ناونیشانی بابەت: پەروەردە؛ ڕۆڵی لە نەهێشتنی ڕق و کینەدا
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
زۆر پێناسەی گرنگ هەیە بۆ پەروەردە، هەر کام لەوانە بێنین، درووست و گونجاون، بەشێوەیەکی کورت و پوخت، پەروەردە ئامانجی باڵای ژیان و بونیادنەری ئاییندەی گەشی دواڕۆژی گەل و نیشتمانە، کە هەوڵی جوانکردن و خۆشەویستی و هاوکاری و ڕاستگۆیی و گەیشتنە بە شکۆمەندی.
ئەگەر بەووردی سەرنج لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کەسێتی تاکی کورد بدەین، یان لە کاتە جیاوازەکاندا، هەست بەبوونی دیاردەیەکی گشتگیر دەکەین، ئەویش بوونی ڕق و کینەیە لەجیاتی لێبوردەیی و خۆشەویستی و قبوڵکردنی ئەوانیتر.
ڕق و کینە بەمانای بوونی گیانێکی شەڕەنگێزی و دوژمنانە، لەناو ناخ و هەستی ئەوتاکەدا، کە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی پێچەوانە یان بەدینەهاتنی خواستی خۆی تووشی هەڵچوون و پەرچەکرداری نادرووست دەبێتەوە، لەئەنجامدا هەستی بەرانبەر دەشکێنێ و برینداری دەکات، بۆیە ئەو ڕق و کینەیە، دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە کەسانیتر و دەوروبەر.
ئەو ڕق و کینەیەی کە بوونی هەیە نابێ بەئاسانی و سادەیی سەیر بکرێت، پێویستی بە خوێندنەوە و توێژینەوە هەیە، بەڕای ئێمە ئەوە لە پەروەردەی خێزان و قوتابخانە و کۆڵانەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر بەووردی و بەپلانی زانستی و پەروەردەیی کاری لەسەر نەکرێت، زۆرجار تاکی خراپ و شەڕەنگێز درووست دەکات، تەنانەت دەبێتە تاکێکی تاڵانکار، هەربۆیە (ئاگاتا کریستی 1890- 1976) هونەرمەندو نووسەرو ڕۆماننووس) دەڵێت: مرۆڤی لاواز لەوانەیە ببێتە دڕندەیەکی تاڵانچی ئەگەر دەرفەتی پێبدرێت، ئەگەر هەست بەڕق و کینە لەژیان و کۆمەڵگە بکات).
زۆرجار ئەوەمان لەکەسانی دەوروبەرمان بیستووە، کاتێ منداڵێک لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆیدا ناکۆکیەک یان جیاوازیەکیان دەبێت، دەکەونە سەرو گوێلاکی یەکتر و هەندێ جار برینداربوون و سەرشکاندنی تێدەکەوێت، کەسە نزیکەکانی بریندارەکە، هەمیشە دەپرسن ئەی تۆ چیت لە و کرد؟، هەقی خۆت کردەوە؟، تۆش لێتدا؟
ئەوکەسەی ئەو پرسیارانە دەکات لە مناڵەکە، کارێکی نەرێنی و نەشیاوەدەکات والە مناڵەکەدەکات، هەرکات و لە هەر کوێ بۆی گونجا لە و مناڵە بداتەوە کە پێشتر ئازاری داوە، ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە دەبنە هۆکارو فاکتەری درووستکردنی گیانی شەڕەنگێزی و تۆڵە کردنەوە، بەڵام لەڕاستیداو لە ئەنجامدانی کردەیەکی پەروەردەیی، ئەمانە پێچەوانە دەبنەوە، ئەگەر ئەو کەسە بە نەرمو نیانی و لەسەر خۆ دڵنەوایی مناڵەکە بکات و بە سادە و ساکار تێی بگەیەنێت، ئەوە هاوڕێتە و بە سوعبەت وای کردووە، ئێستا ئەو دڵی لەلاتە، پێی ناخۆشە تۆ ئازارت گەیشتووە، دڵنیام مناڵەکە هیچ جۆرە ڕق و کینەیەک لەدڵیدا جێی نابێتەوە، بەڵام دەکرێ بپرسین، ئایا کێ ئەم کارە ئەرێنیە دەکات؟
بێگومان ئەوکەسانەی بەباشی و درووستی لە پەروەردە گەیشتوون و کاری لەسەر دەکەن و ئاییندەی مناڵەکانیان باشتر دەنەخشێنن، کە دوور بێت لە ڕق و کینە و شەڕەنگێزی.
تاکەکانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، زۆرجار نمایشێکی خراپ دەکەن، بۆ دەربڕین و نواندنی خۆشەویستی، بەڵام ناخیان دوورە لە و نمایشە، ئەمەش کارێکی ناپەروەردەییە، هەربۆیە (پۆل ڤالێری 1871- 1945) هونەرمەند و نووسەرو شاعیر) دەڵێت: (خۆنمایشکردنی خۆشەویستی لە ڕق خراپترە).
لە یارییەکانی مۆدندیالی ئەمساڵی 2022 ی قەتەر، زۆر بەڕوونی گیانی شەڕەنگێزی و ڕق و کینەم بەدیدەکرد، لە لایەن هەندەرانی زۆر لە هەڵبژاردەکانەوە، لە کاتی دەربڕینی خۆشیەکانیان و پشتیوانیکردن لە و هەڵبژاردە دڵخوازانەی خۆیان مەبەستیانە سەربکەون، بەڵام هەندێ جار دەبووە، دەمەقاڵێ و دەربڕینی وشەی نەشیاوو بریندارکەر، تەنانەت ئەو حۆرە دەربڕینانە لەتۆڕە کۆمەلاِیەتیەکانیش ڕەنگی دابۆوە، (عەلا محەمەد مستەفا) لەم بارەوە دەڵێت: (وەرزش بریتییە لە بەڕێوەبردنی عەقلانی بۆ جەستەیەکی تەندرووست) ئەوەی چێژ لە وەرزش دەبینێت، بەتایبەت لە مۆندیالدا، ئەوانەن کە دوور لە گیانی ڕق و کینە، تەنیا بە سەربردنی کاتێکی پڕچێژ سەیری یاریەکان دەکەن، نەک بە و شێوازە خراپەی کە خەڵکی ئێمە بەکاری دەهێنن، دڵنیام هەموو ئەو کارو پەرچە کردارە خراپ و شەڕەگێزیانەی ڕق و کینە دەبەخشنەوە، بە پەروەردەیەکی درووست و هاوچەرخ، دەگۆڕدرێت بۆ گیانی خۆشەویستی و یەکتر قبوڵکردن. [1]