ناونیشانی بابەت: کاربەدەستانی هەرێم لە ئەستێرەیەکی ترەوە نەهاتوون
ئامادەکردن: #نەوشیروان حسێن سەعید#
زۆرجار دەگوترێت گەلێک کە خاوەنی ئەنفال و #هەڵەبجە# و ئەو هەموو نەهامەتییە بێت، شایانی ئەو حکومڕانییە خراپەی پارتی و یەکێتی نییە. دەوترێت ئەوە پاڵشتیی زلهێزان و وڵاتە ئیقلیمییەکان و تەزویرە ئەو دوو هێزەی هێشتۆتەوە نەک پشتیووانییراستەقینەی خەڵک. دەگوترێت، نوخبەی سیاسیی هۆکاری هەموو یان زۆرینەی نەهامەتییەکانی هەرێمی کوردستانن نەک خەڵکی ئاسایی کە هیچیان بەدەست نییە. ئەمانە وچەندین بۆچوونی دیکەی هاوشێوە، بەڵام ئایا ئەو تێڕوانینانە ڕاستن؟
لە ‘تیۆری کولتووری سیاسیی’ دا گریمانەیەک هەیە، دەتوانین ناوی لێبنێین تێزی ‘گونجان’ یان ‘سازبوون’. بەپێی ئەم تێزە، جۆری حکومڕانیی و دەستەبژێری سیاسیی هەر شوێن و وڵاتێک ساز و گونجاوە لەگەڵ بیرکردنەوە و دید و تێڕوانینی خەڵکەکەی.
ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت سیستەمی سیاسیی ڕەنگدانەوەی کولتووری کۆمەڵگەیە، ڕەگێکی قوڵی لە مێژوودا هەیە. بۆ نموونە، مۆنتیسکۆ (1689- 1775) لە پەڕتووکی De L’Esprit des Lois ‘رۆحی یاساکان’ باس لەوە دەکات کە ئەو یاسایەی کۆمەڵگەیەک ڕێکدەخات، ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی زاڵی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەیە. بەمانایەکی دیکە، ئەوە ئاستی ڕاستگۆیی و ڕادەی مەدەنیبوون و جۆری بیروباوەڕ و بەها و تیڕوانینەکانی خەڵکە کە دواجار شێوازی حکومڕانییەکە دیاریدەکات، جا حکومڕانییەکە ستەمکاری و دیکتاتۆری بێت یان دیموکراسی. بەهەمانشێوە، ئەلێکسیس دو تۆکڤیل (1805-1859) لە پەڕتووکی De la Démocratie en Amérique ‘دیموکراسی لە ئەمریکا’ ئەوە دەخاتەڕوو کە دەرکەوتن و گەشەکردنی دیموکراسی لە ئەمریکا ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەی لیبراڵانەی خەڵکی ئەمریکایە.
لە ئەدەبیاتی ئیسلامییشدا، زۆرجار جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە کاربەدەستان دەرهاویشتە و هاوشێوەی خەڵکەکە خۆیانن، ئەگەر خەڵکەکە باش بوو، ئەوا کاربەدەستانیش باش دەبن، پێچەوانەکەشی ڕاستە ( کيفما تکونوا يولى علیکم ) .
لە سەردەمی نوێیشدا، شکستی دیموکراسی لە ئەڵمانیای فایمەردا (1918-1933) و هاتنە سەر حوکمی هیتلەر ئەو ڕاستییەی دەرخست کە ناکرێت دەستەڵاتی سیاسی و ئاڕاستەی خەڵک دژ بە یەک بن. هەرچەندە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، دەستوورێکی دیموکراتی لە ئەڵمانیا پەسەندکرا، بەڵام لە واقیعدا هەرگیز ئەو دیموکراسییە بەرجەستە نەبوو. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە خەڵک چەندین ساڵ بوو لەگەڵ تاکڕەوی وستەمکاری ڕاهاتبوون، ئاسان نەبوو یەکسەر لەگەڵ دیموکراسی ڕابێن. کاتێک ئەو دیموکراسییە نوێیە شکستیهێنا، ئیتر ڕێگە بۆ هیتلەر خۆشبوو کە لە ڕێیهەڵبژاردنەوە دەستەڵات بگرێتە دەست. دواتر ڕوونە کە هاتنی هیتلەر چی کارەساتێکی درووستکرد و چۆن بووە هۆی جەنگی جیهانی دووەم و کوژرانی چەنیدن ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا. شکستی بەهاری عەرەبیش لە میسر و چەند وڵاتێکی دیکە، نموونەیەکی نزیکترە لەمڕووەوە.
شکستی ئەزموونی دیموکراسی لە ئەڵمانیای فایمەر لەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا و ئێستاش لە هەندێ وڵاتی عەرەبیی و ئەزموونی ناسەقامگیریی لە ئێراقی دوای سەدام و بەدینەهاتنی حکومڕانییەکی دادپەروەر و دیموکراسی پاش 29 ساڵ لە درووستبوونی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییە دەخەنەڕوو کە زەحمەتە دیموکراسی بەبێ زۆرینەیەک لە خەڵکی دیموکراتیخواز بێتەدی.
لە زانستی سیاسیدا، گریمانەیەکی دیکە هەیە کە جگە لە جۆری حکومڕانییەکە، سەقامگیریی سیستەمە سیاسییەکەش دەبەستێتەوە بە جۆری بیرکردنەوەی خەڵک. ئەم گریمانە یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی هەندێک وڵاتی دیکتاتۆر، هەروەکوو وڵاتانی دیموکراسی سەقامگیرن. یەکێک لە هۆکارە هەرە بەهێزەکانی ئەو سەقامگیرییە بریتییە لە ڕازیبوون و پێدانی شەرعییەتێکی پەنهان و ناڕاستەوخۆ بەو دەستەڵاتە دیکتاتۆرییە، هەروەکوو چۆن لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا خەڵک لە ڕێی سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعیەت دەدات بە دەستەڵات. کەواتە، پێش ئەوەی سەیری جۆری دەستەڵات لە سەرەوە بکەین، گرنگە تەماشای چۆنێتی بیرکردنەوەی خەڵک بکەین لە خوارەوە.
بەپێی هەردوو گریمانەکەی سەرەوە، سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ئەو حکومرانییە پڕ لە گەندەڵی و نادادپەروەرییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لەر استیدا لە پلەی یەکەمدا هەڵقوڵاوی بیرکردنەوە و تێڕوانینی خەڵکە. کاربەدەستانی هەرێم هەر کوڕی ئەو میللەت و کلتوورەن کە بە چەوسانەوە و نادادپەروەری و گەندەڵی ڕاهاتوون یان بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیشیان بەشێکن لە گەندەڵییەکە. ئەزموونی خراپی بەشێک لە بەرپرسانی موعارەزەش کاتێک کە پۆستێک وەردەگرن، دیسانەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆمەڵگەی کوردیی توانای بەرهەمهێنانی کاربەدەستی باشتر و دامودەزگای تۆکمەی نەبووە تا ئێستا. کاڵا لە گوێرەی باڵا، کاربەدەستانی هەرێم لە ئەستێرەیەکی ترەوە نەهاتوون! [1]