$ڕووە ڕاستەقینەکەی کونە ڕەشەکان$
نووسینی: موستەفا ن. کاوە
تەلارێک بێ، ئەوا کونە ڕەشەکان ئەندازیاری تەلارسازی ئەم گەردوونەن. هەمیشە گوێمان لە لایەنە خراپ و تێکدەرەکەی کونەڕەشەکان بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بابەتە سەرەکییەکە بەرەو قاڵبێکی تر براوە. وایە کونە ڕەشەکان تێکدەرن، بەڵێ وایە لەناوبەریشن، وایە هەروەک کەسێکی زۆرخۆر هەرچییەک لەسەر مێزی گەردوون بێت، دەیخۆن و نۆشی دەکەن. بەڵام زۆر وردەکاری هەیە دەربارەی کونەڕەشەکان، کە ئێمە نایزانین.
سەرەتا دەمەوێ بە پرسیارێک دەست پێ بکەم: (ئایا کونی ڕەش چۆن دروست دەبێت؟) زۆر بە کورتی و بە سادەیی: (کونە ڕەشەکان لە ئەنجامی مردنی یاخود تەواو بوونی سووتەمەنی ئەستێرە بارستە زۆر گەورەکانەوە دروست دەبن بەهۆی چەمانەوەیان بەرەو ناوەوەی خۆیان، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز، کە ناو دەبرێت بە سوپەر نۆڤاSupernova). کونەڕەشەکان کۆبوونەوەی بارستاییەکی زەبەلاحن لە ناوچەیەکی بچووک، کە هێزی کێشکردنێکمان بۆ دەهێننە ئاراوە، تەنانەت ڕووناکیش توانای دەربازبوونی لێی نابێت. بەڵام ئەوان تەنها ئەم لایەنە تاریکییەیان نییە، بەڵکوو لایەنی دیکەی ڕووناکییان هەیە، کە هیوا بەخشە.
کونە ڕەشەکان هەرچەندە ئەستێرەکان، هەسارەکان، و بە تایبەتی هەورە گازییەکان هەڵدەمژن، هۆکاری سەرەکیشن بۆ دروست بوونی ئەستێرەکان، و ڕاگرتنی باڵانسی گەردوون. کونە ڕەشەکان کاتێک هەورە گازییەکان هەڵدەمژن، کە هۆکاری دروستبوونی ئەستێرەکانن، لالەیەکی تر ئەو هەورە گازییانە دەبەخشنەوە گەردوون، بەهۆی دەرکردنەوەیان! بەڵێ کونە ڕەشەکان تەنها لەناوبەر نین، دروستکەریشن! هەر بۆیە ڕاگری باڵانسی گەردوونن، چونکە لە شوێنێک، کە دروست بوونی ئەستێرەکان بەرەو کۆتایی دەێنن، کەچی لالەیەکی تر هۆکارن بۆ دروستبوونیان.هەروەها کونە ڕەشەکان شێوە بە گەردوون دەبەخشن، بەهۆی بارستایی زەبەلاحەکەیان، کە کێشکردنێکیان هەیە، ڕێگرە لە پەرت بوون، و بڵاو بوونەوەی ئەستێرەکان بە شێوەی هەڕەمەکی لە گەردووندا. شایەنی باسە، کە لە گەردوونی بینراودا ترلیۆنەها گەلە ئەستێرەمان هەیە، و لە چەقی زۆربەی گەلە ئەستێرەکانیشدا کونێکی ڕەش هەیە، کە بارستاییەکەی ڕەنگە ملیۆنەها بارستەی خۆری خۆمان بێت! زۆرجار پرسیاری ئەوەش دەکرێ: (ئایا کونە ڕەشەکان لەناو دەچن یان نا؟) بە بیرو بۆچوونی خۆم، لە گەردووندا، هەر وەک چۆن هەر شتێک سەرەتایی هەیە، هەر بە هەمان شێوەش کۆتایی هەیە. کونە ڕەشەکانیش بەرەبەرە، هەنگاو بە هەنگاو لەناو دەچن!
بە بیروبۆچوونی زانای فیزیایی ستێڤن هۆوکینگ Stephen Hawking پێویستە کونە ڕەشەکانیش کۆتاییان هەبێت، و بێ گومان پێویستە بارستاییش ون بکەن. هۆوکینگ بابەتی ونکردنی بارستایی لەلایەن کونەڕەشەکانەوە ناو دەنێت بە تیشکدانەوەی هۆوکینگ hawking radiation. بۆ ئەوەی لە بابەتی تیشکدانەوەی هۆوکینگی تێبگەین، پێویستە تێگەیشتنێکی باشمان لە میکانیکی کوانتەم هەبێ. بەڵام لێرەدا هەوڵدەدەین بە سادەیی باس لە تیشکدانەوەی هۆوکینگی بکەین. میکانیکی کوانتەم ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە (فەزا، فەزا نییە!) واتە گەردوون بەتاڵ نییە. لە میکانیکی کوانتەم دا ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە، کە زۆر کەمتر لە چرکەیەک ملیارەها تەنۆکەی دوانە دروست دەبن. (ڕەنگە خوێنەر وا بۆی بچێت، کە ئەمە دژی یاسای یەکەمی سێرمۆداینامیکە، کە دەڵێ : (ناکرێ وزە لەناو ببرێت یان لە نەبوونەوە دروست بکرێت). نەخێر وانییە. چونکە تەنۆکەی دوانە دروست بوو، لە ڕاستیدا دژی یەکترن، کە دانەیەکیان هەڵگری بارستە(+) بێت، ئەویتریان هەڵگری بارستە (-) ە، کەواتە لە کاتی کارلێککردنیان یەکتر لەناو دەبەن، و بەم شێوازە یاساکەی سێرمۆداینامیک پارێزراو دەبێت) لە نزیک سنوری ئاسۆیی ڕووداوەکان کاتێک تەنۆکەی خەیاڵییەکان virtual particle -کە دەرکەوتنێکی کاتییە- دروست دەبن. یەکێک لە تەنۆکە گریمانەکان(+) دەربازدەبێت لە کونەڕەشەکان، و ئەویتریان(-) دەکەوێتە ناوەوەی کونەڕەشەکان، و لە بارستایی و وزەی کونەڕەشەکە کەم دەکاتەوە. ئەو بەشەشی کە ڕزگاری بووە، تیشکدانەوەی هۆوکینگی دروست دەکات. کەواتە تیشکدانەوەی هۆوکینگ hawking radiation وا لە کونەڕەشەکە دەکات بە درێژایی کات هەنگاو بە هەنگاو وزە لە دەست بدات، تا کۆتایی بە کونەڕەشەکە دێنێت بە تەواوی. کەواتە کونی ڕەش تەنها زەبەلاحێکی زۆر خۆری تێکدەر، و تێکشکێنەر و لەناو بەری هەموو شتەکان نییە، بەڵکوو هەروەک ئەندازیارێک بیناغە دانەری گەردوونیشە. ئەوانەی دەربارەی کونی ڕەش لە زۆربەی زۆری ڕوونکردنەوەکاندا بەرچاوم کەوتبێت، زۆری باس لە لایەنە نەرێنییەکەیان کردبوو، بۆیە پێم باش بوو، لایەنە ئەرێنییەکەش بخەمە ڕوو. [1]