دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
#وەزارەتی ناوخۆ#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: حکومەتی هەرێم ساڵانە پێویستی بە نزیکەی 1.9 ملیار دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارە و پەنابەرە سوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانوونی دووەم، ژووری هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕاپۆرتێکی لەبارەی خەرجی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێم بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی ئاوارەبوون بەردەوامبوو لە ماوەی ساڵی 2018 و تاوەکو ئێستاش خەڵک ناچار دەکرین بە بەجێهێشتنی شوێنەکانیان، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خراپی بژێوی ژیانیان، بۆیە ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان.
لە 2018دا نزیکەی 32 هەزار و 282 ئاوارە و پەنابەر گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان، بە نزیکەی 28 هەزار و 487 کەس ئاوارە و سێ هەزار و 795 کەسیشیان پەنابەری سوری بوون.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم 249 هەزار و 639 پەنابەری سوری و 20 هەزار و 575 پەنابەری تورکی و 13 هەزار و 162 پەنابەری ئێرانی 756 پەنابەری فەڵەستینی لەخۆدەگرێت کە زۆربەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێم لە کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین و تەنیا 37٪یان لە ناو کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان 38 کەمپە.
راپۆرتەکەی وەزارتی ناوخۆی هەرێم، ئاماژەی بەوەشکردووە: 50٪ی ئاوارەکان لە پارێزگای #هەولێر# دەژین و 31٪ لە پارێزگای #دهۆک# و 19٪ لە پارێزگای #سلێمانی# نیشتەجێن.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاندووە: حکومەتی هەرێم بەپێی جیاوازی ئایین و مەزهەب کاری بۆ ئاوارەکان کردووە، کە 40%ی ئاوارە و پەنابەران عەرەبی سوننە و 30%یان ئێزدی و 13%یان کورد و 7%یان مەسیحی و 10%یان شیعە و تورکمانن.
لەبارەی جێهێشتنی کوردستان لەلایەن پەنابەر و ئاوارەکانەوە، وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاندووە: زیاتر لە 32 هەزار پەنابەری سووری هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە کە بەشێکیان گەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و بەشێکی دیکەشیان بەشێوەی نایاسایی کۆچیان کردووە بۆ ئەوروپا.[1]
#13-01-2019#