لە ڕێگای دانانی لید(LED) و ڕووناکی و پەیکەری ئاسنینەوە، بە بۆنەی نزیک بوونەوەی سەری ساڵی زاینی لە #سلێمانی# دەست بە ڕازاندنەوەی بەشێکی شەقامە سەرەکییەکانی شارەکە کراوە.
ئەم ئامادەکاریانە یەکەمجارە بەو شێوە فراوانە لە سلێمانی بکرێت. ئەو جوانکاریانە لە دەروازەی سلێمانییەوە دەست پێدەکات و بە چڕی لە شەقامی سالم دەبینرێت و دەیان کۆشکی جوانکاری و هەزاران مەتر ڕووناکی و لید و ستونی جوانکاری بەکارهێنراوە. لە زۆر شوێن پەیکەری مانگ و ئەستێرە و گوڵ و پەیکەری ئاسک وەک هێمای شارەوانی سلێمانی درووستکراوە، بەدرێژای نزیکەی کیلۆمەترێک لەسەر شەقامی سالم تەواوی شەقامەکە کراوەتە کەپری ڕووناکی.
تا ئێستا ڕوون نییە بودجەی ئەو ڕازاندنەوەیە چۆن دابین کراوە لە کاتێکدا سلێمانی لە دژوارترین قۆناغی کورتهێنانی داراییدایە. کەرتە خزمەتگوزارییەکان لە ئیفلیج بوون نزیک بوونەتەوە.
بەر لە چەند ڕۆژێک پێش ڕازاندنەوەی شەقامەکان ئەمبوڵانسەکانی تەندرووستی شارەکە لەبەر نەبوونی بەنزین پەکیان کەوت و بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی منداڵان داخرا، لەبەر پێنەدانی شایستەی دارایی کارمەندەکانی. کارەبای شارەکەش لە شەو و ڕۆژێکدا کەمتر لە 9 کاتژمێرە.
لە گەیاندنی کارەبا و دانانی چیمەنتۆی بناغەی ستونەکان و کارکردن لە ڕازاندنەوەی شەقامەکان فەرمانگەکانی شارەوانی و هاتوچۆ و کارەبا و ئۆتۆمبێلەکانیان خەریکی کارکردن بوون لە ڕازاندنەوەی شەقامەکان، بەڵام بەهۆی ترس لە ناڕەزایی و کاردانەوەی خەڵک تا ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بە هیچ شێوەیەک باسی ڕازاندنەوەکە نەکراوە و ئەو فەرمانگانە خۆیان بە خاوەنی ناکەن.
کاری ڕازاندنەوەکە لە ژێر سەرپەرشتی شارەوانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت و بینای سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە هەمان شێوەی شەقامەکان بە لید بۆ ساڵی نوێ ڕازێنراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ڕابردوو شارەوانی سلێمانی لە پەیجی خۆی ڤیدیۆیەکی شارەوانی بەکرەجۆی بڵاو کردەوە بەهۆی کۆنی بیناکەوە مەترسی ڕووخانی لەسەرە و ئەنجومەنی وەزیرانی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕەزامەند نییە بوودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکەیان تەرخان بکرێت. [1]