ناونیشانی بابەت: پەیوەندی نێوان قەلەقی و کێشی مرۆڤ
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
قەلەقی و دڵەڕاوکێ و سترێسی بەردەوام کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کێشی مرۆڤ بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەرئەنجامەکەی دەگۆڕێت بە گوێرەی ئیشتهای خواردن و پێکهاتووی جەستە و کێش و باڵای مرۆڤەکە و هۆکاری بۆماوەیی و کاردانەوە و شێوازی مامەڵەکردن و بیرکردنەوەیان لەگەڵ بارودۆخ و دەوروبەری ئەو مرۆڤە.
بە ڕوونی سترێس و دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی لەش و لاوازی لەو کەسانەی کێشیان کەمە بەڵام دەبێتە هۆی زیاد بوونی کێش لەو کەسانەی کۆمەڵێک کێشەی تێکچوونی خۆراکیان هەیە و بۆ کەمکردنەوە یا ڕاکردن لە قەلەقی پەنا دەبنە بەر خواردن.
لە کاتی دڵەڕاوکێ و سترێس یەکەم جار هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەرڕێژرێت کە دەبێتە بەرز بوونەوەی ئاستی ئەنسولێن و لێدانی زیاتری دڵ ڕ، دوای دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئەدرینالین ، هۆرمۆنی کۆرتێزوڵ دەرێژرێت کە هانی زۆرتر بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین دەدات کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکرە لە خوێن و حەزێکی زۆر بۆ خواردنی شیرنی لە هەمان کات دا کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری لە ناو لەش دا بۆیە دەبێتە هۆی زۆری کێش و قەڵەوی لەو کەسانەی ئێشتهایان زۆرە یاخود کێشەی زۆر خۆریان هەیە کە باوترینیان چوار جۆرن.
بەڵام لە کەسانی لاوازدا بەرزی ئەدرینالین دەبێتە هۆی بەزەحمەت قووتدانی خواردن و گرژبوونی ماسوولکەکانی گەدە و دڵ تێک هەڵ هاتن هەروەها تێکچوونی ڕێڕەوی
(H-P-A-A) لە ناو جەستە کە بەرپرسیارە لە ڕێژە و کارکردی کۆمەڵێک هۆرمۆنی گرنگ.
-کۆتا خاڵ کۆمەڵێک کە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت تاقەتی خواردنی نییە بەشێکی بەرچاویش کە قەلەق دەبن زیاتر دەخۆن.
شێوازی چارەسەرکردنی تایبەت بە کێشی مرۆڤ لە کاتی سترێس و قەلەقی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەر یەکەیان پێویستی بە بەرنامەی خواردنی تایبەت بە خۆی هەیە لەگەڵ گۆرینی ستایل و شێوازی ژیان و کاتی نووستن. [1]