ناونیشانی بابەت: ئایینی #ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە کوردستان/ بەشی سێیەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$سەبارەت بە ئەفراندنی مرۆڤایەتی$
لە ئایینی ئێزدیدا هاتووە، ئادەم، کە یەکێک لە فریشتەکانی خوا بوو، بەهۆی خواردنی گەنمەوە، کە مەلەک تاووس هانی دابوو ئەو کارە بکات، لە بەهەشت دەردەکرێت و دێتەوە سەر زەوی و دواتر بەهۆی بێتاقەتیی ئادەم، خوا حەوا خەڵق دەکات و مرۆڤایەتی لەوێوە گەشە دەکات. هەندێ لە توێژەران ڕایان وایە، بۆیە بە ئێزدییەکان دەگوترێت شەیتانپەرەست، لەبەرئەوەی گرنگییەکی تایبەت بە مەلەک تاووس دەدەن.
لە ئایینی ئێزدیدا ئەو بڕوایە هەیە، کە خواوەند لە ڕۆژی نەورۆز مرۆڤایەتی و وەچەی ئادەمی خۆلقاندووە، بۆیە سەرەڕای هەبوونی زۆر جەژن لەناو ئێزدییەکان، نەورۆز یەکێکە لە جەژنە کۆن و گرنگەکانیان.
بە گوتەی زانا ئێزدییەکان، جەژنی ساڵی نوێی ئێزدییەکان، کە هەمان جەژنی (چوارشەممە سوور)ە و دەکەوێتە یەکەم شەوی یەکەمین چوارشەممەی مانگی نیسان، جەژنی دەستپێکی ساڵی تازەیە لای ئێزدییەکان، کە لەناو کۆنە نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیا و #زاگرۆس#نشینەکان ناسراوە. هەر لەم ڕۆژەدا، کە مەلەک تاووس لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و بۆ گەلی ئێزدی خێر و بەرەکەت و شینبوونەوەی دەشت و کێو دەهێنێت.
$پەڕتووکە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان$
لە ئایینی ئێزدیدا دوو پەڕتووکی پیرۆز هەیە، بە ناوەکانی (#جیلوە#) و (#مەسحەفا ڕەش#)، بەڵام بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژی و هێرش و هەڕەشەیەی بە بەردەوامی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، ئەو دوو پەڕتووکە لەناو چوون و نەماون.
بە گوتەی ئێزدییەکان، پەڕتووکی جیلوە خودی گوتەکانی خوایە، کە باس لە بناغەکانی باوەڕداریی ئەم ئایینە دەکات.
بەڵام پەڕتووکی مەسحەفا ڕەش، لە نووسینی (شێخ حەسەن کوڕی شێخ ئادی)یە، کە لە ساڵی 1195 نووسراوە و تێیدا کۆمەڵێک سروودی ئایینی و ستایشی خوان، کە بە زمانی کوردی و شێوەزاری کرمانجی نووسراون.
جگە لەم دوو پەڕتووکە، کۆمەڵێ دەقی پیرۆز هەیە، کە بە قەول، بەیت، قەسیدە و درووز و نزا ناو دەبردرێن. ئەم دەقە پیرۆزانە لەلایەن کەسە ئایینییە گرنگەکانیان، کە بە (خاس و چاک) ناودێر دەکرێن، گوتراون و بە شێوەی زارەکی و نەوە دوای نەوە پاراستویانن، تا بەم سەردەمە دەگات، مێژووی هۆنینەوەی ئەم دەقانە بۆ سەدەی دوازدەی پێش زایین دەگەڕێتەوە.
نەمان و لەناوچوونی پەڕتووکە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزدی، بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئیمپیراتۆری #عوسمانی# بەردەوام لە کوشتن و تاڵانکردن و وێرانکردنی گوندە ئێزدینشینەکانی باکووری کوردستان بێت و لە ماوەی چەندین سەدە لەم کارە بەردەوام بووە، بە پاساوی ئەوەی، کە ئەمانە موسڵمان نین. هەروەها بە تورککردنی کوردانی موسڵمان ئاسانتر بووە لە کوردانی ئێزدی، بەهۆی جیاوازیی ئایینی.[1]