ناو: درەخشان
نازناو: حەفید
ناوی باوک: شێخ جەلال
ڕۆژی لەدایکبوون: #26-12-1934#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #04-11-2010#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
درەخشان حەفید ژنێکی ناوداری کوردستانە، لە ڕشتەکانی خوێندن و پەروەردە و مێژوو و خەباتی ڕێکخراوەیی ژنان و تێکۆشانی کوردایەتی خزمەتی زۆری کردووە. ڕۆڵی دیار و درەوشاوەی لە لاپەڕەکانی مێژوودا بە شانازییەوە تۆمار کراوە.
درەخشان شێخ جەلال شێخ ئەحمەد شێخ سەعید ناوی تەواو ئەم ژنە ناسراوەیە، بە درەخشانی شێخ جەلالی حەفید ناسراوە.
ڕۆژی 26ی کانوونی یەکەمی 1934 لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایک بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردووە.
ساڵی 1956 لە کۆلێجی مامۆستایانی باڵا لە شاری #بەغدا# وەرگیراوە و دوای چوار ساڵ خوێندن، لە ساڵی 1960 بەکالۆریۆسی لە مێژوو بەدەستهێناوە.
لە خانەی مامۆستایانی کچانی #کەرکووک# بە مامۆستا دامەزراوە و وانەکانی مێژوو و جوگرافیای وتۆتەوە.
دواتر گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی لە ئامادەیی سلێمانی کچان وەک مامۆستا خزمەتی کردووە و لە خزمەت بەردەوام بووە تا بووە بە بەڕێوەبەری ئەو ئامادەییە.
دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ کەمال موفتی کردووە، بەهۆی ئەوەوە وەزیفەکەی بۆ بەغدا گواستۆتەوە و لە ئامادەیی تەلیعەی کچان بووە بەمامۆستا و بەردەوام بووە لە خزمەتی پەروەردە و خوێندن، تا ساڵی 1987 خانەنشین بووە. درەخشان حەفید هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە، تێکەڵاوی جووڵانەوەی سیاسی بووە و سەرەتا لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی خوێندکاران و لاوان و ئافرەتان خەباتی کردووە و دواتر لەناو پارتی دیموکراتی پارتی کوردستاندا درێژەی بەتێکۆشان داوە.
لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بووە، لە 11ی کانوونی یەکەمی 1952 بەنهێنی لەگەڵ 9 ئافرەتی دیکەدا #یەکێتی ئافرەتانی کوردستان#یان لە ماڵی میرزرا غەفور لە سلێمانی دامەزراندووە. ڕۆڵی دیار و پێشەنگی لەو ڕێکخراوە پیشەییەدا هەبووە و بەردەوام بووە لە خەباتی پیشەیی و نیشتمانی، ڕۆڵی کاریگەری لە چالاکی و خۆپیشاندانەکانی سەردەمی خۆی هەبووە.
لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و لاوان و مامۆستایان و یانەی سەرکەوتن ئەندام بووە و شوێن پەنجەی لە خەباتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی دیار و درەوشاوە بووە.
بەشداری شۆڕشی ئەیلولیشی کردووە و لە شاخیش ڕۆڵی خۆی بینیوە.
درەخشان حەفید بایەخیشی بە نووسین و ئەدەب و هۆنراوە داوە و هۆنراوەی بەشێکی زۆری شاعیرانی کوردی لەبەربووە. وتاریشی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاو کردۆتەوە.
لە ژیانی خۆیدا زۆر بە حەپسە خانی نەقیب سەرسام بووە و ڕێچکەی ئەوی گرتبوو لە کاری پیشەیی و خێرخوازیدا.هەر لە خۆشەویستی بۆ حەپسە خان دوو پەرتووکی لەسەر نووسیوە، یەکێکیان بەناوی (ژیان و تیکۆشانی حەپسە خانی نەقیب) ، ئەو دیکەیان ئەلبومێکی وێنەییە بەناوی (ئەلبومی حەپسە خانی نەقیب) . پەرتووکێکی دیکەشی هەیە لەسەر مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان و تیشکی خستۆتە سەر مێژووی تێکۆشانی ژنانی باشووری کوردستان و زانیاری گرنگی لەو بارەیەوە تۆمار کردووە.
بە حوکمی پسپۆڕی و شارەزایی لە مێژوو، لە ساڵی 1997 بە ئەندامی بۆردی ئەرشیفی نەتەوەیی کوردستان دانراوە کە مامۆستا #جەمال عەبدول# سەرۆکی بووە.
دوای خزمەتێکی زۆر لە کایەکانی پەروەردە و خوێندن و خەباتی پیشەیی و نیشتمانی، درەخشان حەفید لە ڕۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2010 بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاکی نیشتمان سپێردرا. [1]