ئاواز عەبدوڵا عوسمان ناسراو بە ئاواز نهێلی کە ناوێکی دیاری ڕاگەیاندنی پارێزگای #دهۆک#ە. ئه و لە ساڵی 1984 لە گوندی بناڤی ناوچەی نهێلی سەر بە شارۆکەی #ئامێدی# لە دایک بووە, بڕوانامەی دیپلۆمی لە زانستە ئیسلامییەکان بە دەست هێناوە و ئێستەش خوێندکاری قۆناغی سێی کولێژی کارگێڕی کارە لە زانکۆی پولیتەکنیکی دهۆک، لەگەڵ ئەوەدا هیچ کاتێک لە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن دانەبڕاوە و حەزی لە نوێبوونەوەیە.
ئاواز لە هەموو بوارەکانی ڕاگەیاندن جێی پەنجەی دیارە، هەر لە پەیامنێری و نووسەری و پێشکەشکاری بگرە تا دەگاتە ئامادەکردنی بەرنامە، ئێستە بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆکە, بەپێی قسەی ئاواز هەموو بوارەکانی ڕاگەیاندن خۆشی و ناخۆشی خۆی هەیە، بەڵام پەیامنێری لە هەموو بوارەکانی تری ڕاگەیاندن لای قورسترە بەهۆی ئه و جیاوازییەی لە نێوان پەیامنێران دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە.
دەڵێت، “راگەیاندن کەسایەتییەکی بەهێزی بەمن بەخشیوە و بەهۆی ئەوە توانیم هەموو جۆرەکانی مرۆڤ بناسم, تەمەنێک لەگەڵ ئه و ئیشەم بەڕێ کردووە کە لە ساڵی 2007وە تا ئێستە بەردەوامم، ژمارەیەکی زۆر لە بەرنامەم ئامادە و پێشکەش کردووە، لەگەڵ نووسینی وتار و پەیامنێری لە ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامە و ڕادیۆکان، ئێستەش بەرنامەیەکی تایبەتم هەیە کە دروستکردنی فیچەرە لەسەر ژیاننامەی کەسایەتییە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی پارێزگای دهۆک کە وەک ئەرشیڤ بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆک دەمێنێت.
ئاواز ئاواتی ئەوەیە لە داهاتوودا پەیمانگەیەکی ئەکادیمی لە بواری ڕاگەیاندندا بکاتەوە و له و ڕێیەوە بەرگری لە ماف و خواستەکانی ڕاگەیاندکاران بکات و بیکاتە فێرگەیەکی ئەکادیمی بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس، لەگەڵ ئەوەشدا خوێندنی ماستەر لە بواری کارگێڕی ڕۆژنامەوانی بەدەست بێنێت.[1]