$خەیاڵی جوگرافی چییە؟$
نووسینی: هێمن عەبدوڵڵا
لە زانستی جوگرافیا لقێک هەیە پێی دەگوترێ خەیاڵی جوگرافی!
بۆ نموونە ڕەنگە زۆربەمان کاتێک باسی سۆماڵ دەکرێت ڕاستەوخۆ وشکە ساڵی و نەبوونی ئاو بە خەیاڵت دادێت بێ ئەوەی هیچت لەسەر ئەو شوینە خویندبێتەوە... یاخود کاتێک باسی حووشتر و بیابان دەکرێت ڕاستەوخۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی دیتە بیرت... هەموو ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی لەگەڵ بابەتێکدا بۆت دروست دەبن پیی دەوترێت خەیاڵی جوگرافی، لە خەیاڵی جوگرافیدا میدیا ڕۆلێکی بەرچاو دەگیرێت لە وێناکردنی دیاردەو ڕووداوەکان...
بۆچی ئەم بابەتەم باس کرد؟
ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە ئەوەمان بینیبێت و بیستبیت کە لەوەرزی حەج و عەمرەدا موسوڵمانان ژمارەیەکی زۆر لە وشتر دەکەن بە خێر! بەڵام پێت سەیر نەبێت ئەگەر بزانین ئەو حوشترانەی کە لە ولاتی سعودیە سەر دەبڕدرێن بۆ مەبەستی گۆشتەکەی هەمووی لە ئوسترالیاوە هاوردە دەکرێت! چونکە لە سعودیە ئەو وشترانەی خۆیان هەیانە زیاتر بۆ مەبەستی بە کارهینانی ماڵی و پێشبرکێ خزمەتیان دەکەن، بۆیە هەرکاتیک باسی حوشتر کرا پێت وا نەبێت تەنها لە نیمچە دوورگەی عەرەبی هەیە...
جگە لەوە ئایا ئەزانی سعودیە لمی بیابان لە ئوسترالیاوە هاوردە دەکات ؟
یەکێک لە پیشەسازییە گرنگەکانی ئوسترالیا بریتییە لە هەناردەکردنی لمی بیابان، چونکە ئەو لمەی لەو کیشوەرە هەیە بەکار دەهینرێت لە بواری دەرهێنانی دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم کە ئەویش بە کاردەهینرێ لە بواری دروست کردنی ڕۆن و بۆیاخ دا.... هەروەها سعودیە هاوردەی لمی ئوسترالیا دەکات و بەکاری دێنێ لە بواری سافکردن و خاوین کردنەوەی ڕووکارە ڕەقەکان لە بالەخانەکاندا... چونکە سعودیە دەستکاری لمی بیابانی خۆی ناکات وەک سەرچاوەیەکی سرووشتی سەیری دەکات.
کەواتە ڕەنگە زۆربەمان پێوستمان بە ڕاستکردنەوەی ئەو خەیاڵە جوگرافییانە هەبێت کە لە لامان دروست بووە، ئەمەش لە ڕێگەی خوێندنەوە دەکرێت کە خۆت ببیت بە سەرچاوەی گەران بە دوای زانیاریەکان نەوەک لە سەرچاوەیەکی دی پێت بگات. [1]