دوای ئەوەی ئەرسەلان باییز بە چەند زنجیرە بابەتێک بەناوی کۆڵەپشت باسی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆی و ڕووداوە سیاسیەکانی کرد، حەزم کرد منیش بە بابەتێک درێژە بە کۆڵەپشتەکەی جەنابیان بدەم و کۆڵەپشتەکەی دەوڵەمەندتر بکەم.....
سێ چوار ساڵ پاش شەهیدبوونی باوکی ڕەحمەتیم (شەهید مەلاسلێمان) و ئاوارەبوونی یەکێتی بۆ شاری #سلێمانی# بارودۆخ و وەزعی ماددیمان زۆر خراپ بوو، سەرەڕای سەختی باری ئابووریمان و نەبوونی مووچە دایکم کە هاوڕێ لەگەڵ باوکم چەند ساڵێک لە شاخ خزمەتی پێشمەرگەی کردبوو، باری تەندروستی تێکدەچێت و پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت بۆیە بەناچاری دەچێتە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی داوای هاوکاری لە بەرپرسانی یەکێتی بکات بۆ یارمەتیدانمان لەپێناو ئەنجام دانی نەشتەرگەری.
بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە مەکتەب ڕێکخستن کە ئەو کات ئەرسەلان باییز لێپرسراوی بوو باسی سەختی ژیانی خۆی و ئێمەی بۆ کردووە کە حەوت منداڵی هەتیوی لەئەستۆیە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە ئەرسەلان جگە لەوەی داواکاریەکەی ڕەت دەکاتەوە زۆر نامەردانە بە توڕەییەوە وەڵامێکی جەرگ بڕی دەداتەوە و پێی دەڵێ بۆ بەس مەلا سلێمان لەشاخ بووە و شەهیدە ؟!!
خۆشەویستانم کەمێک چاوتان دابخەن و بیر بکەنەوە دەبێ مرۆڤ لەو کاتەدا چ هەستێکی هەبێت !! ئاخۆ جگە لە فرمێسکی چاو، دەنگ جورئەتی هاتنە دەرەوە دەکات لە گەروی مرۆڤێکی دڵ و هەست و جەستە بریندار ؟!
دەبێت مرۆڤ چ ئومێدێکی هەبێت بەو مەکتەب سیاسیەی کە بەم شێوەیە سوکایەتی بە ژنێکی پێشمەرگەی شاخ بکات کە هاوسەرەکەی ژیانی خۆی و منداڵەکانی کردۆتە قوربانی لە پێناو پاراستنی شکۆ و ناوی حیزبێک کە ئەو لێپرسراوی باڵای بێت !!
بۆیە ئەوە یەکەمجار و کۆتا جاری دەبێت کە بچێت بۆ لای هاوڕێ بێ ئەمەکەکانی مێردەکەی کە چەندین جار خواردنی دەستی ئەویان خواردووە لەشاخ و جل و بەرگی بۆ شوشتوون !!
ناحەقی ناگرم ئەرسەلانێک کە لە شاخیش نانی کەم و جێگا و پێخەفی ڕەق و ساردی نەبینیوە !!
حەقی خۆیەتی کە شەهید بە ڕەنجەڕۆ و خەشیم وەسف بکات !
ناوبراو هەر لەگەڵ بوونی بە پێشمەرگە لە شاخدا لێپرسراوێتی هەبووە و پاش ڕاپەڕین چەند بەرپرسیارەتیەکی تری پێ دراوە پاش یەکگرتنەوەی ئیدارەی یەکێتی و پارتی چەندین پۆستی باڵای حیزبی و حکومی تری پێدراوە لە هیچ کامێکیان سەرکەوتوو نەبووە و جێی ڕەزامەندی کەمترین کەسیش نەبووە جگەلە هەندێ خزم و کەسە مشەخۆرەکانی !!
هۆکارێکی سەرەکیش بووە لە کەمکردن و لاوازکردنی دەنگی یەکێتی لە #هەولێر#، ئاوێکی واشی ڕشتووە ئەو بەناو بەرپرسانەی ئێستا چاوی لێ دەکەن تەنها ئیش بۆ خزم و کەسوکاریان دەکەن.
لە هەمووی سەیرتر و نامۆتر ئەوەیە کە نابراو ڕەخنەی گەندەڵی و باسی خراپی باروگوزەرانی خەڵک دەکات وەک ئەوەی لە ژیانیدا لێپرسراوێتی نەبوو بێت و زەرەرمەندی یەکەم خۆی بێت.
ئەوەیە دەڵێ هەتا ساحێب ماڵ دزی گرت، دز ساحێب ماڵی گرت
بەشداری شەهید مەلاسلێمان
#16-03-2021#