ناونیشانی بابەت: هەڵوەشاندنەوەی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان کێ گۆڵ دەکات و کێ دەیباتەوە؟
ئامادەکردن: #سەردار عەبدوڵڵا مەحمود#
ئەم وتارە ڕۆژی 3ی شوبات نووسراوە، زۆریش دوودڵ بووم لە بڵاوکردنەوەی، بەڵام لە دواییدا دەبوو بڵاوی بکەمەوە، تاکوو دیوی دیکەی یاریەکە بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون بکەمەوە.
دادگای فیدراڵی ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە (شوباتی 2023) سەبارەت بەو دەعوایانەی لە چەند لایەکەوە بۆ تانەدان لە یاسای ژمارە (12) ی ساڵی 2022 پەڕڵەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە. پەڕڵەمانی کوردستان لە ئوکتۆبەری ساڵی پار دەنگی بەو یاسایە دا کە ماوەی تەمەنی ئەم خولەی پەڕڵەمانی درێژ کردەوە. ئایا لەحاڵەتی قبووڵکردنی دەعواکە و بڕیاردانی دادگاکە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمانی کوردستان کێ گۆڵ دەکات و گۆڵەکەش بۆ چ لایەک حیساب دەکرێت؟ کێ زەرەمەند دەبێت و کێش قازانجی لێ دەکات؟ ئەی ئەگەر بڕیاری دادگاکە ڕەتکردنەوەی دەعواکە بوو و شەرعیەتی بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم دا، کێ براوە و کێش دۆڕاو دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، لەم وتارەدا تەنیا لە ڕوانگەی بەرژەوەندی حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە، بابەتیانە و بەبێ هیچ لایەندارییەک و زۆر بەکوورتی شیکاریی دەکەم.
لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی دەعواکەدا، ئەوا شکاتکەرەکان کە بریتین لە چەند پەڕڵەمانتارێکی نەوەی نوێ و دکتۆر یوسف محەمەد، دەدۆڕێن چونکە:
لەو حاڵەتەدا دەعواکەیان دۆڕاندوە.
بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی شەرعیەتیان داوە بە یاساکەی پەڕڵەمان و درێژکردنەوە تەمەنەکەی و ئیدی لە ڕووی یاساییەوە ئەو دروشمەشیان بەتاڵ دەبێتەوە کە سیفەتی ماوە بەسەرچوو دەداتە پاڵ پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم. بەمەش خۆیان چ وەکوو شەخس و چ وەکوو لایەنی سیاسیش دوچاری شکستێکی نامەدرووسی ناخۆش دەکەن. کە دەبوو کەمێک بە دیققەتتر حیسابیان بۆ بکردایە.
ئەمەیان ئەگەری یەکەمە کە ڕوونە لە بەرژەوەندی دەسەڵات و بە تایبەتیش یەکێتی و پارتییە. بەڵام داخۆ ئەگەر دەعواکەیان بردەوە و دادگای فیدراڵی کەیسەکەی لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلا کردەوە و یاساکەی پەڕڵەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تەمەنی پەڕڵەمان و حکومەت هێنا، کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت؟ لە ڕواڵەتدا وا دەر دەکەوێت کە شکاتکەرەکان گۆڵیان کردووە هەر بۆیە ئەوان براوەن، بەڵام بە کەمێک دیققەتدان بۆمان دەردەکەوێت کە گۆڵەکەیان لە خۆیان کردووە هەر بۆیە گۆڵەکە بۆ دەسەڵات و بە تایبەتیش پارتی حیساب دەکرێت. بفەرموون لەگەڵ ئەم ڕاستییە ناخۆشانە:
لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی یاساکەی پەڕڵەمان و کۆتاییهێنان بە تەمەنی ئەم خولە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، ئەوا تەنیا پەڕڵەمان هەڵدەوەشێتەوە، چونکە حکومەت لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە کاربەڕێکەر، ئاشکراشە کە لەم وڵاتانەی ناوچەکەی ئێمەدا حکومەت تەنیا بەناو دەبێتە کاربەڕێکەر، ئەگیناتەواوی دەسەڵاتەکان مومارەسە دەکات. بەم ئەنجامەش یەکێتی زەرەرمەندە چونکە تاکە سەرۆکایەتی لە دەست دەدات. پارتیش هەردوو سەرۆکایەتییەکەی لە دەستدا دەمێنێتەوە.
بەمەش زۆر نەزانانە و بە بڕیاری داگای فیدراڵی کە مولزیمە بۆ هەموو لایەک، تاکوو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تەواوەتی هەموو دەسەڵاتەکان ڕادەست بە پارتی دەکەن. هەر کاتێک لایەنەکان و میدیا باسی ناردنی یاسای بودجە بۆ پەڕڵەمان بکەن، ئەوا لە وەڵامدا پێتان دەڵێن، حکومەتەکە کاربەڕێکەرە و دەسەڵاتی ناردنی پڕۆژە یاسای نییە، ئینجا کە پەڕڵەمان خۆی هەڵوەشابێتەوە پڕۆژە بۆ کێ بنێرێت؟
ساڵانێکی زۆرزۆرە کە لایەنەکان تر داوای هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و جەخت لەسەر فرەبازنەیی دەکەنەوە، پارتی ملی نەداوە، کەچی ئێستا دوای ئەوەی پارتی بەداوای زۆری دیکەی لایەنەکانی تر ڕازی بووە، کە ئەمە سەرکەوتنە بۆ لایەنەکانی تر، بەڵام لە ئەنجامی کۆتاییهێنان بەدرێژکردنەوەی تەمەنی پەڕڵەمان، ئەوا هەموو ئەو سازشانەی پارتی بۆ لایەنەکانی تری کردەوە یەکسان بە سفر دەبێتەوە چونکە پەڕڵەمان نامێنێ تا یاسای هەڵبژاردن بە سازشەکانی پارتی هەموار بکاتەوە و هەڵبژاردنی داهاتوو بە فرەبازنەیی بکرێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە کارتی کورسی پێکهاتەکانیش لە دەست لایەنەکانی تر دەر دەهێنێت، چونکە ئەو کاتە هەڵبژاردنی داهاتوی پەڕڵەمانی کوردستان دەبێ بە یاسا کۆنەکە ئەنجام بدرێ.
سیاسەت زانستە، هونەرێکی زۆر ئاڵۆز و ورد و سەختە، عەقڵی زۆر گەورەی پێویستە کە زۆر بەوردی دیراسەی هەموو لایەنە باش و خراپەکانی هەر بڕیار و هەنگاوێک بکات ئەزموونی قووڵ و بەهرەی مانۆڕ و یاریکردنی زیرەکانی گەرەکە تا بتوانیت یاری ببەیتەوە، هەڵبەتە ئەمانەش بە یاریکەری زۆر لێهاتوو و بەتوانا و بەئەزموونی سیاسەت دەکرێت. کێشەی ئەم شکاتە لەوەدایە کە بەرلەوەی یاریەکە دەست پێ بکات، ئەنجامەکەی یەکلا بۆتەوە. نەیارەکانی دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی خۆیان خستۆتە ناو دۆخێکەوە کە لەهەردوو حاڵەتدا یاریەکە بدۆڕێنن، تەنانەت کە گۆڵیش دەکەن، گۆڵەکە لە خۆیان دەکەن و بۆ دەسەڵات و بە تایبەتیش بۆ پارتی حیساب دەکرێت.
حەقیقەتی هەرە تاڵ کە پێویستە پێ بنێن بە جەرگی خۆماندا و بەناچاری بیدرکێنین ئەوەیە کە تا ئەمجۆرە یاریکەرە کەمئەزموونانە نەیاری پارتی بن، ئەوا پارتی ئەسڵەن پێویستی بەوە نییە داشبەزێتە ساحە و یاری بکات، وەک بینیمان ئەم جۆرە نەیارانە ئەگەر بە تەنیا خۆشیان دابەزنە ساحە ئەوا یاری لە بەرژەوەندی پارتی دەکەن، بەخۆیان بزانن یان نەزانن بەم شکاتە گەورەترین خزمەتیان بە پارتی کردووە. [1]