گالیلۆ لەبەردەم دادگادا
نووسینی و ئامادەکردنی: شێرکۆ ڕەشید قادر
لە 22 ی حوزەیرانی 1633 لە ڕۆما، پیاوێکی ڕیش سپی، سەرتاپا پۆشاکی سپی پۆشیبوو، شەرمەزار و پەشیمان لە کردەوەکانی، لە بەردەم حەوت پیاوی کڵێسەدا چۆکی دادابوو داوای بەزەیی دەکرد و پاکانەی دەنووسی. ئەم پیاوە ڕدێن سپییە، لە ئیمانداری و خواپەرستیدا لەوان زۆر زیاتر کریستیان بوو، بەڵام تەنها بە دڵی ئەوان پەڕتووکەکەی نەنووسی، بۆیە لێرەدا دەیانەوێت ڕیسوای ئەم دنیا و ئەو دنیای بکەن. ئەم ئیختیارە، گالیلۆ گالیلەی بو، لە بەردەمیاندا گوتی:
”من گالیلۆ گالیلەی، کوڕی ڤینچینسۆی فلۆرەنسی، تەمەنم هەفتا ساڵە، خۆم هاتووم بۆ دادگا، لەبەردەمی ئێوەدا چۆکم داداوە، ئێوەی کاردینالی لۆرد و قەشەی گەورە، ئێوەیەک کە موحەقیقی گشتی دونیای کریستیان هەموانن لە دژ کافرانی فاسق. لە بەردەم چاوانمدا پەڕتووکی پیرۆز دانراوە و دەستی پیادەدەم، سوێند دەخۆم کە هەمیشە باوەڕم وابووە، لە ئاییندەشدا، بە یارمەتی خودای گەورە، باوەڕم هەروا دەبێت، ئیمانم هەیە بە هەرچی بەندێک لە کاتۆلیکی پیرۆز و کڵێسەی ڕۆما تەبەننای دەکات، فێری خەڵکی دەکات و بانگی بۆ دەدات.”
لەم بەروارەدا، دوو دونیا بە یەکدا هاتن، دونیایەک کە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو کایەکانی کۆمەڵدا هەبوو، دنیایەکی تریش کە تازە بە تازە وەک فۆرمێکی مۆدێرنە خەریکی گاگۆلکە بوو، دونیای یەکەم ئیمانی بە پیرۆزی ئەبەدی و ڕەهای خۆی و هەقیقەتەکانی هەبوو، دونیای نوێش ئیمانی بە هەقیقەتی ماتماتیکی و تاقیکردنەوە بوو. دونیای یەکەم مزگێنی بە مرۆ دەبەخشی لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی دەرسەکانی پیاوانی کڵێسە، دونیای دووەم بانگەوازی کۆنترۆڵی سرووشتی بۆ خزمەتی مرۆ دەکرد لەسەر عەرد. دونیای یەکەم پەڕتووکە پیرۆزەکانی لەو دیو دەروازەکانی کڵێسەوە توند گرتبوو، بە جۆرێک خەڵکی عەوام بۆی نەبوو ڕاستەوخۆ بیخوێننەوە، دونیای دووەم بانگەوازی بیرکردنەوەی ئازادی دەکرد و دەیگوت مرۆ مافی خۆیەتی ئەم پەڕتووکانە بە چاوانی خۆی ببنینێ و بە ئەقڵی خۆی هەڵیان سەنگێنێ.
دونیای یەکەم دونیای دووەمی پێ قبوڵ نەبوو، سەرتاپا ڕەتی کردەوە. کاتێک ئەم دوو دنیایە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە، پاڵەوانی دونیای یەکەم پیاوانی بەدەسەڵاتی کڵێسە و پاڵەوانی دووەم، هەرچەندە بە سیما و ڕوواڵەت و بە فیعەلی گالیلۆ بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا بریتی بوو لە گۆڕینی پێگەی دونیا خۆی، بە واتایەکی تر دونیا چیتر لە حاڵەتی وەستاندا نییە. چیتر عەرشی گەردوون نییە و مرۆفیش چیتر ئەو مەخلوقە پیرۆزە ئەبەدییە نییە کە سەدان ساڵە پێمان دەڵێن، بەڵکوو وەک هەر کائینێکی تر لەم گەردوەنەدا بونی هەیە و لە هیچیان زیاتر نییە. بەمجۆرە پەیامی دونیای دوەەم پەیامی نوێی گالیلۆ بو کە خۆی لە سیمای سیستەمی نوێی کۆپەرنیکۆسی، مۆدڵی چەقە – خۆریدا نمایش کردبوە.
ئاکامی ئەم ململانێیە تراژیدیایەکی گەورە بوو، دونیای یەکەم لە سایەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەشکەنجەدا چۆکی بە دونیای دووەم دادا، گالیلۆ بە ڕووکەش دۆڕاندی، سازشیکرد، پاکانەی نووسی و گوتی من هەڵەبووم، زۆر هەڵە بووم، هەرگیز زەوی بە دەوری خۆردا ناسوڕێتەوە، مۆدڵی کۆپەرنیکۆس جگە لە فەرزیەیەکی ماتماتیکی هیچ هەقیقتێک لەخۆناگرێت، من چیتر دەرسەکانی سیستەمی چەقە – خۆری ناڵێمەوە و بانگەشەی لە نێو خەڵکدا ناکەم، زەوی جێگیرە، کۆسمۆلۆژیای ئەرستۆیی و ئەسترۆنۆمی پەتلیمۆسی ڕاستییەکی ڕەهایە. گالیلۆ حوکمی دەست بەسەری هەتا هەتایی درا. کە هەستایە سەرپێ بۆ ئەوەی ڕەوانەی دەست بەسەری یەکجارەکی بکەن، لە پەنجەرەکەوە پشیلەیەکی بینی دەجووڵایەوە، گالیلۆ لە ژێر لێوەوە ورتەیەکی کرد و وەک دەڵێن گوتی، ” هەر دەجووڵێت.”
بەڵێ گالیلۆ هەرگیز بە دڵ و بە ڕۆح سازشی نەکرد، لای وی عەرد هەر دەجوڵێت و پەشیمانی لە دوا نییە. گالیلۆ سێ ساڵ دەست بەسەر بوو، دوایی ناردیانەوە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام هەرگیز بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە، یان خەڵکی هاموشۆی بکەن، دوایی چاوانی لەدەستدا و بووە بنیادەمێکی نابینا و بەهۆی لاوازی و سیحەتی خراپەوە لە 1642 دا، لە ژوورێکی تەنها و بۆ یکجاری ماڵئاوایی لە هەموو دۆستان و نەیارانی کرد. پاپا ئوربانی هەشتەم مۆڵەتی نەدا بە فەڕمی بنێژرێت و گۆڕی بۆ هەڵبەستن، تەنانەت ڕازی نەبوو ناویش لەسەر گۆڕەکەی بنووسن، ئیتر لە گۆشەیەکی کڵێسەیەکی فلۆرەنسادا بێ ناو و بێ ناونیشان ناشتیان. بە داخەوە پیاوانی کڵێسە لەو سەردەمانەدا ئایینی خودا و پەیامی پیرۆزی ئیلاهییان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هەقیقەتێکی کۆپەرنیکۆسی هیچ مەترسییەکی بۆ ئایینی ئاسمانی نەبوو، بەڵام پاسەوانانی کڵێسە لەسەر ڕووی عەرد لێی ترسان و تۆقین، هەر بۆیەش گالیلۆیان ڕاپێچی دەست بەسەری کرد. گالیلۆ شەڕەکەی دۆڕاند، بەڵام مرۆڤایەتی و زانستی نوێ جەنگەکەیان بردەوە.
بەمجۆرە کڵێسە دەنگی ئازاد و بیرکردنەوەی سەربەستی کپکرد، ئیتاڵیا کە ناوەندی یەکەمی ڕێنیسانس و شۆڕشی زانستی بو بە ئاڕاستەی بێدەنگی هەنگاوی هەڵگرت، زانست لێرە بارگەی لێ پێچایەوە و بەرەو باکووری ئەوروپا و وڵاتی ئنگلستان جووڵەی کرد، لێرە، لە وڵاتی ئنگلیز، لە ساڵی 1642، هەمان ساڵی مردنی گالیلۆ، یەکێک لە بلیمەترین زاناکانی مێژوی مرۆڤایەتی لەدایکبوو، ئەو ئنسانە نیوتن بوو. نیوتن نەک هەر پەیامەکەی گالیلۆی بەرزکردەوە و ژیاندەوە، بەڵکو، بە پشت بەستن بە یاسای گالیلۆ لەمەڕ جووڵە، توانی گەورەترن پەنهانی هێزی گەردوون بۆ بەشەرییەت بە فۆرمێکی ماتماتیکی واڵا بات، ئەو هێزەش بریتی بوو لە هێزی کێشکردنی گەردونی و یاسای دوجای پێچەوانەیی. هەم گالیلۆ و هەم نیوتن دوو ئیمانداری گەورە و لە خواترس بون، هەرگیز ڕۆژێک لە دژی ئایین قسەیان نەکردووە، بەڵکوو پیاوانی کڵێسە پەڕتووکی پیرۆزیان خستەگەڕ بۆ سزادانی زانست و ڕابەرانی. ساڵان هات و ساڵان چو، کڵێسەی کاتۆلیکی، دوای چەندین جار پێداچوونەوە، سەرەنجام، لە ساڵی 1995 دا، بە فەڕمی داوای لێبوردنی لە گالیلۆ کرد و ڤاتیکان لە بەردەم کۆمەڵگای جیهانی و زانستدا گوتیان لە پرسی گالیلۆدا هەڵەیەکی گەورەیان کردووە. [1]