ناونیشانی بابەت: پاقلەمەنییەکان و گرنگترین سوودەکانی
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
1- سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتینەکانە بەڵام بڕی کالۆری کەمتری تێدایە بە بەراورد بە پڕۆتینی ناو گۆشتی سوور و پەلەوەر و ماسی و هێلکە و پەنیر بەهۆی کەمیی چەوری و بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە ڕیشاڵەکانی. بۆیە بژاردەیەکی زۆر تەندرووستە بۆ ئەوەی کەسانەی نابێت یان ناتوانن. ئەو خۆراکانە بخۆن یا. حەزیان لێنیە لە بێجگە لە هەرزانی نرخەکەی.
2- دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن و گرنگن بۆ خۆپاراستن لە کەمیی ماددەی ئاسن و کەمخوێنی.
3- سەرچاوەیەکی گرنگی ماددە ڕیشاڵەکانن کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە بەهێزکردنی تەندرووستی کۆئەندامی هەرس و یارمەتیدانی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ و چەورییە سیانییەکان و کۆنترۆڵ کردنی شەکرەی ناو خوێن.
4- سوودی زۆرە بۆ ڕێگە گرتن لە زۆری کێش و قەڵەوی و لە کاتی ڕێجیم دا بە تایبەت کاتێ سەوزن وەک لۆبیا و پاقلەی سەوز و بازالیا و فەریکەنۆک.
5- سەرچاوەیەکی باشی زۆر لە ڤیتامینەکان و کانزاکانن وەک کۆمەڵەی ڤیتامین بی (جگە لە فیتامین B 12) و زینک و کالسیۆم و سۆدیۆم. هەروەها بە سەوزی بڕێکی باشی ڤیتامین ئەی و سی تێدایە.
6- بەهۆی بوونی ماددەی تریپتۆڤان یارمەتی زوو نووستن و کەمکردنەوەی کێشەی تێکچوونی خەو دەدات.
7- سۆیا کە جۆرێکی پاقلەمەنیەکانە بژاردەیەکی زۆر تەندرووستە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی گەنم یا حەساسیەتیان بە گلۆتین هەیە.
$زیانەکانی پاقلەمەنیەکان:$
1- باوترین کێشەی پاقلەمەنیەکان زیادبوونی غازات و ئاوسانی سکە بە تایبەت لەو کەسانەی کۆنیشانەی گرژبوونی کۆڵۆنیان هەیە.
2- ئەو کەسانەی نەخۆشی پاقلەیان هەیە نابێت پاقلە بخۆن و هەندێکیش فەریکەنۆکیان پئ ناکەوێت.
3- هەستیاریی بە جۆرێک یا زیاتر لە پاقلەمەنیەکان وێنەی حەساسیەت بە جۆرەکانی تری خۆراک.
$چەند ڕێنماییەکی گرنگ:$
1- پێش لێنان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بخرێنە ناو ئاوەوە تا بە تەواوی بخورێن و بە مەنجەڵی ئاسایی نەوەک بوخار بکوڵێنرێن بۆ کەمکردنەوەی کێشەی ئاوسانی سک.
2- هەمیشە بە سەوزی سوودی پاقلەمەنیەکان زۆر زیاترە لە وشککراوی.
3- پاقلەمەنی لە قووتوو نراو. بشۆرێنەوە و گەرم بکرێتەوە.
4- مەرج نییە ئەوانەی کێشەی کۆڵۆنیان هەیە هەموو جۆرە پاقلەمەنیەکانیان پێ نەکەوێت.
5- لەو کەسانەی کە ڕووەکخۆرن زۆر خواردانی پاقلەمەنیەکان ئەگەری ئەوە هەیە ڕێگە بگرێت لە هەڵمژینی کالسیۆم و هەندێ کانزا و ڤیتامین. [1]