ئەمڕۆ بۆ جاری دووهەم لە سێ مانگی ڕابردوودا، هێندێک کەس و ئاکاونت و ماڵپەڕ، لە تەک چەن وێنەیەکدا، هەواڵێکیان لە سەر هێزەکانی سپای میللیی کوردستان، بڵاو کردوەتەوە کە گۆیا هێزەکانی سپای میللیی کوردستان لە بەر فەرمانی ڕێزدار کاک حسین یەزدانپەنادا، بە مەبەستی “سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی شاری #هەولێر#”، جووڵەیان پێکراوە و لە هەولێر دامەزراون. هاوکات خێڵی درۆ و چەواشە، وەک زۆر جاری دیکە، پرسی وەرگرتنی مووچە بە چاوی ئێمەدا دەدەنەوە.
سپای میللیی کوردستان، لە کاتێکدا سەرلەبەری ئەم هەواڵ و زانیارییانە ناڕاست وچەواشەکاریی دەزانێ و بە درۆیان دەخاتەوە، لێی ڕوونە کە بەشێکە لە پلانەکانی شەڕی نەرمی تاران و دەستوپێوەندەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان و سپای میللیی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان.
بۆیە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، ئەم خاڵانە ڕادەگەیەنین:
1- هیچ یەکەیەکی سپای میللیی کوردستان بەره و هیچ شار و دەڤەرێکی باشووری کوردستان، نەجووڵاوە. ئه و وێنانەی لە تەنیشت ئه و هەواڵە دانراون، وێنەی هێزەکانی فەرماندەیی هەولێرن کە لە سەر پردی #سیدەکان#، ڕاوەستاون و هیچ پێوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە.
2- سپای میللیی کوردستان، هیچ دەخاڵەتێک لە سیستەمی سیاسیی- لەشکریی هەرێمی کوردستان ناکات.بەڵکوو پشتیوانیی لێبڕاوانە و بێ دوو دڵیی لە کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاواتی بەختەوەریی خەڵک و سەرکەوتنی سیستەمە سیاسییەکەی هەیە.
3- سپای میللیی کوردستان، پێکهاتووی ئه و هێزە قارەمانەنەیە کە وەک هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان، شەرەفی بەشداریی و دەوری کارایان لە جەنگی تێکشکاندنی #داعش# و بەرەنگارییە مێژووییەکەی پردێ دا هەبووە کە پەلاماری هاوبەشی سپاکانی بەرفەرمانی تاران و بەغدایان بۆ داگیرکردنی هەولێر و کۆتایی هێنان بە هەرێمی کوردستان، تێکشکاند. خۆ ئەگەر ئێستا و هەر کاتێک، جارێک نا و دەیان جار، هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی بکەوێتەوە بەر مەترسی داعش، حەشد و پاسداری ئێرانی یان هەر دوژمنێکی دیکەی کورد، ئەوە دیسانیش سینگمان قەڵغانی پاراستنی ئەم نیشتمان و کیانە سیاسییە دەبێ. بۆ ئەم هەڵوێست و ڕەفتارە نەتەوەییەش، نە شەرم لە کەس دەکەین و نە مۆڵەتیش لە کەس دەخوازین.
4- هەرچی پێوەندیی بە بابەتی مووچەوە هەیە کە بووەتە خەم و خولیای ئەوانە، سپای میللیی کوردستان، شانازی ئەوەی هەیە کە بە بێ مووچه و بە بێ بەرانبەر، وەک شەرەفی نەتەوەیی، شەڕی داعش و حەشد و پاسداری کردوە و نە مووچە لە وەزارەتی پێێشمەرگە وەردەگرێ و نە لە زیرەڤانی و نە لە هیچ هێزێک.ئەگەر ئەوانەی ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە، مەبەستیان گەیاندنی زانیاریی بە تارانە، ئەوە، قەیناکە با لە سەرحیسابی ئێمەمانان، نانێکی سیخووڕییان دەسکەوێ. ئەگەریش بەرچاوتەنگییه و پارە و ماڵی دنیا گشت مۆڕاڵی ئەوانی داگیرکردوە، ئەوە حکوومەت و وەزارەت و زێرەڤانی؛ با برۆن له و ڕاستییە بگەن کە کاتێ پای شەرەف و ئەرکی نەتەوەیی و جوامێرایی لە گۆڕێدا بێ، پارە و ماڵی دنیا بۆ ئێمەمانان بایەخی نییە.
سپای میللیی کورستان
2ی خەرمانانی 2720 کوردی
23ی ئووتی 2020 زایینی