$داروین خۆرێک بە ئاسمانی زانستەوە$
نووسینی: مامۆستا پێشڕەو
چارلز داروین (Charles Darwin) لە 12 شوباتی ساڵی 1809 زاینی لە بەریتانیا لەدایکبووە و لە 19 ی ئەپرلی ساڵی 1882ز کۆچی دوایی کردووە، دوو تیۆری گرنگی دۆزییەوە، یەکەم تیۆری پەرەسەندن کە لە ساڵی 1858ز دۆزییەوە و ساڵێک دواترپەڕتووکی ڕەچەڵەکی جۆرەکانی بڵاوکردەوە، داروین لە قۆناغی لاویدا کەشتی ئێچ ئێم ئێس بیگڵ (HMS Beagle) کە لە ساڵی 1831وە دەستی پێکرد و پێنج ساڵی خایاند و لە ساڵی 1836 کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا بە گەڕان بە جیهاندا و لە میانەی ئەم گەشتەیدا گەلێک زانیاری کۆکردەوە و تیایدا چەندین شتی سەیر و سەمەرەی بینیوە و بە چەندین جۆری زیندەوەر و گیانەوەر ئاشنابووە و ئەمەش زۆر یارمەتی دا لە تیۆرەکەی دەربارەی گەشەکردنی زیندەوەران و لە ناویشیاندا مرۆڤ، کە دواجار دامەزراندنی تیۆرێکی شۆڕشگێڕی بایۆلۆژی نوێ، واتە تیۆری پەرەسەندنی لێکەوتەوە، بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکەی بە ناوی (بنەڕەتی جۆرەکان) ی لە ساڵی 1883ز دا هەرا و زەنایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. داروین وازی لە خوێندنی پزیشکی هێنا لە زانکۆی ئەدنبەرەوە پەیوەندی کردووە بە زانکۆی کەمبریج بۆ خوێندنی لاهوت و سەرەڕای سەرنجەکانی لەسەر پەڕتووکی پیرۆز و ئایین، هەرگیز خۆی بەبێ دین دانەناوە، بەڵکوو خۆی وەک کەسێکی سەربە قوتابخانەی (نازانم) یستەکان داناوە. (هەندێک نهێنی لە بارەی چارلز داروینەوە، کەشتی نوح…..).
بەپێی ڕوانگەی داروین:
• ئاژەڵ و گژوگیا هەبووەکان هەموویان لە فۆرمێکی سادەی ژیانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
• ئەم پڕۆسەیە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سرووشتیەوە هەیە، واتە جۆرە براوەکان ئارەزووی مانەوەیان هەیە و جیناتەکانی خۆیان بۆ یەکتری دەگوازنەوە.
• فرە جۆری ڕێکەوت ئاسا لە جیناتەکاندا جۆرە پەرەسەندووە تازەکانی لێدەکەوێتەوە و جۆرە دۆڕاوەکانیش لەنێودەچن.
ئەنجلس دەڵێت: داروین تیۆری گەشەکردنی جۆرەکانی گیانلەبەرانی دۆزیەوە و مارکسیش تیۆری گەشەکردنی مێژوویی مرۆڤی دۆزیەوە. داروین نیشانیدا کە خزمایەتیەک لە نێوان ڕەگەزی مرۆڤ و ئاژەڵدا هەیەو ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەک باپیرەوە کەوتونەتەوە، لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی بە پلە و لەسەرخۆ و درێژخایەن گۆڕانکاریەکان ڕوویان داوە و لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سرووشتی و لە ململانێی بۆمانەوە، ئەمانە بووە هۆی ئەوە کە بەهێزترین یان بەتواناترین بمێنێتەوە.هەروەها تیۆری داروینیزم سەبارەت بە ململانێی زیندەوەران لەپێناوی مانەوەدا یەکێکە لە تیۆرە بنچینەییەکانی داروینیزم، ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات زیندەوەران لە مملانێیەکی بەردەوامدان لەپێناو مانەوەدا و هەمیشە مانەوە بۆ جۆر و ڕەگەزی بەتوانا و باشە و هەرچی بێتوانا و لاوازەکانە تا سەر ناتوانن درێژە بە مانەوە بدەن و لە ئەنجامدا دەفەوتێن، بۆ نموونە لە کاتی ڕوودانی دیاردەیەکی سرووشتیدا ئەوا بەهێزەکان دەمێننەوە و لاوازەکان لەناودەچن.
ئیڤەلیوشن یان پەرەسەندن، بە عەرەبی پێی دەڵێن (الارتقا و) پێیوایە هەموو زیندەوەرانی سەر زەوی واتە ژیان لە یەک فۆرمی سادەوە کەبەکتریایە، نزیکەی سێ ملیار و نیو ملیار ساڵ بەر لە ئێستا دەستی پێکردووە و پەرەی سەندووە. داروین پێی وایە ژیان بە پڕۆسەیەک بوژاوەتەوە بەرەو ئاڵۆزی پەرەی سەندووە و کە پێی دەڵێت هەڵبژاردنی سرووشتی (Natural Selection)، ئەمە بووە بە بنچینە و بڕبڕەی پشتی تیۆرەکە، ئیڤەلیوشن دەڵێت لە 90% ی جینەکانی مەیمون وەک هی مرۆڤە، بە بۆچوونی زاناکان دوا بڕبڕەی پشتی مرۆڤ هی ئەو گیاندارانەیە کە کلکیان هەیە، وەک بەڵگەیەک کە مرۆڤ لە مەیموونەوە گەشەی کردووە. لە ئەکادیمیای میللی زانست لە (67) وڵات لە ساڵی (2006) ەوە داروینیزم کراوە بە بنچینەی خوێندنی بایۆلۆژی لە پۆلەکاندا، هەر لەم بوارەدا (72) زانای براوەی خەڵاتی نۆبڵ مەزبەتەیەکیان واژۆ کرد بۆ پشتیوانی وتنەوەی زانستی ئیڤەلیوشن لە پۆلەکانی خوێندن لە ئەمریکا. تیۆری داروین ئەوەی سەلماند کە مرۆڤ بوونەرێکی بەتایبەت دروستکراو نییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە لە سرووشتدا ڕوودەدەن. (تیۆری پەرەسەندنی داروین و ڕەهەندە زانستیەکانی…..).
چارلز داروین مێژووی بنەڕەتی جۆرەکان و ڕەگەزەکانی لەڕووی بایۆلۆژیەوە دانا، کە ئیتر مێژووی درێژی گەردوون لەو کاتەوە مێژووی کورتی مرۆڤ دەست پێدەکات کە تەمەنی لە شەش هەزار ساڵێک تێناپەڕێت و ئەم تەمەنەشی تەنیا بە دایەلۆگی نێوان یەزدان و مرۆڤ بەسەربردووە. بەڵام داروین وای لە مرۆڤ کرد کە زەمەنی ملیۆنێک ساڵ بکاتە تەنیا قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەشەی بایۆلۆجیانەی ژیانی مرۆیی لەسەر زەوی، کە داروین بەپێی تیۆری بنەچەی ڕەگەزەکان و یاساکانی گەشەسەندن و ململانێی ژیان بۆ مانەوە و خۆهێشتنەوە سەلماندی لەبەردەم دەروازەی مرۆڤدا مەیموون هەیە، بەمەش داروین مرۆڤی لەو ئیرادەیە داماڵی، کە خاوەنی چارەنووس و ئیرادەی خۆی بێت، مرۆڤی لەو وێنەیە داماڵی کە ئادەم و نوح هەیانە، بەمەش بەشێکی تر لەو شانازی بەخۆوەکردنەی مرۆڤ دەسڕێتەوە کاتێک مرۆڤ شانازی بە بەژنی جوانی خۆیەوە دەکرد و پێشی وابوو یەزدان مرۆڤی هاو وێنەی خۆی دروستکردووە. (سلۆتەر دایک لە نزیکەوە…..).
داروین لە تیۆرەکەیدا وایدانا کە هەموو زیندەوەرەکان کە ئەمڕۆ هەن زادەی پەرەسەندنێکی درێژخایەنن کە ملیۆنەها ساڵی خایاندووە و وایدانا کە تەنانەت مرۆڤیش زادەی پەرەسەندنە، ئەگەر داهێنان سەرەتا و کۆتایی و داهێنەری دیار و دەستیشانکراوی هەبێ، بە پێچەوانەوە تیۆری پەرەسەندن ئەمانە هەمووی ڕەتدەکاتەوە، بوون سەرەتا و کۆتایی نییە و هەر هەبووە و هەر دەمێنێ، هیچ بوونەوەرێک، هیچ هێزێک ئەو داهێنانەی نەکردووە، بەڵکوو بابەتەکە بریتییە لە پڕۆسەیەکی درێژخایەنی فۆرم و ڕوخساری ئۆرگانەکانی ژیان و بوون و جیهان.مارکسیزم تیۆرییەکەی داروینی بەو پێیەی کەتیۆریەکە لەگەڵ شیکردنەوەی ماتریالیستی مێژوودا دەگونجێت. لەو بۆچوونەوە ئەوە دەردەکەوێ کە بابەتی داهێنان (خەلق) بوونی نەبووە، بابەتەکە بریتی بووە لە گۆڕان و خۆگونجاندن و شەڕی دەستە ویەخەی مان و نەمان و هەڵبژاردنی سرووشتی، ئەوەی ئەو تونایەی هەبووە و ماوەتەوە و پەرەی سەندووە و لە دوای خۆی هیتر بەجێماون و پەیدابوون، ئەوانەی ئەو توانایەیان نەبووە لەناوچوون، تەنانەت ئەندامانی لەشی مرۆڤیش سنووری ئەو بۆچونانە نابەزێنن، دوور نییە لە سەردەمێکدا دەستی مرۆڤ ڕۆڵێکی تری گێڕابێت.
بەوپێ یە ئەو ڕەگەز و جۆرە توخمانەی کە ئێستا هەن بەپێی چەند بنەمایەک گەشەیان کردووە و پتربوون و بوون بە هەمەجۆر و هەمەڕەنگ، بێگومان ئەمەش لەشەو و ڕۆژێکدا نەبووە بگرە کاتی درێژخایەنی ویستووە و خایاندووە و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سرووشتی ئەوانە ماونەتەوە کە شایستەی مانەوە بوون و لە شەڕی دەستە و یەخەی مان و نەماندا سەرکەوتوون، ئیتر لێرەوە بەلای داروینەوە خۆگونجاندن لەگەڵ دەورووبەر، بەکارهێنانی ئەندامانی لەش لە ژینگە و دەوروبەردا پێی ڕەوشەکە قانونی بۆماوە ئەو هۆکار و میکانیزمەی بوونی بوونەوەری ئێستان.
ئەنگلس لە پەڕتووکی بنەمای خێزاندا زۆر لە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕی دارویندا بووە و لەم پەڕتووکەدا جیهانبینینی مارکس و ئەنگلس و داروین تێکەڵاوی یەکتر دەبێ. داروین زۆرپشت بە هەڵبژاردنی سرووشت دەبەستێ و پێیوایە سرووشت ڕۆڵێکی سەرەکی لە پەرەسەندنی بوونەوەرەکاندا هەیە و هەر سرووشتیشە کە بوونەوەری شایستە پەرەپێدەدا و بوونەوەری نەشیاو لەناودەبا. (رۆڵی تیۆریی پەرەسەندنی داروین لە جیهاندیدی فریدریک ئەنگلزدا….).تێوری پەرەسەندن کەمێک لەو هەستە زیاتر دەڕوات و بە ئاشکرا پیشانی دەدات کە دەوڵەت دیاری خودا نیە، بەڵکوو کاری هەڵسەنگێنراوی خودی مرۆڤە. لە ڕاستیدا دەوڵەت پەرەسەندنی پلە بە پلە و سرووشتیانەی مێژووییە، دەوڵەت بەخشراوی هێزە ئاسمانیەکان نیە، بەڵکوو بەرهەمی هەڵسەنگێنراوی کاری خودی مرۆڤە، بەڵام سەرەتاکانی لە نێو ڕابردووی پڕ غوباردا ونبووە، کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان نائاگایانە پەیدادەبوون و گەشەکردن و گۆڕانەکانی پەیڕەویان لە یاسا گشتیەکانی پەرەسەندن کردووە. (بنەماکانی زانستە سیاسیەکان….).ئەو شۆڕشەی داروین ئەنجامیدا کۆی هزر و ئەندێشەی میتافیزیکی و کلاسیکی هێنایە لەرزە، لەو ڕوانگەیەوە داروین زۆر بە توندی کەوتە بەر ڕەخنە و هێرشی لایەنگرانی دیدی میتافیزیکی و ئایدیالیستی، داروین زۆر بە توندی کەوتە بەر ڕەخنە و پەلاماری ئەندێشەی ئایینی بە هەرسێ ئایینە ئاسمانیەکەوە.
لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا
داروین ئەوەی ڕوونکردەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی گەشەکردووە و بە کۆمەڵێک گۆڕانی بایۆلۆژی و سرووشتیدا تێپەڕیوە و سەرئەنجام گەیشتۆتە ئەم مرۆڤەی ئێستا. لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا و ڕێک لە ساڵی 1950 پاپا بیوسی دوانزەیەم ڕایگەیاند تیۆری پەیدابوون و پەرەسەندنی داروین میتۆدێکی زانستی دروستە بۆ شیکردنەوەی گەشەکردنی مرۆڤ و پاپا یوحەننا پۆلس لە ساڵی 1966 هەمان ڕای دووبارەکردەوە. لەم ڕوەوە جەمالەدینی ئەفغانی و ڕەشید ڕەزا و محەمەد فەرید مەجدی و محەمەد عەبدە و دواتریش عەبدول سەبور شاهێن و جەمال بەننا نموونەی ئەو بیرمەند و ڕۆشنبیرە ئیسلامیانەن کە دانیان بە تیۆرەکانی دارویندا ناوە و ڕایەنگەیاندووە ئەگەر داروینیزم زانستیش بێت ناکۆک نییە لەگەڵ قورئاندا، ئەفغانی و لایەنگرانیان لەژێر کاریگەری تیۆری داروینیزمدا پێیان وایە ئادەم یەکەم مرۆڤ نییە لەسەر زەویدا و ڕاستەوخۆش لە قوڕ و گڵ دروست نەبووە، بەڵکوو پێیان وایە پێش ئادەم چەندەها جۆری تری مرۆڤ و زیندەوەر هەبووە. داروین پێیوایە کە پێکهاتەی هەموو گیانلەبەران بەتایبەت مەیموون وەک مرۆڤ وان و مرۆڤ لەوانەوە بە زنجیرەیەک قۆناغی گەشەکردندا تێپەڕیووە.
داروین پێیوایە کە مرۆڤ مەخلوقێکی سەربەخۆیە و خودی خۆی ڕاستەوخۆ دروست بووە، وەک بوونەوەرێکی کامڵ و خاوەن هۆشیاری و زانین، داروین ئەوەی بۆ ڕونکردینەوە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی پەرەسەندووە لە بوونەوەرەکانی ترەوە و بنەڕەتی هەموو بوونەوەرەکانی تر بریتییە لە یەک خانە کە زنجیرەیەک پڕۆسە و گۆڕانی بایۆلۆژی و فیزیکیدا گەشەی کردووە و بووە بەم مرۆڤەی ئێستا. جگە لە چەمکی پەرەسەندن داروین دوو تیۆری گرنگی تریشی هێنایەوە ئاراوە کە بنچینەی سەرەکی بوون بۆ دیاریکردنی بنچینەی جۆرەکانی زیندەوەر و گەشەکردنیان ئەوانیش هەڵبژاردنی سرووشت و ململانێی لە پێناوی مانەوەدا، تیۆری هەڵبژاردنی سرووشتی لەلایەن هەریەک لە (ئەلفرید واڵاس و داروینەوە) دانراو دواتر لە پەڕتووکی بنچینەی جۆرەکاندا (اصل الانواع) بڵاوکرایەوە، هەڵبژاردنی سرووشتی پێی وایە زیندەوەر خۆی لەگەڵ سرووشت و گۆڕانە سرووشتیەکاندا دەبینێتەوە و ئەو گۆڕانە سرووشتیانە کاریگەری هەیە لەسەر سیمات و جۆری زیندەوەران، کارگەری لەسەر چینەکان و تایبەتمەندیەکانیان هەبووە. (سەبارەت بە بنچینەی جۆرەکان….).
ئایدیاکانی داروین شۆکهێنەر بوون لەبەرئەوەی دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆی چیرۆکە نەریتیەکانی ئایینی بوو کە دەیگوت: خودا تەواوی جۆرەکانی هەر لە سەرەتاوە بە کامڵی خەلقکردووە، لەو ڕوانینەدا مرۆڤ حاکمی خولقێنراوەکانە و جیاوازی لەگەڵ تەواوی ئاژەڵەکاندا هەیە، چونکە خودا ڕۆحێکی نەمری بە مرۆڤ بەخشیوە. بەپێی تیۆریەکانی داروین مرۆڤ خولقێنراوێکی تایبەتی خودا نیە، بەڵکوو بەرهەمی پەرەسەندنێکی دوورو درێژ و لەسەرخۆیە، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەیڕەوی لە یاسای سرووشتی دەکەن. جیاوازی ئەو لەگەڵ تەواوی ئاژەڵەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێوانە ئاڵۆزییە بونیادییەی هەیەتی. لەگەڵ ئەمەشدا مرۆڤ بەرهەمێکی کامڵ نییە کە پێی دیزاینی کامڵی خودایی دروستکرابێت بەڵکوو توانای پەرەسەندنی زیاتری هەیە، ئەمە ئەو مانایە دەبەخشێ کە مرۆڤ بابەتێکی گونجاوە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و دەکرێت ئەوە بسەلمێنرێت کە پانتایی گەورەی ڕەفتاری ئاڵۆزی مرۆڤ لە پرنسیپە زانستیەکان دەکات: زۆرێک لە خەڵکی بە توندی کەوتنە دژایەتیکردنی تیۆرەکەی داروین، چونکە دژ بە بیروباوەڕە ئایینیەکەیان بوو.[1]