خاکە بەپیتەکە و ئاو و هەوا لەبارەکەی کوردستان هێشتا نەبووەتە فاکتەرێک بۆئەوەی چیدی کوردستان پێویستی بە #گوڵەبەڕۆژە#ی هاوردەکراو نەمێنێ، هەرچەندە بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت جووتیارانی کوردستان ئێستا لە جاران زیاتر گوڵەبەڕۆژە دەچێنن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەچوار ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی لە 2681 تۆنەوە بۆ 3296 تۆن زیادی کردووە، بەڵام ئەم بڕە لەگەڵ پێویستیی هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە کە ساڵانە نزیکەی 38 هەزار تۆنە، بۆیە ساڵانە بە هەزاران تۆن گوڵەبەڕۆژە لە دەرەوە هاوردە دەکرێ.
کامیل محەممەد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: بەهۆی گەڕانەوەی جووتیاران بۆ کشتوکاڵکردن، ماوەی چەند ساڵێکە بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە زیادی کردووە. ئێمەش بۆ هاندانی جووتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و بەبازاڕکردنی، ماوەی سێ ساڵە لەکاتی پێگەیشتن باج دەخەینە سەر گوڵەبەڕۆژەی هاوردە. ئەمساڵیش باجەکەمان دوو هێندە زیاد کردووە و کردوومانەتە 500 دینار بۆ هەر کلیۆیەک.
لە پلانی وەزارەتی کشتوکاڵدا، گوڵەبەڕۆژە لە چوارچێوەی بەرهەمە ستراتیژییەکان دانراوە، چونکە دەیەوێ لە داهاتوودا بۆ بەرهەمهێنانی زەیت سوودی لێ وەربگرێ.
نیشتمانی سەرەکیی گوڵەبەڕۆژە دەشتەکانی ئەمەریکای باکوورە. ئێستا بەیەکێک لە بەرهەمە ستراتیژییە خۆراکییە کشتوکاڵییەکان دادەنرێ، زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ خواردن و دەرهێنانی زەیت گرنگی زۆر بەچاندنی دەدەن. ساڵانە زیاتر لە 18 ملیۆن هێکتار زەوی لەجیهاندا بەو بەرهەمە دەچێندرێت.
رووسیا لە پێشەنگی وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی گوڵەبەڕۆژەیە. بەدوای ئەویشدا ئەرجەنتین، ئوکراینا، چین، هیندوستان، ئەمەریکا، فەرەنسا، نەمسا، ڕۆمانیا، بولگاریا و باشووری ئەفریقا دێن. لە بەرهەمهێنانی زەیتی گوڵەبەڕۆژەشدا ئۆکراینا لە پلەی یەکەم دێت کە ساڵانە 3.3 ملیۆن تۆن بۆ وڵاتان دەنێرێ.
لە کوردستان چاندنی گوڵەبەڕۆژە مێژوویەکی کۆنی هەیە. پێشتر بەشێوەیەکی فراوان لەدەشتی #بیتوێن# و #شارەزوور# دەچێندرا، بەڵام تاوەکوو ئێستا بۆ دەرهێنانی زەیت سوودێ لێ نەبینراوە، 99%ی ئەو گوڵەبەڕۆژەیەی لە کوردستان دەچێندرێ بۆ خواردنە.
ساڵح حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی #ڕانیە# دەڵێت: دوای ڕاپەڕین و وەستانی کارگەکانی تووتن، تاکە بەرهەمی بەراو و ستراتیژی لەدەشتی بیتوێن گوڵەبەڕۆژە بوو، بۆیە لە ساڵی 1999 ڕووبەری چێنراوی گوڵەبەڕۆژە لەدەشتی بیتوێن گەیشتە نزیکەی 20 هەزار دۆنم، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی و گرفتی ساغکردنەوە و لێشاوی هاوردە، چاندنی ئەم بەرهەمە ساڵ بەساڵ ڕووی لە کەمیی کرد، ئێستا ساڵانە 4-5 هەزار دۆنم گوڵەبەڕۆژە دەچێندرێ.
سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵیش، ساڵح حوسێن گوتی: ساڵی ڕابردوو جووتیارەکانمان گرفتی ساخکردنەوەی بەرهەمیان هەبوو، بۆیە ئەمساڵ 1000 دۆنم کەمتر لە ساڵی ڕابردوو چێندراوە، بەو هۆیەشەوە بەرهەمەکەیان لە 1750 هەزار تۆنەوە بۆ 1400 تۆن کەمی کردووە.
ساڵح پێیوایە ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی بداتە جووتیاران و گوڵەبەڕۆژەی هاوردە قەدەغە بکرێ، بە تەنیا جووتیارانی دەشتی بیتوێن دەتوانن لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بەشی پێویستیی ناوخۆ گوڵەبەڕۆژە بچێنن.
ساڵح حوسێن پلانی وەزارەت بۆ پارێزگاری لە گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی بە پلانێکی لاواز دەزانێ و دەڵێت: کاریگەری نییە، چونکە گوڵەبەڕۆژە بەرهەمێکی وشکەیە و دەتوانرێ زیاتر لە ساڵێک هەڵبگیرێ، بۆیە خاوەن کارگەکانی چەرەزات بەر لە پێگەیشتنی گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵی، بڕێکی زۆر گوڵەبەڕۆژە لە دەرەوە دەهێنن.
سلێمان محەممەدئەمین، جووتیارێکی گوندی کفرە دۆڵی دەشتی بیتوێنە. 30 ساڵە گوڵەبەڕۆژە دەچێنێ. پێشتر ساڵانە نزیکەی 30 دۆنم گوڵەبەڕۆژەی دەچاند، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 14 دۆنمی چاندووە. سلێمان محەممەد دەڵێت: بەهۆی گوڵەبەڕۆژەی هاوردەوە، گرفتی ساغکردنەوەمان هەیە، بۆیە ئەمساڵ کەمترم چاندووە.
بە گوتەی جووتیاران، چاندنی دۆنمێک گوڵەبەڕۆژە نزیکەی 100 – 120 هەزار دیناری تێدەچێ. هەر دۆنمێکیش بە گوێرەی خزمەت و جۆری تۆوەکەی 300 – 500 کیلۆ بەرهەم دەدات.
سلێمان محەممەد، بەهۆی باشترکردنی کواڵیتی و زیادکردنی بەرهەم لەیەکەی ڕووبەر پێشتر بڕوانامەی ڕێزلێنانی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ پێبەخشراوە، دەڵێتئەو گوڵەبەڕۆژەی ئێمە دەیچێنین تۆوەکەی خۆماڵییە، تامی لە گوڵەبەڕۆژەی هاوردە زۆر خۆشترە، پێشتر لە بازاڕ خواستی زۆری لەسەر بوو کیلۆی نزیکەی 4000 دیناری دەکرد، ئێستا بە 2000 دینارە، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێستا خەڵک زیاتر گوڵەبەڕۆژەی هاوردە دەکڕێ کە نرخەکەی زۆر هەرزانە.
لە هەرێمی کوردستان 19 کارگەی مۆڵەتدار بۆ ئامادەکردنی گوڵەبەڕۆژە هەیە. بەرهەمەکانیان لە ناوخۆ و شارەکانی عێراق بەبازاڕ دەکەن، بۆیە ساڵانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و کارگەکانی جەرەزات بەهەزاران تۆن گوڵەبەڕۆژە لە وڵاتانی چین، ئوکراینا، بولگاریا، ئەمەریکا و کەنەداوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ساڵح ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیا و کارگەی جەرەزاتی زێڕ بۆ بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی گوڵەبەڕۆژە، دەڵێت: لە کوردستان و عێراق خواستێکی زۆر لەسەر گوڵەبەڕۆژەی خواردن هەیە، بۆیە ساڵانە بازرگان و خاوەن کارگەکان 40 تاوەکو 50 هەزار تۆن گوڵەبەڕۆژە لە دەرەوە دەهێنن.
کارگەکەی ساڵح ئەحمەد، ڕۆژانە پێنج تۆن گوڵەبەڕۆژە ئامادە دەکات و لە بازاڕ دەیفرۆشێ، ساڵح ئەحمەد دەڵێت لە شارەکانی عێراق خواست لەسەر بەرهەمی کارگەکانی هەولێر هەیە، بۆیە گوڵەبەڕۆژەی کارگەکانی هەولێر هەتا شاری بەسرا دەڕوات. 75%ی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق دەڕوات.
کارگەکان گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵییان ناوێ
پێشتر کارگەکان بەشێک لە گوڵەبەڕۆژەی خۆماڵییان دەکڕییەوە، بەڵام ئێستا 100% پشت بەهاوردە دەبەستن. ساڵح ئەحمەد، خاوەنی کارگەی چەرەزاتی زێڕ دەڵێت: بەرهەمی ناوخۆ گرانە و کواڵیتیەکەشی باش نییە، بۆیە زۆربەی کارگەکان پشت بە گوڵەبەڕۆژەی هاوردە دەبەستن.
ساڵح ئەحمەد، بۆ کارگەکەی ساڵانە 1500 تاوەکو 2000 تۆن گوڵەبەڕۆژە لە چین و ئەمەریکاوە هاوردە دەکات، دەڵێت تۆنێک گوڵەبەڕۆژە لەچینەوە بە 110 دۆلار دەگاتە هەولێر، بۆیە هیچ بازرگانێک ئامادە نییە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، گوڵەبەڕۆژە هاوردە بکات و بۆ تۆنێک گوڵەبەڕۆژە 500 هەزار دینار بدات، ساڵانە بەر لە وەرزی قەدەغەکردنی هاوردەی دەکەن، بۆیە زیادکردنی باج هیچ سوودی بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی نییە.
17-08-2017