هێمن عەساف
پەڕڵەمانتارێکی فراکسیۆنی ئیی پارتی تورکیا وازی لە پارتەکەی هێنا و ڕایگەیاند، ئامادە نییە لەگەڵ پارتێکی سیاسییدا کاربکات کە باوەڕی بە ناسنامەی نەتەوەیەک و بیروڕای جیاواز نییە.
ڕۆژی 06-12- 2023، گەورەشارەوانیی ئامەد کە لەلایەن قەییومەوە بەڕێوە دەبرێت، لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، دەست بە کارەکانی ڕێگەی سەرەکیی شێخ سەعید دەکەن کە 12 کیلۆمەتر درێژە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوکردنی ڕێگەکە یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت و گوشاری زۆری هاتوچۆی سەر ئامەد کەم دەکاتەوە.
بەشێک لە نەژادپەرستانی تورک بەتایبەتیی لە هەردوو پارتی ئیی پارتی و مەهەپە بەهۆی بەکارهێنانی وشەی شێخ سەعیدەوە زمانێکی ناشیرینیان بەرانبەر ئەو شۆڕشگێڕە کوردە بەکارهێنا. بەشێکی هاونیشتمانییانیش وەڵامی ئەو گوتانەیان دایەوە.
ئەو ڕێگەیەی گەورە شارەوانیی ئامەد مەبەستییەتی تەواوی بکات، درێژکراوەی گۆڕەپانی شێخ سەعیدە کە ئەو کاتە ناوی لێنرا #عوسمان بایدەمیر# سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد بوو؛ هەر بۆیە ڕێگەکەش بە هەمان ناوەوەیە.
مشتومڕەکە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسیش بێنە وەڵام. یەکێک لەوان سالم ئەنساریئۆغڵو، پەڕڵەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بوو کە وەڵامی نەژادپەرستەکانی دایەوە و شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی بە کەسایەتیی گەورەی کورد، شۆڕشگێڕ و بڕوادار ناوبرد.
ئیی پارتی ڕایگەیاند، سالم ئەنسارئیۆغڵو لە پەیڕەوی ناوخۆی ئیی پارتی لایداوە و هەر بۆیە دۆسیەکەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی دیسپلین کرد. ئەوەش کاردانەوەی لای سالم ئەنساریئۆغڵو درووستکرد و دەستلەکارکێشانەوەی لە ئیی پارتی ڕاگەیاند و وتی، لەمەودوا پەڕڵەمانتارێکی سەربەخۆیە.
سالم ئەنساریئۆغڵو وتی، ئەم هەڵوێستەی ئیی پارتی دوورە لە فەلسەفە و بنەمای نەتەوەپەرستی و ناسنامەی دیموکراسییەوە. وا دیارە ئیی پارتی بەرگەی بوونی ناسنامەی نەتەوەیی دیکە ناگرێت و باوەڕی بە بیروڕا و باوەڕی جیاواز نییە.
سالم ئەنساریئۆغڵو ڕایگەیاند، ئەو بنەمایەی من و ئیی پارتی کۆدەکردەوە، نەما. کەسێکم کە هیچ کاتێک لە هەڵوێستم پاشگەز نابمەوە. پەیامەکەم بە گوتەیەکی شێخ سەعید کۆتایی دەهێنم کە دەڵێت: بێدەنگبوون لە بەرانبەر ناهەقی، بێڕێزیکردنە بە یەزدان؛ منیش لە بەرانبەر ئەم ناهەقییە بێدەنگ نابم و دەستلەکارکێشانەوەی خۆم ڕادەگەیێنم.
#شێخ سەعیدی پیران# کەسایەتییەکی ناسراوی کوردە؛ ساڵی 1865 لە ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ لە 13-02- 1925دا شۆڕشی دژی حکومەتی کۆماریی تورکیا دەستپێکرد و ماوەیەک گەمارۆی ئامەدی دا و پێکدادان لەنێوان هێزەکەی و هێزەکانی دەوڵەت درووستبوو. لە نیسانی ئەو ساڵەدا شێخ سەعید و نزیکەی 30 هاوڕێی لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیلگیران. شێخ سەعید و 47 هاوڕێی لە ئامەد لە سێدارە دران.
سالم ئەنساریئۆغڵو کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراوە؛ ساڵی 1955 لە ئامەد لەدایکبووە؛ چوار خول پەڕڵەمانتار بووە و چەند جارێکیش پۆستی حکومەتی هەبووە.[1]