ناونیشانی بابەت: ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا/ بەشی هەشتم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$دێری سوڵتانە مەهادۆخت$
ئەم شوێنەوارە، کە لەناو لیستی شوێنە شوێنەوار و کەلەپوورییەکانی ئێراق ناوی نووسراوە، بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی درووستکردنی بۆ ساڵی 319 زایینی دەگەڕێتەوە، واتا هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی #ساسانییەکان#. ئەم دێرە دەکەوێتە گوندی ئەردەنای خواروو، کە هەموو دانیشتووانی مەسیحین. بینای دێرەکە لە دوو ژووری گەورە پێکدێت، بە شێوەیەک، کە لە ژووری یەکەم بە سێ هەنگاوی گەورە دەگەیتە ژووری دووەم، کە لە گۆشەی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم ژوورە شوێنی پیرۆز و تایبەت بۆ قوربانیکردنی لێیە، کە هەر لەو شوێنەش گۆڕی خزمەتکاری دێرەکەی لێیە.
هەموو ساڵێ لە 15ی مانگی ئایار، زۆربەی مەسیحییەکانی جیهان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، بە مەبەستی پیرۆزکردن و جێبەجێکردنی جەژنی شینبوونەوە و سەوزایی، کە بۆنەیەکی تایبەت بە حەزرەتی مەریەمە.
چیرۆکی هاتنی مەهادۆخت و خوشکەکەی بۆ ئەم دەڤەرە، بۆ دوو چیرۆک دەگەڕێتەوە، کە خەڵک باسی دەکەن، یەکەم ئەوەی ئەم دوو خوشکە بۆیە نێردراون بۆ ئەم شوێنە، چونکە حەزیان لە خوێندنی قوتابخانە نەبووە، بۆیە هاتوونەتەوە ئەوێ، بۆ ئەوەی فێری خوێندنی ئایینی و دینداری بن. چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ: مەهادۆخت و خوشکەکەی لەژێر گوشاری ئایینی، کە لەلایەن ساسانییەکان و خەڵکی دیکە بۆیان درووست کرابوو، بەرەو ئەم ناوچەیە هاتوون و لەوێ سەرقاڵی خوێندنی ئایینی دەبن و هەموو ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی خەڵک و ئایینەکەیان تەرخان دەکەن، بەڵام لەدوای چەند ساڵ لەلایەن کەسانی نامەسیحی، کە دژایەتیی مەهادۆخت و مەسیحییەتیان دەکرد، هەر لەو گوندە و لە دێرەکەی خۆیان دەکوژرێن.
لەدوای کوژرانی مەهادۆخت بە چەند ساڵێک، ڕێبوارێک لەو شوێنە تێدەپەڕێت و ڕووناکییەک دەبینێت، کە لە گۆڕی مەهادۆخت و خوشکەکەی دێتە دەرێ، بۆیە شوێنەکە هەڵدەکۆڵێت و دوو کەللەسەر دەدۆزێتەوە و هەڵیاندەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیانبات. هەتا چەند ساڵێک، کە شەوێک خەون بە مەهادۆخت دەبینێت و داوای لێ دەکات، کەللەسەرەکان بۆ ئەو شوێنەی لێی هەڵگرتووە بگەڕێنێتەوە و بیاننێژێت، بۆیە ڕێبوارەکە هەمان کار دەکات و بۆ دواجار تەرمەکەی مەهادۆخت و خوشکەکەی لە دێری مەهادۆخت دەنێژرێت.
سەبارەت بە کەلوپەلی بەکارهاتوو بۆ ئەم بینایە، چیرۆکێک هەیە دەڵێ: بەردەکانی ئەم دێرە هەمووی لە چیای گارەوە هێنراون، بەبێ ئەوەی بە ئەرز بکەون، لێرەش مەبەست ئەوەیە، کە بەردەکان دەست بە دەست لە گارەوە بۆ ئەم دێرە گوازراونەتەوە. مەهادۆخت وشەیەکی کۆنی زمانی فارسییە، کە بۆ سەردەمی ئەخمینییەکان دەگەڕێتەوە و بە واتای کچی مانگ، یان کچێک، کە لە جوانیا وەک مانگ بێت، هاتووە. ئەم دێرە دێرینە هەتا ئێستاش هەر ئاوەدانە و بە ڕووی خەڵکدا کراوەیە.[1]