سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەوەی ڕۆمان لەگێڕانەوەی مێژوویی جیادەکاتەوە،بەرجەستەکردنی وێنەیەکی دیکەی نوێیەبەدەرلەوێنە مێژووییەکە. نوێ بەومانایەی ڕۆماننووس چەند لەکڵاوەڕۆژنەی ئەدەبەوە بۆڕووداوەکان دەچێت و گوزارشتیان لێدەکات.کێشەی بەشێک لەوانەی ڕۆمان دەنووسن بەتایبەتیش کەهیچ ئەزموونێکی نووسینی ئەوژانرەیان نییەلەوە دایە، کەدرک بەوجیاوازییە ناکەن کەڕۆمان لەبیۆگرافیاو یادەوەری، وەک مێژووجیادەکاتەوە. واتەبەهەمان زمانی واقیع ڕووداوەکان لەدەقی ڕۆماندا، بەرجەستەدەکەن. مێژووئەوەیەکەڕوویداوە. بەڵام ڕۆمان ئەوەیە کەدەیخوێنینەوە. ئەگەرخوێنەربەهەمان شێوازی گێڕانەوەیەکی مێژوویی ڕۆمانی خوێندەوە، ئیدی جیاوازی لەنێوان ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی باڵا، لەگەڵ ڕووداوو مێژوونامێنێت. بێگومان لەنێوان هەردووژانرەکەدا، چەندین توخمی هاوبەش هەن، کە گێڕانەوە یەکێکە لەوڕەگەزەهاوبەشانە. بەڵام لەڕۆماندا، گێڕانەوە ڕەهەندێکی هونەری هەیەکەتیایدا، وەسف و گوزارشتکردن و شیعریەتی گێڕانەوەوچەندین لایەنی دیکەی زمانی، لەخۆدەگرێت. لە خوێنەوەی مێژوودا، خوێنەرتەنها بەرمێژوو،بەرڕووداوەکان دەکەوێت. بەڵام لەڕۆماندا بەرشوێن و کارەکتەرو چەندین تەکنیکی دیکە دەکەوێت. گەلێک جار ڕۆمانێک دەخوێنینەوە، پترلەوەی ڕۆمان بێت، سەرگوزشتەی ژیانی تایبەتی وکەسی نووسەرەکەیە. کەئەمەش دەچێتە چوارچێوەی یاداشتنامە، نەک ڕۆمان. چونکەلەڕۆماندا، مەرج نییەکات و شوێن وکارەکتەرەکان، هەمان ئەوانەی نێو واقیع بێت.بەڵام لەیاداشتنامەدا،نووسەرچەقی ڕووداوەکانە. چونکە ئەوباسی خۆی دەکات. لێرەوەش دەبینین گەلێک جارنووسەرانی ئێمەبەشێکیان یادەوەرییەکانی خۆیان لەژێر تایتڵی ڕۆمان نووسیوەتەوە، کەلەڕاستیدا ڕۆمان نییە.ئەگەرکتێبەکە ناونیشانی ڕۆمانی بەسەرەوە نەبێت، ڕەنگە خوێنەرکێشەیەکی ئەوتۆی نەبێت. بەڵام کاتێ لەژانڕی ڕۆماندا پۆڵین دەکرێت، ئەوکات دەبێ هەڵگری ڕەگەزەکانی نووسینی ڕۆمان بێت. لەو ڕوانگەیەشەوە بڕوام وایەکتێبی(دواوێستگەم باکوورە) یاداشتنامەیە بەرلەوەی ڕۆمان بێت. چونکە نووسەرەکەی بەزمانێکی واقیعیانەی ڕووت،بەگێڕانەوەیەکی سادەی مێژوویانە، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. لەو کتێبەداتەکنیکی گێڕانەوە لەهەندێ شوێندا ئەوەندەسادەونائستاتیکی دەبێتەوە، کەخوێنەرهەست بەوەدەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە ڕۆمان نییە،بەڵکوگێڕانەوەیەکی مێژووییە. کەمترین هونەرکاری لەڕووی زمانی گوزارشتکردنەوە لەکتێبەکەداهەیە. ناوەڕۆکی ئەوکتێبە، کەبڕوام وایە خودی نووسەری کتێبەکە، کارەکتەری ڕووداوەکانە، باس لەکەسێک دەکات کەناوی(شکۆیە).شکۆ لەگوندێک لەدایک دەبێت، بەشێکی ژیانی لەوێ دەباتە سەر.تادواجاردێنەشارولەوێ ژیان دەگوزرێنێت و دوای ساڵانێکی زۆریش، بەهۆی ڕووداوەکانی دوای ڕاپەڕین وشەڕی ناوخۆی نێوان هێزەسیاسییەکان،ئاوارەی کەنەدا دەبێت. لەوێش گەشتێک بۆجەمسەری باکووردەکات وهەوڵدەدات کتێبێک بنووسێت. لەپەراوێزی گێڕانەوەی ژیانی کارەکتەری ڕۆمانەکە، نووسەر هەوڵیداوە دووقۆناغ لەژیانی تایبەتی شکۆ ئاوێتەی یەکتری بکات ودواتریش لەسەرئاستی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بەراوردی یەکتریان بکات.ئیدی نووسەرلەپەراوێزی گێڕانەوەی ژیانی شکۆ، باسی چەندین ڕووداوی دیکەی سیاسی وکۆمەڵایەتی دەکات. باسی شۆِرشی ئەیلول، ئەنفال،کیمیابارانی هەڵەبجە، ژیانی دوێنێی مرۆڤی کوردلەگوند، دیاردە نوێیەکانی ئێستای ژیانی بەناومۆدێرنی مرۆڤی کورد،ژیانی پەناهەندەیی وچەندین ڕووداوی دیکەدەکات.تەنانەت باسی ترەمپ، ئوسامە بن لادن، شەڕی قاعیدە، ڕووداوی یانزەی سێپتەمبەر، فیدل کاسترۆ،نازییەکان و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی وداعش و ئەبوبەکر بەغدادی ودەیان باسی دیکە دەکات. تەکنیکی گێڕانەوە لەوکتێبەدا، لەشێوەی گێڕانەوەی ئاسایی ژیاننامەی کەسێکە. زمانی دەربڕین وگوزارشتکردن، وەسف ودەربڕینەکان بەگشتی زمانێکی واقیعیان بەسەردازاڵە.بۆیەکەخوێنەرکتێبەکەدەخوێنێتەوەزۆرئاسایی درک بەوە دەکات کەژیاننامەی کەسێک بەناوی شکۆ دەخوێنێتەوە. ئەگەرچی نووسەرچەندلەسەرژیانی شکۆوەستاوە، ئەوەندەزیاتریش ئاماژەی بۆبابەت ورووداوی دیکەی لاوەکی کردووە. وەک ئەوەی نووسەرمێژوومان بۆبگێڕێتەوە، کەلەبنەڕەتیشداوایە. ئەگەر ڕووداوەکانی ڕۆمانێک هێندەواقیعی بوونەوە،کەوەک مێژووێک باس بکرێت، ئیدی سیما هونەرییەکانی ڕۆمان کاڵدەبنەوە. نووسەرچونکە مێژووی گێڕاوەتەوە، لەچەندین ڕوەوەهەڵەی زەقی کردووە. ئەگەرچی نووسەری ڕۆمانەکە یەکێکەلەشاعیرەدیارەکانی قۆناغی هەفتای شیعری کوردی، وەلێ ئەوزمانە شیعرییەلەڕۆمانەکەدا هەستی پێ ناکرێت. بەگشتی وەک خوێنەرێک لەبارەی ڕۆمانەکەوە، ئەو سەرنجانە دەخەمە ڕوو:_
یەکەم:_هەڵەی مێژوویی_
نووسەر لەڕۆمانەکەیدا،چونکە بەشێکی گەورەی بۆ مێژوو تەرخانکردووە،بۆیە باسی چەندین ڕووداوی مێژوویی دەکات. هەندێکییان تەنها دووسێ ساڵێک بەسەریاندا ڕەتبووە، کەچی نووسەر بەهەڵە ئاماژەی بەکاتی ڕوودانیان داوە.بۆنموونە:_
ڵاپەڕە22 نووسیویەتی:_(لەساڵی 1983لە شەڕی ئێران و عێراق کوژرا.سێ ساڵ دواترئەوشەڕە ڕاوەستا). هەڵبەتە ئەگەر سێ ساڵ دواتر بخەینە سەرساڵەکە ئەوادەبێتە 1986، لە کاتێکدا شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1988 کۆتایی هات..
ڵاپەڕە 33نووسیویەتی:_(شکۆلەپۆلی نۆ بوو). گەرچی نووسەرباسی ژیاننامەی شکۆ دەکات لەشەستەکاندا،بەڵام دەبوو بزانێ ئەوکات پۆلی نۆنەبووە، بەڵکو پێیان دەگووت سێی ناوەندی. پۆلی هەفت و هەشت و نۆ، دوای کۆنفرانسی پەروەردەیی لەدووهەزاروهەفت، بووە شوناسی ئەوقۆناغە.
ڵاپەڕە 74 نووسیویەتی:_(داعش لە 30ی ئاب پەلاماری شنگالیدا). بێگومان هەڵەیەو 3ی ئابە نەک سی ئاب.
ڵاپەڕە 93 نووسیویەتی:_(ساڵی 2015 داعش پەلاماری عێراقیدا). بێگومان ئەمەشیان هەڵەیە. داعش لە 10 حوزەیرانی 2014 پەلاماری عێراقیدا.
ڵاپەڕە 211 نووسیویەتی:_(سعودیە دراوسێی عێراق و سوریایە). هەڵبەتە سعودیە دراوسێی عێراقە، بەڵام سوریانا. ئوردن دراوسێی سعودیەیە. دەکرێ بۆزانیاری نووسەرسەیری نەخشەی نیشتمانی عەرەبی بکات.
ڵاپەڕە 212 نووسیویەتی_(وەسی مامی فەیسەلی دووەم کارەکانی پاشای ڕایی دەکرد). وەسی مامی پاشا نەبوو، خاڵی پاشا بوو.
ڵاپەڕە264 نووسیویەتی:_(عێراق وئێران هەشت ساڵ شەریان لەسەر کەنداوی عەرەبی کرد). ئایا شەڕی ئەودوو وڵاتەلەسەرکەنداوی عەرەبی بوو؟.
ڵاپەڕە 265 نووسیویەتی:_(یەک بلیۆن مرۆڤ لەسەرزەوی هەن).نازانم مەبەستی نووسەرلەوبلیۆنە چییە؟ لەکاتێکدا هەمووجیهان تەنها هەفت ملیار کەسە.
دووەم:_گێڕانەوە:_
ئەگەرچی ڕۆمان بەگشتی، دەبێ هەڵگری زمانێک بێت کەمترین فۆڕمی گێڕانەوەی واقیعی تێدابێت.چونکە ئەگەرزمان ڕەهەندێکی هونەری نەبێت، ئەوا جیاوازی لەنێوان گێڕانەوەی ڕووداوێک لەڕۆمان و گێڕانەوەی ڕووداوێکیش لەمێژوودا ناکرێت. بەڵام لەوڕۆمانەدا، خوێنەربەرچەندان دەربڕین و پەڕەگراف دەکەوێت کەواهەست دەکات ئەوەی دەیخوێنێتەوە ڕۆمان نییە، بەڵکوگێڕانەوەیەکی ئاساییە بێ هیچ جوانکاریی وهونەرکارییەکی زمان. لێرەداچەند نموونەیەک دەهێنینەوە:_
ڵاپەڕە 86 ڕۆماننووس نووسیویەتی:_(سەرکانیەکانیان سەب دەکرد، خەڵکیشیان بەکۆمەڵ زیندەبەچاڵ دەکرد، هاتووچۆیان قەدەغە دەکرد).
ڵاپەڕە 90 نووسیویەتی:_(لەڕێگابەتایبەتی هاوینان لەنێوخۆیان لەڕێگا پارەیان کۆدەکردەوە).
ڵاپەڕە 96 نووسیویەتی:_(سەلیم چووە بازارتورشی کڕی، تاریک داهات، گەوهەرسفرەی ڕاخست، هێلکەکانی سپی کرد).
ڵاپەڕە 154 نووسیویەتی:_(پیاوێک ناوی ئەنوەربوو،تەمەنی لەسەرووی چل بوو، مامۆستابوو، لەوکاتەی هاوسەرگیری کردبوو، هەمووساڵێک منداڵییان دەبوو، ئەوکات دەمنداڵی هەبوو). سەیری ئەوهەموو(بوو)ە بکە، لە سێ ڕستەدا.
ڵاپەڕە272 نووسیویەتی:_(لەکاتی نوێژدەبێ پێلاِوەکان داکەنی و لەدەرەوەداکەنی).
بێگومان، زۆرپەڕەگرافی دیکەی لەوشێوەیە لەکتێبەکەدا هەن، وەلێ ئێمە تەنها ئەم چەند نموونەیەمان خستەڕوو.
سێیەم:هەڵەی چاپ_
گەرچی ئەم کتێبە هەڵەچنی بۆ کراوە، بەڵام وەک ئەوە وایەبەبێ پێداچوونەوە چاپ کرابێت. لەچەندین شوێن هەڵەی فۆنت و پیت دەبینین. لەهەندێ شوێندا، پیتی(ک) کراوەبە(گ).گریمان نووسەری ڕۆمانەکە لەبەرباری تەندروستی یاخود تەمەن، یان هەرهۆکارێکی دیکە،نەیتوانیبێت بژاری ئەوهەڵانە بکات، بەڵام نازانم هەڵەچنی کتێبەکە ئەرکی چی بووە؟ تەنانەت لە ژیاننامەی نووسەردا،هەڵەیەکی مێژووی زەق کراوە. کاتێ نووسیویانە یەک کۆمەڵە شیعری لە ساڵی(1997) بڵاوکردۆتەوە. بەڵام ئەمە هەڵەیەو ساڵی 1977 وبەناوی سەمای بەفری ئێوارانە. دواجار دەڵێم خۆزگە بەرزنجی شاعیرو ماڵی وەفاییش، کتێبی پیاوێکی بێجامە شینیان لەبڕی ئەم کتێبە وەردەگێڕاو چاپ و بڵاویان دەکردەوە، کەزەمەنێکە حەزدەکەم ئەو کتێبەبەزمانی کوردی بخوێنمەوە..
پەراوێز:_ دواوێستگەم باکوورە/ ڕۆمان/نووسینی جەلال بەرزنجی/بڵاوکراوەی ماڵی وەفایی 2018..