کێشەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لە ماوەی ڕابردوو، کۆبونەوەکانی پەڕڵەمانی کوردستان ڕاگرتبوو. بەپێی بڕیاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە پۆستێکی حکومی یا پەڕڵەمانی هەبێت دەبێت دەست لە کار بکێشێتەوە و خۆی بۆ کاری حیزبی یەکلایی بکاتەوە. بەهۆی ڕاگیرانی کۆبونەوەکانی پەڕڵەمان ئەو گۆڕانکارییانەی پارتی بە نیاز بوو ئەنجامیان بدات ڕاگیرا بوون.
بەهۆی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی وا بڕیارە کۆبونەوەکانی پەڕڵەمانی کوردستانیش دەست پێبکەنەوە.
پەڕڵەمانی کوردستان لە ڕۆژی 31ی کانونی یەکەم تا ڕۆژی یەکی ئاداری ساڵی داهاتوو دەکەوێتە پشووی زستانە، بەڵام لەسەر داواکاری پارتی و یەکێتی وا بڕیارە لە پشووی زستانەی پەڕڵەماندا، پەڕڵەمان کۆبونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ئەو گۆڕانکارییانە بدرێت کە پارتی بەنیازە ئەنجامی بدات کە گۆڕانکارییەکان بریتین لە گۆڕینی وەزیری ئەوقاف و جێگری سەرۆکی پەڕڵەمان. هەر لە هەمان کۆبونەوەدا وەزیری نوێی پێشمەرگەو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری #بەغدا# سوێندی یاسایی دەخۆن.
پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف، لە شوێنی #پشتیوان سادق#، #ئەحمەد کانی# کاندید کردووە و بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەڕڵەمانیش لە شوێنی #هێمن هەورامی#، زانای مەلا خالیدی کاندید کردووە.
وا بڕیارە لە هەمان کۆبونەوەدا دەست لە کارکێشانەوەی هەر یەک لە جوان ڕۆژبەیانی و #لیزا فەلەکەددین کاکەیی# پەسەند بکرێت و لە شوێنی ئەو دوو پەڕڵەمانتارە و هێمن هەورامی سێ پەڕڵەمانتاری نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان سوێندی یاسایی بخۆن. [1]