیحدا ڕوودەدات. پاش ئەوەی عیسا چل ڕۆژ چلە دەکێشێت بۆ پاککردنەوەی ڕۆح و دەروونی، لە چل هەمین ڕۆژدا شەیتانی لێ دەردەکەوێت و دەیەوێت تووشی ڕاڕایی و دوودڵی بکات. شەیتان سێ پێشنیار بۆ عیسا دەکات:
یەکەم پێی دەڵێت گەر تۆ پێغەمبەر خودای ئەو بەردانەم بۆ بکە بەنان! عیسی لەوەڵامدا پێی دەڵێت نا! خەڵک دەشێ بەنان زیندوو بن بەڵام تەنیا بە نان ناژین.
دووەم شەیتان لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ بەرزایی و سەربانی پەرەستگاکە و پێی دەڵێت خۆت لەم بانەوە بخەرە خوارەوە، گەر خوایەک هەبێت ئەوا فریشتەکانی خۆیت بۆ دەنێرێت تا نەهێڵن بکەویتە سەرزەوی و بمریت. عیسا پێی دەڵێت کەس مۆڵەتی ئەوەی نییە خودا تاقیبکاتەوە ئەوە خودایە ئێمە تاقیدەکاتەوە.
سێیەم شەیتان پێی دەڵێت گەر تۆ تەنیا یەک سوژدە بۆ من ببەیت ئەوا هەموو سەڵتەنەتی دونیات لەسەر تاپۆ دەکەم، عیسا پێی دەڵێت هەرگیز! من بۆ جگە لە خودا سوژدە بۆ کەسی دیکە نابەم.
چاپتەرێکی زۆر گرنگ لە پەڕتووکی برایانی کارامازۆڤدا هەیە کە من پێم وایە دۆستۆیەڤسکی هەموو پەڕتووکەکەی بۆنووسینی ئەم بەشە نووسیوە. نوقتەیەکی زۆر گرنگ لەمەسەلەی دین و سایکۆلۆژیای پشت ئاڕاستەکردنی دین نیشان دەدات. خودی دۆستۆیەڤسکی کەسێکی ئیمانداربوو. حیکایەتێک باس دەکات کە لە شاری سیڤیلییەی ئیسپانیا لەسەدەی شازدەدا ڕوو دەدات و حیکایەتەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
سەدەی شازدەیە، شار سیڤیلییەی ئیسپانیایە، عیسا دووبارە گەڕایەوە بۆ زەوی، بەڵام ئەم گەڕانەوەیە ئەو گەڕانەوەیە نەبوو کە خوی وادەی دابوو لە کۆتایی دونیادا دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەی ئەم جارە گەڕانەوەیەکی تەواو جیاواز بوو، گەڕانەوە بوو وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەموو نزاو پاڕانەوانەی کە خەڵک دەیانکرد بۆ هاتنەوەی دووبارەی مەسیح. مەسیح دەگەڕێتەوە سیڤیلییە بەڵام خۆی ئاشکرا ناکات و ناڵێت من مەسیحم، هاوارناکات خەڵکینە وەرن شوێنم کەون گەڕاومەتەوە. خەڵکی سیڤیلیەش بەهیچ شێوەیەک ناوێک یا ناونیشانێک لەو نابەن. بەڵام لە هەڵسوکەوت و کردەوەکانییەوە، لە ڕوخسار و قسەکردنەکانییەوە، لە چارەسەرکردنی نەخۆشی و گرفتارییەکانی خەڵکەوە دیارە کە ئەمە خۆیەتی، بەڵێ خودی مەسیحە.
وایدلێدێت خەڵک لێی کۆدەبنەوە، بۆ تەبەڕوک دەستی لێدەدەن، تەماشای دەکەن و عبادەتی دەکەن، خێزانێک کە منداڵە حەوت ساڵانەکەیان تازە مردووە بەخۆیان و تابووتی منداڵەکەیانەوە دێن سوژدەی بۆ دەبەن، بەبێ ئەوەی ناوێکی لە مەسیح یا عیسا ببەن پێی دەڵێن گەر تۆ خودی ئەوت ئەم منداڵەمان بۆ زیندوو بکەرەوە، ئەویش لەنێو ئەو ئاپۆڕا زۆرەدا زیندووی دەکاتەوە.
قەشەی گەورەی شار کە ڕەشمەی تەواوی کاروباری دینی و ڕۆحانی خەڵکی بەدەستەوەیە تەنیا ڕۆژێ پێشتر سەد کەسی بەتۆمەتی ئیلحاد و بێدینی بێبکاکانە لە مەحرەقەکانی شاردا بەزیندوویی سووتاندووە بەوێدا تێدەپەڕێت. چاوی بەم ئاپۆڕایە دەکەوێت کە لەدەوری مرۆڤێکی تەواو جیاواز کۆبوونەتەوە، نەخۆشەکانیان تیمار دەکات، مردووەکانیان زیندوو دەکاتەوە ..هتد. بە زیرەکی و فیراسەتی خۆی خێرا ئەوە دەرک دەکات کە بەڵێ ئەمە خۆیەتی ، عیسایە و هاتۆتەوە. فەرمان بە پۆلیسەکانی شار دەکات خێرا دەستگیری بکەن. زەبر و زۆری قەشە بە جۆرێکە کەس جورئەتی ئەوە ناکات پێش بە سەربازانی بگرێت تا مەسیح دەستگیر نەکەن. سەربازەکان مەسیح دەبەنە زیندان. نیوە شەو قەشەی گەورەی شار بەخۆی و فانۆسەکەیەوە کوێرەکوێر ملی زیندان دەگرێتە بەر. دەچێتە ئەو ژوورە ڕەش و تاریکەی کە عیسای لێ بە زنجیر بەستراوەتەوە. دەستدەکات بە پرسیارکردن لە عیسا و هەر خۆشی وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. عیسا هیچ وشەیەک لە زاری نایەتە دەرێ. قەشە ئایەتەکانی نێوان شەیتان و عیسای نێو ئینجیلی مەتتا بەبیر عیسا دێنێتەوە و دەڵێت:
تەماشا کە جەنابی مەسیح تۆ هەڵەت کرد کە سەروەختی خۆی بەگوێی پێشنیار و قسەکانی ئیبلیسی حەکیمت نەکرد. بەڵام بزانە ئێمە چەندین سەدەیە بەگوێمان کردووە و لەسەر ڕێگاکەی ئەو دەڕۆین نەوەک ڕێگا و قسەکانی تۆ. تەماشا جەنابی مەسیح ئێمە ئەمڕۆ لەبری بەرد نان بەخەڵک دەدەین، هەر بەو نانەش دەیانگرین، کۆنترۆڵیان دەکەین و چۆنمان بوێت ئیمانیان پێ دەهێنین. ئەو خودایەی کە تۆ وتت نابێ ئێمە تاقی بکەینەوە نەیتوانی نەهێڵێت تۆ لەخاچ بدرێیت، بێدەنگ قڕوقپ تەماشای کردیت تا خوێنیان ڕژاندیت، ئێمە ئیدی کارێکمان بەو خودایەش نەماوە. بەخەڵک دەڵێین دوعا بکەن خودا وەڵامتان دەداتەوە، بەڵام خۆمان باوەڕمان بەوجۆرە وەڵامدانەوەیەی نییە بۆ دوعاکان.ئەو موڵک و سەڵتەنەتەی کە شەیتان دای بە تۆ و تۆ ڕەتت کردەوە ئێمە ئەمڕۆ مەرجەکەیمان قەبوڵکردووە و لەژێر دەستماندایە.
قەشەکە یەخەی مەسیح ڕادەکێشێت و درێژە بەقسەکانی دەدات:
ئەی کوڕی خوا پێم بڵێ تۆ بۆچی هاتیتەوە؟ جوان تەماشای چاوەکانم کە، تۆ مافی ئەوەت نییە تەنانەت یەک وشەش لەوەی گوتوتە لەڕابردوودا زیاتر بڵێیت. ئەوەی دەبوو بیڵێیت بەبێ نوقسانی گوتت، لەوە زیاترت نەبوو بۆ وتن، دواتر ڕۆیشتی و بەجێتهێشت بۆ ئێمە تا کارەکە تەواو بکەین. لە ئێستادا تۆ شوێنێکت لەنێو ئێمە و دونیاکەی ئێمە و ڕۆژەکەی ئێمەدا نییە. هەستە بنەو بارگەت بپێچەرەوە و بڕۆ.
لە ئینجیلی جۆندا ڕستەیەک هەیە دەڵێت: ئەوە تەنیا حەقیقەتە ئێوە ڕزگار دەکات. Then you will know the truth، and the truth will set you free
قەشەکە ئەم ڕستەیە بە بیر عیسا دێنێتەوە: گەورەم مەسیح تۆ نەتپێکا و نەتزانی، خەڵک نە حەقیقەتی دەوێ نە ئازادی. جەنابی مەسیح ئەوەی خەڵک دەیەوێت نانە نان نەک ئازاد. تۆ دەرکی ئەوەت نەکرد خەڵک ئازادی بە پاروویەک نان دەگۆڕنەوە، ئێمە دەرکمان پێکرد. ئەمان هەموو ئیختیار و ئازادی خۆیان داوەتە دەست ئێمە، چونکە نایانەوێت بەرپرسیارێتی ئازادی لە ئەستۆ بگرن. ئەوان دەزانن ئازادی بەرپرسیارێتیشی هەیە، خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە دەدزنەوە و ئازادییەکەیان داوەتە دەست ئێمە. ئەوان دەڵێن ئێوە لە جیاتی ئێمە بیربکەنەوە، قسەبکەن و بڕیار بدەن بە مەرجێک مشنێک خورافە و پاروویەک نانمان پێ بدەن. گەورەم عیسا تەماشاکە من دەتوانم فەتوای ئەوە بدەم تۆش وەک بێدینێک لەگەڵ بێدینەکانی سبەینێ لە مەحرەقەدا بسوتێنم، ئەوسا دەبینیت ئەو خەڵکەی کە ئەمڕۆ لێت کۆبوبوونەوە بچوکترین فزەیان لێوە نایا، کەس لەسەرت بە جواب نایەت. چیرۆکەکە بەم شێوەیە کۆتایی دێت قەشەکە عیسا بەجێدێڵێت و دەرگاکە بە کراوەیی بەجێدێڵێت تا گەر عیسا ویستی ئەوەی هەبوو ڕابکات و خۆی لەم دەزگا سەرکوتکارە دینییە ڕزگار بکات ئەوا ڕابکات و هەڵێت.
ئەم داستانەی فیدیۆر دۆستۆیەڤسکی پڕێتی لە نهێنی و قسەی نەگوتراو. دەشێت سەدان لاپەڕە و دەیان پەڕتووکی لەسەر بنووسین و هێشتا هەر هیچمان نەگوتبێت. بەڵام گرنگترین ڕووداوی ئەم باسە کە بشێت ئەمڕۆ ئێمە ئیستی لەسەر بکەین ئەوەیە کە ئێمە درۆ دەکەین لەوەی داوای ئازادی دەکەین. خەڵک ئازادی ناوێت و نانی دەوێت. خەڵک لەجیاتی ئازادی نان و خورافەی دەوێت، موعجیزە و حەپەسانی دەوێت، فەرمانبەرداری و کۆیلایەتی خۆبەخشانەی دەوێت. زۆرینەی خەڵک بەشوێن زیندوو مانەوەوەیە نەک بەشوێن ژیانەوە بێت. چاوی لە هەبوونەکانە نەک بوونەکان. دەیەوێت هەبوو دەرکەوێت نەک ببێت To have not to be.
هەبوونەکان to have هەمیشە لەدەرەوە دێن، خەڵک دەماندەنێ، بارن لەسەر شان، لەکاتێکدا ئازادی و ئیمان لەجنسی
بوونەکانە to be، لەناوەوە هەڵدەقوڵێن، بار نین و یارن.
کە بەدیعوزەمان سەعیدی نوورسی دەیگوت بەبێ نان دەژیم بەبێ ئازادی نا دەقیق ئەم باسی بوونە و هەبوونەی دەکرد بەڵام کەس لێی تێنەدەگەیشت. دینەکان لەڕاستیدا هەموویان بۆ زیادکردنی ئەم بوونانە دێن نەک زیادکردنی هەبوونەکان. بەڵام ئەوەندەی پێناچێت لە کەرەستەی بوونەوە دەکرێنەوە کەرەستەی هەبوون مەگەر ئایەتەکانی اکثرهم لایٷمنون، اکثرهم لایعقلون، اکثرهم یجهلون، الکثر الناس للحق کارهون، اکثر الناس لا یفقهون جگە لەبەیانی ئەم باسە شتێکی تر باسدەکەن؟ زۆرینە هەمیشە داوای ئازادی دەکات بەڵام مەرج نییە بیهەوێت، چونکە ئامادەی بەرپرسیارێتی هەڵگرتن نییە. هەر ئەمەیە وا دەکات هیتلەر و سەددام و مۆسۆلینی و ستالینەکان درووست ببن.
کاتێک کاری دین لە تەرکیز کردن لەسەر بوونەوە دەگوازێتەوە بۆ تەرکیز کردن بۆ هەبوون ئیدی خۆبەخۆ دەبێتە دووکان و دوکانداریی وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین. خودا لە قورئاندا دەڵێت:ئەی ئیمانداران وەڵامگۆی خوداو پێغەمبەر بن کە بانگتان دەکەن بۆ ئەوەی زیندوو ببنەوە -ياأيها الذين آمنوا استجيبوا لله وللرسول إذا دعاکم لما يحييکم دەقیق دەیەوێت بڵێت ئازادی مەگۆڕنەوە بەنان، ژیان مەگۆڕنەوە بە زیندوومانەوە بەهەر نرخێک بێت. سوکرات کە جامە ژەهرەکەی دەرخوارد درا بە جەستە مرد، بەڵام ژیا، ژیانی بە زیندووبوونێکی زەبوونانە نەگۆڕییەوە. ئەو حەوتسەد دادوەرەی سوکراتیان ژەهرخواردکرد بۆ ڕۆژی خۆیان زیندوو مانەوە بەڵام ئەمڕۆ هەموویان مردوون، کەسمان یادێک لە یەکێکیان ناکەین، بەڵام سوکرات وەک مانگی لەنێوماندا دەژی. حەلاج نەمردووە دەژی، بەڵام فەقیهە دەربارەکانی خیلافەتی هەموویان مردن. نهێنی ئەمە چییە؟ نەگۆڕینەوەی ئازادی بە نان، ژیان بە زیندوومانەوە.
گرانی هەڵگرتنی باری حەقیقەت و بەرپرسیارێتی ئازادی وادەکات کەسێکی وەک نیتشە بەقووڵی دەرکی ئەوە بکات و لە پەڕتووکی دەجالدا بڵێت: کریستیانیەت یەک پەیڕەوکار زیاتری نەبوو، ئەویش خودی عیسا خۆی بوو کە لە خاچ درا، لەگەڵ خۆی هەموو ئەوەی هێنابووی بردییەوە. ئەوانەی کە خۆیان بە شوێنکەوتووی ئەو دەزانن هەموو دوکانداران بەناوی ئەوەوە.
نالی زۆر بە وردی کار لەسەر ئەم ئازادییە و بەرپرسیارێتییەکەی دەکات و مەرجی ئازایەتی دادەنێت بۆ ئازادی. بە گوێرەی نالی تەنیا کەسی ئازا دەتوانێت بچێتە ژێر باری بەرپرسیارێتی ئازادی، تا ئازادیش نەبێت کەسەکە حەقیقەت خۆی دەرناخات:
نییە دەخڵم لە شانامە و مەسافی، غەیری ئەم نوکتە:
کە کوشتەی بەندی تۆیە هەرکەسێ ئازاد و ئازا بێ [1]