ناونیشانی بابەت: ئایینی مەسیحییەت و شوێنەوارەکانی لە کوردستان/ بەشی حەوتم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
مێژووی هاتنی مەسیحییەکان بۆ کوردستان دێرینە و بۆ سەردەمانی کۆن دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش چەندین دێر و کەنیسە و شوێنی ئایینی لە کوردستاندا هەن، کە لەسەر ئاستی جیهاندا بایەخیان پێدەدرێت و گرنگن. ئێمە لێرە بە شێوازی کورت و پوخت، باس لە چەند نموونەیەک لە بەتەمەنترین شوێنەوارەکانی ئایینی مەسیحی لە کوردستاندا دەکەین:
$دێری مار مەتێ$
یەکەم شوێنەواری ئایینی مەسیحییەت لە کوردستان، کە وەک کۆنترین شوێنەواریش تۆمار کراوە، شوێنەواری (دێری مار مەتێ) یە لە #باشووری کوردستان#، کە دەکەوێتە باکووری شاری مووسڵ و نزیکە لە شاری بەعشیقەیە و کەوتووەتە دامێنی چیای مەقلووب. هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیی ئەم دێرە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی لەم چیایە درووست کردووە. دێری مار مەتێ بە کۆنترین دێری کریستیانە سریانییەکان لە کوردستان و هەموو ئێراق دادەنرێت و بەهۆی مێژووە کۆنەکەی، لەسەر ئاستی جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم دێرە لە سەدەی چواری زایینی واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پاشای ئاشووری، مەلیک سەنحاریب درووست کراوە. تەمەنی ئەم دێرە زیاتر لە 1600 ساڵە و لە کۆتاییەکانی سەدەی چواری پێش زایین، واتە لەنێوان ساڵانی 361- 363، نزیکەی 300 ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت، لەلایەن کەسایەتییەکی کورد، کە لە بنەماڵەیەکی دیاری ئامەد بوو، بە ناوی مار مەتێ، درووست کراوە.
ئەم پەرەستگایەش هەر وەک پەرەستگەکانی دیکە، کە نزیک بوون لە سنووری هێرشی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێراق و شام (داعش) ، هەڕەشەی تەقاندنەوەی لەسەر بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پارێزرا.
$کەسایەتیی مار مەتێ$
مار مەتێ یەکێک لە حوارییەکانی عیسا مەسیح بووە، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە و لە ناوچەی نەینەوا، لەگەڵ ڕەبەنەکان شوێنێکیان دامەزراندووە بۆ نوێژ و نزا و بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئەم ئایینە.
$دێر ڕەبەن هورموزد لە ئەلقووش$
ئەم دێرە دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای مووسڵ و دوو کیلۆمەتر و نیو لە شارۆچکەی ئەلقووشەوە دوورە. بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم دێرە لەنێوان ساڵەکانی 628- 648ی زایینی درووست کراوە. دێری ڕەبەن هورموزد، لەلایەن کەسایەتیی قدیس ڕەبان هورموزد، کە بە ڕەگەز فارس بووە، درووست کراوە. ڕەبان هورموزد لە سەرەتاوە لە دێر کاری کردووە و بە ماوەی دوو ساڵ لە دێری ئەلرەئس ژیاوە و دواتر بەرەو دێرێک لەنزیک ئەلقووش ڕۆیشتووە. ڕەبان هورموزد لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لە بینای دێرەکەدا نێژراوە.
$مەریەمانە لە هەولێر$
سەبارەت بەم دێرە زانیارییەکی زۆرمان دەست ناکەوێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە تا ئێستا توێژینەوەی ئاکادیمی و زانستیی وردی بۆ نەکراوە، بەڵام کۆمەڵێ زانیاریی گشتی لەسەر ئەم دێرە هەیە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.
مەزارگەی پیرۆزی مەریەمانە، دەکەوێتە سێ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر. شێوازی بیناسازیی ئەم مەزارگەیە، پێکهاتووە لە دوو گومەزی بچووک و لە ڕێگای دوو دەرگای بچووک دەتوانی بچیت بۆ ناو مەزارگەکە.لە ساڵی 1965هەر لەسەر شێوازی خۆی، نوێ کراوەتەوە، لە ساڵی 1975دیسان نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام نەک بەو کەرەستەی بەکارهاتووی لەناو خودی بینا کۆنەکە، بەڵکوو ئەم جارە بە بەکارهێنانی کەرەستەی نوێ، بەڵام هەر لەسەر شێوازە کۆنەکەی بیناکە، کاریان تیاا کردووە، کە گومەز و دەرگا و دیوارەکان وەک خۆی ماونەتەوە.چیرۆکێک هەیە، کە بە گوتەی پێشینانی ئایینی مەسیحی، ئەم مەزارگەیە کەنیسەیەکی کۆن بووە لەنزیک گوندێکی کشتوکاڵیدا، هەروەها هۆکاری درووستکردنەکەشی بو دەرکەوتنی مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەگەڕێننەوە.هەروەها وا دەڵێن، کە هۆکاری درووستکردنی ئەم مەزارگەیە ئەوەیە، کە مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەرکەوتووە.[1]