راپۆرتێک لە نووسینی برایان گیپسۆن، مامۆستای مێژووه لە زانکۆی پاسیفیک هاوای. ئەم مامۆستایە نووسەری کتێبێکیشە بە ناونیشانی (ئەوانەی فرۆشران: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و ڕەگەز و کوردەکان). نووسەر لەو کتێبەدا باسی مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و کورد دەکات و هەوراز و نشێو و هێز و لاوازییەکانی دەردەخات لە ڕوانگەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهانەوە، چەند نموونەیەکی مێژووییش دەهێنێتەوە سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ئەمریکییەکان لە کورد بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی.
$ئەو کوردانەی کە یارمەتیان دا بۆ لەناوبردنی ڕێکخراوی داعش کەچی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی لێ بەردان$
گیپسۆن باسی ڕۆژی 30-06-1972 دەکات، کە ئیدریس بارزانی و مەحمود عوسمان بەشێوەیەکی ئاسایی گەیشتنە بارەگای CIA لە ویلایەتی فێرجینیا و گەیەنرانە نووسینگەی بەڕێوەبەری ئەفسانەیی ئەو دەزگا هەواڵگرییە، ڕیچارد هێڵمز. لەو دیدارەدا گفتوگۆیان کرد لەبارەی گۆڕانکارییەکی زۆر سەرنج ڕاکێشەوە لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. هێنری کیسینجەر، کە ئەوکاتە ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک نیکسن بوو، هێڵمزی ڕاسپاردبوو کە پێیان ڕابگەیەنێت ویلایەتە یەکگرتووەکان سۆزی هەیە بەرامبەر مەینەتی کورد و ئامادەیە چاو بخشێنێتەوە بە داواکاریەکانیاندا لەڕووی یارمەتیدانیانەوە.
پێشتر ماوەی 10 ساڵ زیاتربوو کوردەکان دژی حکومەتی عێراقی دەجەنگین و زۆرجار داوای یارمەتییان لە ئەمریکا کردبوو، بەڵام بێ سوود بوو. لەم دیدارەدا هێڵمز پێی ڕاگەیاندن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕای گۆڕیوە، بەڵام باسی ئەوەی نەکرد کە جارێکی دیکە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دیسان ڕای خۆی دەگۆڕێت.
مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە وازهێنانی لە کوردەکان مەسەلەیەکە زوربەی چاودێرەکان لێی ئاگادارن. بەڵام ئەوەی زۆرجار بیردەچێتەوە ئەوەیە کە ئەم جۆرە خیانەت لێکردنانە تەواو پێشبینی کراو بوون لە ڕوانگەی چۆنێتی پەیوەندییەکانی هەردوولاوە.
ئەم هەڵوێستە تازەیەی ئەمریکایش سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە تورکیا بە باشی قابیلی تێگەیشتن نییە ئەگەر پرنسیپەکانی پەیوەندی کوردی ئەمریکی تێنەگەین. نووسەر باسی مێژووی هاوچەرخی سەرهەڵدانی ئاواتەکانی کورد دەکات کە چۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا بەڵێنی گەورە گەورەیان پێ درا، لەکاتێکدا کە ئەوان گەورەترین گروپی ئیتنی بوون بێ بەش کرابوون لە دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان، کەچی لە ساڵی 1923دا بریتانیا و فڕەنسا لە بەڵێنەکانیان پەشیمان بوونەوە و خاکی کوردەکانیان لەنێوان تورکیا و ئێران و دوو وڵاتی تازە دروستبووی تردا دابەش کرد، کە بریتین لە عێراق و سوریا. کوردەکان دژی ئەم خیانەتە ڕاپەڕین، بەڵام بریتانیا و فڕەنسا و ئێرانییەکان و تورکە تازەکان ورد و خاشیان کردن.
$مێژووی درێژی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە وازهێنانی لە کوردەکان مەسەلەیەکە زوربەی چاودێرەکان لێی ئاگادارن$
پاشان دێتە سەر هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە کوردستانی عێراقدا لە ئەیلولی ساڵی 1961دا کە حکومەتی ئەمریکا سیاسەتی دەستوەرنەدانی هەڵبژارد و ئامانجە سەرەکییەکەی بریتی بوو لە پاراستنی پەیوەندی باش لەگەڵ بەغدادا. هەمیشەش ئەو گومانە ناخۆشەش هەبووە لەوکاتەدا کە سەرکردەی کوردەکان، مستەفا بارزانی ئیش بۆ شیوعییەکان بکات چونکە 11 ساڵ دورخرابویەوە بۆ یەکێتی سۆڤێت (1947-1958).
نووسەر دواتر باس لە هاوکاری کردنی ئێران و ئیسرائیلییەکان دەکات بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیریی ڕژێمی بەغداد. لەو قۆناغەدا ستراتیجی ئێران و ئیسرائیل زۆر سادە بوو: مادام کوردەکانی هەڕەشەیەکی ئاشکرا و ئامادەن بۆسەر بەغداد کەواتە عێراق ناتوانێت بە هەموو هێزی خۆیەوە بچێتە شەڕی دژی ئیسرائیل یان هەڕەشە دروست بکات بۆسەر ئامانجەکانی ئێران لە ناوچەی کەنداودا. ئەم مەبەستەش لە ساڵانی 1967 و 1973دا بەرهەمەکانی دەرکەوت، کاتێک کە عێراق نەیتوانی بە هەموو هێزییەوە بەشداری شەڕەکانی دژی ئیسرائیل بکات چونکە 80%ی سوپاکەی لە کوردستانی عێراقدا سەرقاڵی جەنگ بوو.
ئەمریکییەکان زۆر خاوخلیچک بوون لەوەی کە هەڵوێستێکی باش بەرامبەر بە کوردەکان وەربگرن. ئێران و ئیسرائیل هەوڵیان دەدا قەناعەت بە کۆشکی سپی بکەن واز لە سیاسەتی دەستوەرنەدان بهێنێت.
پاشان نووسەر باسی بەیاننامەی 11ی ئازار و هەڵوێستی ڕژێمی بەعس دەکات بەرامبەر بە مەسەلەی کورد، کە بڕیار وابوو تا ساڵی 1974 بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. بارزانی و سەددام سوودیان لەو ماوەیە وەرگرت. سەددام دەسەڵاتی خۆی لە عێراقدا چەسپاند و بارزانیش هاوپەیمانێکی نوێ ی بەدەست هێنا کە بریتی بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
رووداوەکانی ئەو ماوەیە بۆ سەرۆکی ئەمریکای سەلماند کە هەڕەشەکانی هاوپەیمانێتی نێوان سۆڤیەت و عێراق هێندە گەورەن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا کە پێویستە یارمەتی کوردەکان بدرێت. کاتێکیش کە لە ساڵی 1974دا شەڕی عێراق و کورد دەستی پێکردەوە بارزانی سەردانی ئێرانی کرد و چاوی بە لێپرسراوی CIA کەوت بە مەبەستی درووستکردنی حکومەتێکی عەرەبی کوردی عێراقی کە ببێتە تاقە حکومەتی شەرعی. لەو کاتەدا هەڵوێستی CIA ئەوەبوو کە یارمەتییەکانی ئەمریکا زیاد نەکرێن. بەڵام کیسنجەر بۆچوونێکی تری هەبوو و لە نێوان داواکارییەکانی بارزانی و ئامۆژگارییەکانی CIAدا بڕیار درا یارمەتییە ئەمریکییەکان بۆ کورد زیاد بکرێن. لەوانە 900 هەزار ڕەتڵ چەکی سۆڤێتی کە لای CIA ئەنبار کرابوو لەگەڵ بڕی یەک ملیۆن دۆلار یارمەتی بۆ ئاوارەکان.
لە مانگی نیسانی 1974دا کیسنجەر فەرمانەکانی سەرۆکی ئەمریکای لە چەند خاڵێکدا بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە تاران ڕوونکردەوە، کە گرنگترینیان خاڵێکە دەڵێت دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆی کوردی توانای ژیانی نابێت لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەها نە ویلایەتە یەکگرتووەکان و نە ئێران هیچ بەرژەوەندیەکیان نییە دەرگا دابخەن بەڕووی پەیوەندی باشدا لەگەڵ عێراق ئەگەر سەرکردایەتییەکی میانڕەو بێتە سەر حوکم. ئەمە جگە لەوەی کە شای ئێران خۆی ترسی زۆری هەبوو لە مەسەلەی سەربەخۆبوونی کورد چونکە کەمایەتییەکی گەورەی کورد لە ئێرانیش هەیە.
$ناوەڕۆکی کێشەی کورد جوگرافیایە$.
کوردستانی سەربەخۆ ئەگەر لەسەر کەنار دەریایەک نەبێت ناتوانێت بەشداری بکات لە ئابووریی نێودەوڵەتیدا و ناچار دەبێت پشت ببەستێت بە هێزە دەرەکییە دوژمنەکانی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا. بۆ نموونە کورد ئەگەر بیەوێت نەوت و غازی سروشتی هەناردە بکات ئەوا پێویستە بۆری تایبەت بە خاکی وڵاتانی دراوسێدا ڕابکێشێت و ئەگەر ئەو دەوڵەتانە ڕازی نەبن ئەوا ئابووریی کوردی لەناودەچێت. تەنانەت خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک گەشتی ئاسمانیش پێویستی بە ڕەزامەندی دەرەکی هەیە چونکە ئەو گەشتە دەبێت بە بواری ئاسمانی وڵاتە ناحەزەکاندا تێبپەڕێت و ئەو وڵاتانەش پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ واشینتۆندا.
خۆڕاگرتنی سوپای عێراق لە زستانی 1974 و 1975دا ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار کرد بایی 28 ملیۆن دۆلار چەک بدەن بە کوردەکان، بەڵام ئەوکاتە کار لەکار ترازابوو چونکە عێراق بەڕەکەی لەژێر پێی کورد دەرهێناو شای ئێران لە شوباتی ساڵی 1975دا بە کیسنجەری ڕاگەیاند کە کورد هیچ هێزێکی نەماوە و ئەم دەیەوێت لە کۆبوونەوەکەی مانگی داهاتووی ڕێکخراوی ئۆپیکدا لەگەڵ سەددامدا کۆببێتەوە تا بزانێت ئایا دەتوانێت پشتیوانی کوردەکانی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە بە کۆمەڵێک سازشی سنووری لەلایەن عێراقەوە. کیسنجەر ناڕازی بووە لەو پێشنیارە و بە شای ئێرانی وتووە هەرەسهێنانی کورد ئاسایشی هەموو ناوچەکە دەشێوێنێت. بەڵام شا گوێ ی نەداوەتێ و سەرئەنجام کورد خرایە بەردەمی گورگەکانی عێراق.
ناوەڕۆکی کێشەی کورد جوگرافیایە.
کوردستانی سەربەخۆ ئەگەر لەسەر کەنار دەریایەک نەبێت ناتوانێت بەشداری بکات لە ئابووریی نێودەوڵەتیدا
نووسەری ڕاپۆرتەکە دەڵێت: وازهێنانی ئێران لەو مەسەلەیە ئیتر هیچ ڕێگایەکی نەهێشتەوە بۆ ڕێگریکردن لە قەتڵوعام کردنی کورد. پاشان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا کە جەنگی عێراق - ئێران هەڵگیرسا کورد و ئەمریکا کەوتنە دوو جەمسەری دژ بەیەکەوە لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر بەو جەنگە و سەرئەنجام سەددام چەکی کیمیاوی بەکارهێنا دژی ئێران و کوردەکان و جینۆسایدی کورد بڵاو بووەوە و لە ئاکامدا جارێکی تر مەسەلەی کورد لەسەرەتای نەوەدەکاندا هەڵکشا.
واشینتۆن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیەی کە کردی بەرامبەر بە ڕاپەڕینی خەڵکی عێراق و کوردەکان پڕۆسەی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئەمنی لە باکووری عیراق دەست پێکرد و ڕێگەی بە کوردەکانی عێراق دا بە ئاشتی بژین، کە ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و بووە هاوپەیمانێکی گرنگ بۆ ئەمریکا لە جەنگی عێراق و جەنگی دژی داعشدا.
نووسەر دەڵێت: پشتیوانی ئەمریکا لە کوردی عێراق تائێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەم خیانەتەی ئێستا لە باکووری سوریادا دەرهەق بە کورد نابێت کوردەکان سەرسام و غافڵگیر بکات چونکە ئەو هەڵوێستە بە تەواوی لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی واشینتۆنەوەیە.[1]