20 ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی 3ی ڕەشەمێی 1999 بۆ پشتیوانی لە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، سەرهەڵدانێک کە نیشانەی قۆناغێکی نوێ لە پێشکەوتنی سیاسی و ڕێکخستنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ئێستاش دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری حکومەتی دەسەڵاتداری ئێران هەرڕۆژ قەیراناویتر دەبێت و هاوکات ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوو لە زیادبووندایە، نمونەی دەستپێکی ئەم ناڕەزایەتییە مەدەنیانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای سەرکوت و کۆمەڵکوژیی شۆڕشگیڕان و حزبە چەپ و دیموکراتەکان لە 60ەکانی هەتاوی لە ڕێپێوان و خۆپێشاندانەکانی بەرفراوانی 3ی ڕەشەمێی 1999 دژی دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان دروست بوو.
بایەخی ئەم خۆپێشاندانانە لەوەدایە کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی 70کانی هەتاوی پڕاوپڕ بوو لە بێهیوایی، نەبوونی ئامانج و پاشگەزبوونەوەی بەربڵاوی توێژی ڕۆشنبیری کۆمەڵگای کوردی، دوای شۆڕش کەشوهەوایەکی قورس و بەربڵاو لە ناباوەڕی بە شۆڕش و لایەنە سیاسیەکان و سیاسەتمەدارانی کورد لە مێشکی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵارتی کوردستان دروست کردبوو.
لەو قۆناغەدا بەدیهاتن و بوونی بۆشایی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەناو خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو، لەو بۆشاییە بوو کە گەڕان بە دوای چارەسەری دەستیپێکرد، ئاشنابوونی خەڵکی کوردستان بە بزوتنەوەی ئاپۆیی، دەگەڕێتەوە بۆ 70کانی هەتاوی، لەم ناوەدا ترۆسکەکانی هیوا و دۆزینەوەی پێشەنگێکی شۆڕشگیڕ لە هەبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لەو ڕۆژانەدا پێکهات.
بۆیە، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی بە دیلگیرا، خەڵکی ڕۆژهەڵات بە نیشانەی ناڕەزایەتی، شەقامەکانیان کردە شوێنی خۆپیشاندان، ئەم ناڕەزایەتیانە نمونەیەکی بەرچاوی بیستنی دەنگ و وتارە سۆسیالیستی و ئازادیخوازانەکانی تەڤگەری ئاپۆیی بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان بوو، سەرکوتی بەربڵاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانیدا، کە خۆپیشاندانەکان بۆ کاربەدەستانی حکومەتی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانکراو نەبووە، دەسەڵاتدارانی دانیشتووی پایتەخت بە بڵاوەپێکردنی کەشوهەوای ڕیفۆرمخواز و محافیزکار، باوەڕیان وابوو کە بوونەتە خاوەنی ساحەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە سەرکوتی بەربڵاو و لادانی لایەن و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەرە بە هیواکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی-دا.
ئەمڕۆش بە سەرنجدان بە ئەم بیرە شۆڕشگێڕییە، کە لە ماوەی ئەم چەندین ساڵە لەناو گەڵی کورد پێکهاتووە، گەلی کورد زیاتر بە دروستبوونی هەیکەلێکی سیاسی- کۆمەڵایەتی یەکگرتوو بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئاپۆیی و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕیی گەورە عەبدوڵا ئۆجالان و ڕووانگە گەورە سۆسیالیستییەکەی نزیک دەبێتەوە.
لە 20ەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی 3ی ڕەشەمێی 1999، هەموو ئەو شەهیدانە، کە بە بەختکتردنی گیانیان بوونە خاڵی وەرچەرخان لە تێکۆشانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم بەشە لە کوردستانیان بردە قۆناغێکی نوێ لە تێکۆشان، بەڕێکخستن بوون و پێشکەوتنی سیاسی، بەبیر دێنینەوە یادیان بەرز دەنرخێنین و بۆ بەردەوامکردنی ڕێگای ئازادیی، جارێکی دیکە پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکەینەوە.[1]
#22-02-2019#