بابەت؛ وتار
لە نووسینی: هونەرمەند #ئامانج غازی#
گۆرانی (نان) لەنێو موزیکی خۆراکی گیاندا
لە نێو مێژووی گۆرانی کوردیدا هەندێ بابەتی هونەری هەن کە هەڵگری بنەمای فیکر و ئایدۆلۆژیای تایبەتن.
لەنێو ئەم هونەرەدا پۆلینکردنی گۆرانی بۆ ئه و بەشانەی کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵک و گوزەرانی ئاستەمیان دەبێ و بەوردی شیبکرێنەوە, (گۆرانی نەتەوەیی) و (سروودی نیشتیمان) و (گۆرانی دڕامی) بەشێکن له و بابەتانەی کە سەلیقە و کارامەیەکی زۆری دەوێ.
گۆرانی نان کەبەدەنگی هونەرمەندی ژانگرتوو (#نەجمەدینی غوڵامی#) تۆمارکراوە هەڵگری ئه و بنەما تراژیدی و فیکریانەیە کە ژیانی هەزارەها کرێکاری لە ناخدا هەڵگرتووە، دەنگی (نەجمەی غوڵامی) لە زانستی موزیکدا دەچێتە خانەی ئه و دەنگانەی کە (13) دەنگی موزیکی زۆر بە لێهاتوویی ئەزبەر دەکات و لە چینە دەنگی (باریتۆن) تا دەگاتە دەنگی (تینۆر)ی یەکەم میانەی نێوان دەنگ و ئادای هونەری زۆر بە شارەزایی ئادا کردووە.
هەر لەگەڵ یەکەمین ڕستەی (من ئه و کەسەم) دەست پێدەکات و هاوارێکە بۆ تێگەیشتن و پاڕانەوەیەی کە لە خودی ژیان کە نابێ ژیان هەرزانتر بێ لە (نان)!!، میلۆدی گۆرانی درامی (نان) تێکستێکی هونەری بەرزە, موزیک تیایدا ڕۆڵی هێورکردنەوەی دەروونی پڕ کڵپەی کرێکاری ماندوو نەناس دەکا.
لەگەڵ هەر ڕستەیەکی پڕ مانای دەقی شیعرەکە موزیکی پێشەکی و کۆپلەکانی ناو گۆرانییەکە بە نێو میانە هەڵبەزو دابەزیوەکاندا گوزەر دەکاو هاڕمۆنیایەکی بە مۆرک کوردی و ئادای تراژێدی پاڵپشتی ئەو بەرهەمەن کە دڵنیام لە هەموو ئان و سات لەگەڵ عەقڵ و هزری کرێکار و بازووی پڕ ئاوات و خۆزگەی دەوێ.
وەکو ئەزموون و تەکنیکی هونەری (نەجمەی غوڵامی) لەم گۆرانییەدا بەهەست و ڕیتم و ڕەمزێکی تازەوە مامەڵە لەگەڵ دەقی ئەدەبی دەکا.
لەڕووی پێکهاتەی تەواوی بابەتی گۆرانییەکەش ئەوا دەکرێت بڵێین: (گۆرانی نان) لە گڕوتینێکی تازەیدا بە ئادای گۆرانی ئاوازدا، چونکە هەندێجار ئاوازێک لەدایک دەبێ کەخۆی هەڵگری مانا ئەدەبییەکەشه و دواتر بە دوای دەقێکی شیعریدا دەگەڕێین تا بیکەین بە پۆشاک و بەرگی ئاوازەکە.
هەر بابەتێکی هونەریش گەر لە دەستپێکەوە بە ترپەیەکی کاریگەر دەستی پێکرد, دەبێ (کەدانزە) کەشی بەهەمان شێوە بێ و ئایدیای تەواوی بابەتەکەی لە کۆڵا بێت.
هونەرمەندی ئازیزمان (نەجمەی غوڵامی) خۆی لە نێو واقیع و ژیانی ئه و کات ژیاوە و دەزانێ حورمەتی ئارەق ڕشتنی نێو چاوان چەند پیرۆزە.
کەواتا گوتن و ئادای گۆرانییە درامێکە لە نێو ناخ و دەروون و باگراوندی کارکردنی ڕۆژانی ڕابردوو لە دایک بووە، بۆیە بەم جۆرە هاتە وجود و هەستی سەر لەبەری مرۆڤایەتی هەژاند، وەکوو شاعیری گەورەش (ئەدۆنیس) وتەنی:(بۆ عەشقی خۆر زۆر دوور ڕۆیشت بیابان بۆیە بەمجۆرە سووتا)!!
[1]