دەقی وتارەکەی #بافڵ تاڵەبانی#:
بەداخەوە لەرۆژی ئاڵای کوردستان لێرە کۆبووینەتەوە ماڵئاوایی لە برای ئازیزمان کاک ئاکام بکەین، شەهید ئاکام کورد بوو، پیاوێکی بەدین بوو، شەڕی بۆ کوردستان و میللەتەکەی و حزبەکەی کرد، کاک ئاکام هیچی نەدەویست جگە لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و بەرەوپێشبردنی هێزی پێشمەرگە، دەیویست شەڕی دوژمنەکانی کوردستان بکات، دەیویست یەکڕیزی کورد دروست ببێت، دەیویست ژیانی میللەتەکەمان باشتر بێت، گەورەترین قوربانیشی بۆ ئەم بیروبۆچوونانەی خۆی دا.
شەهید ئاکام به و تەمەنە گەنجەوە توانی هێزێکی بچووک بکاتە ئەم هێزەی ئێستای کۆماندۆی کوردستان، ئه و هێزەی کە هەموو نەیار و دوژمنەکانمان لێی تۆقیون.
شەهید ئاکام بەشێکی سەرەکی بوو لە شەڕی #داعش# و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی ئه و پەیوەندییە تایبەتەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەمانە، هەروەها ڕۆڵێکی زۆر گرنگیشی هەبوو لە ڕێکخستنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کاک ئاکام یەکێک بوو لەوانەی کە توانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بگەڕێنێتەوە سەر ڕێبازەکەی جەنابی مام جەلال، ئه و یەکێتیەی ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتی عیراق و یارمەتی کوردستانی عیراق بدات و بە پشتیوانیتان یارمەتی خوشک و براکانمان بدات لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
کاک ئاکام ئازا و بەوەفا بوو، پیاوێکی بەدین بوو، ئێمە هەموومان موسوڵمانین، هەرچەند دڵمان گران بێت، دەبێت شانازی بەوەوە بکەین کە بە پاکی و سەربەرزی گەڕایەوەی بۆلای خوای گەورە.
وەکو هێزی کۆماندۆ و دژەتیرۆر و پێشمەرگە، بەڵێنمانداوە بە کاک ئاکام وەکو ئه و بە ڕۆح و خوێنمان بەرگری لە کوردستان بکەین، لێرەدا بەڵێن بە خەڵکی کوردستانیش دەدەین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قوربانی زۆری داوە بۆ ئازادی و مافی چارەنوس و بۆ خاکەکەمان، هەزاران شەهیدمان داوە، کاک ئاکام یەکێکە له و شەهیدانە، هەرگیز ناهێڵین ناوی شەهیدەکانمان ون بێت، دەبێت له و ڕێگایە بەردەوامبین تا دەگەینە ئامانجەکەمان .
شەهید ئاکام هێزی کۆماندۆی لەخۆی زیاتر خۆشدەویست، لێرەدا بەڵێن بە هێزی کۆماندۆ دەدەم کە بەهێزتر و گەورەتر دەبین و بۆپێشەوە دەڕۆین و هەرگیز بۆ دواوە ناڕۆین، بەڵێن دەدەم کە بەپشتیوانی جەنابتان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو هەوڵێک بدات تا ئه و کوردستانە دروست بکەین کە کاک ئاکام خەونی پێوە دەبینی .
بۆ بنەماڵەی کاک ئاکام و خزم و کەسوکاری، ئه و ئەڵماسەی کە ئێوە داتان بە کوردستان، هەرگیز ناتوانین وەکو پێویست بێینە خزمەتتان، بەڵام تا یەکێتی مابێت لەخزمەتی ئێوەدا دەبین.
براکەم کاک ئاکام، خوا وەکیلە لە شوێنێکی باشتر یەکتر دەبینینەوە
خوای گەورە لە شەهیدەکانمان خۆشبێت[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!