غەنوشی یان هەیبەتوڵڵا: ڕۆژاوا هەڵەکانی دووبارە دەکاتەوە!
#عادل باخەوان#
04-09-2021
$لە دیدارێکی درێژم لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە، دە هەزار کارەکتەرە، بەوردی گەڕاومەتەوە سەر هەڵەکانی ڕۆژاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ئەو کارەساتە گەورەیەی کە چاوەڕوانی ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەکات و هەوڵدەدەم لەم خاڵانەی خوارەوەدا کوورتەکەی بخەمە بەردەست خوێنەران.$
1. پاش بیست ساڵ لە کارەساتی 11ی سێپتێمبەر، پاش خەرجکردنی دوو هەزار ملیار دۆلار، ئێمە لە بەردەم دوو فاکتداین، یەکەمیان بریتییە لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و دووەمیشیان بریتییە لە دوورخستنەوەی نەهزە لە دەسەڵات.
2. بزووتنەوەی تاڵیبان، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەموو کەرەستەکانی تیرۆریزمی وەک چەکی ملاملانێ لەبەرانبەر ڕۆژاوادا بە گشتی و ئەمریکادا بەتایبەتی بەکارهێناوە و هەروەها ڕۆژاوا هەموو تواناکانی خستووەتە کار بۆ ئەوەی لە بیست ساڵی ڕابوردودا ئێمە قەناعەت پێبکات کە تاڵیبان هیچ نییە بزووتنەوەیەکی تیرۆریست نەبێت.
3. بزووتنەوەی نەهزە لە تونس، لە 2011ەوە لە تونسدا ئامادەیە و بە گۆشت و ئێسقانەوە تێکەڵ بە کێڵگەی سیاسی بووە و بەشداری هەموو پرۆسێسە دێموکراتییەکانی کردووە. ڕاستە نەهزە بزووتنەوەیەکی موحافزکارە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەوروپا لێوانلێوە لە بزووتنەوەی موحافزکاری کریستیان و هەمووشیان دانیانپیادانراوە و لە چەندین وڵاتیش دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و وەک دیاردەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
4. بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، نەهزە کەسێکی نەکوشتووە، کەسێکی زیندان نەکردووە، کەسێکی بە بارمتە نەگرتووە، کەسێکی نەڕفاندووە، سەری کەسێکی نەبڕیوە و ئەورپییەکیان نەکوشتوە، بەڵام تاڵیبان هەموو ئەوانەیان کردووە و سەدان ئەمریکییان کوشتووە. نەهزە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانی گرتە بەر، بەڵام تاڵیبان ڕێگەی چەک.
5. لەنێوان ئەم دوو مۆدێلەدا، نەک هەر لە تونس و ئەفغانستان، بەڵکوو لە چەندین وڵاتی وەک میسر و لیبیا و وردەوردەش سووریای ئەسەد، ڕۆژاوا بڕیاری خۆی داوە: تاڵیبان لەبری نەهزە، هەیبەتوڵڵا لەبری غەنوشی، جیهاد لەبری دیموکراسی!
6. من پێم وایە لەسەر ئاستی دوورە مەودا، ڕۆژاوا هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژی دەکات، هەڵەیەک کە دواتر نەک هەر بەتەنیا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو تەواوی جیهان بە ڕۆژاواشەوە، باجەکەی زۆرزۆر بە قوورسی و بەگرانی دەدات.
7. لە ڕێگای ئەم ستراتیژیەتە هەڵەیەوە، ڕۆژاوا بە ناڕاستەوخۆ، بەو سەدان ملیۆن ڕۆژهەڵاتییە دەڵێت: بۆ ئەوەی بوونی خۆتان بسلەمێنن، بۆ ئەوەی ببینرێن، بۆ ئەوەی گوێتان لێبگیرێت، بۆ ئەوەی لەنێو مێژوودا پێگەیەکتان هەبێت، دیموکراسی باشترین بژاردە نییە، مۆدێلی غەنووشی باشترین مۆدێل نییە، بەڵکوو باشترین بژاردە جیهادە و مۆدێلی هەیبەتوڵڵا باشترین مۆدێلە.
8. واتە ڕۆژاوا بە ناڕاستەوخۆ، هانی نەوەی نوێی ئێمە دەدات بۆ گرتنەبەری ڕێگەی زەبروودەنگی ڕادیکاڵ وەک تاکە بژاردەی ئامادە بۆ بوون و هەبوون لەنێو مێژووی بەشەریەتدا. بۆیە هەروەک بە ڕۆژنامەی لۆمۆندم گوت: با هیچ گومانمان لەوەنەبێت کە لە سبەینێیەکی نزیکدا، چەندین 11ی سێپتەمبەری دیکە لە پاریس و لەندەن و بەریلین و واشنتن و بەغدا و هەولێر و قاهیرە ببینین.
9. بەداخەوەم بیست ساڵ دوای 11ی سێپتێمبەر، ئێمە هیچ وانەیەکی گرنگمان وەرنەگرت، بەداخەوە سبەینێ لە دوێنێ جوانتر نابێت. [1]