لە دەربەندی #ڕانیە#دا بەهۆی دروستکردنی پرۆژەیەکەوە مەترسی لەناوچوونی شوێنەوارێکی مێژوویی دەکرێت، مێژووناسان-یش نیگەرانن لە نەپاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و داوا دەکەن کە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕ لەو شوێنەوارانە بدەنەوە.
بەهۆی دووساید کردنی ڕێگای دەربەند- قەڵادزێ لە دەربەندی ڕەمکان، کە بە دەربەندی ڕانیە دەناسرێت و هەردوو شارۆچکەی ڕانیە و قەڵادزێ لە یەک جیادەکاتەوە، مەترسی لەناوچوونی بەردێکی داتاشراو دروستبووە، کە مێژوویەکەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەکەدییەکان دەگەڕێتەوە.
ئاوات سەید ئەحمەد، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە مێژوو سەبارەت بە بەردی داتاشراوی دەربەندی ڕەمکان بۆ ڕۆژنیوز وتی: نەخشی داتاشراوی دەربەندی ڕەمکان بریتیە لە تابلۆیەکی داتاشراو، کە درێژیکەی 130 سانتیمەتر و پانیەکەشی 80 سانتیمەتر دەبێت، لە ناو ئه و تابلۆیەدا وێنەی دوو پادشا هەیە وێنەی پاشایەکیان بە هۆکاری سروشتی تاڕادەیەک سڕاوەتەوە و تەنیا وێنەی ئه و پادشایە دیارە کە ڕووی لە پشدەرە.
ئاوات، لەسەر ئەو تابلۆیە زیاتر وتی: ئه و وێنەیە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و بە پێی هەندێک لە شوێنەوارناسان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەکەدییەکان نزیکەی 2300 ساڵ پێش زاین، لەئێستادا بەهۆی دووسایدکردنی ڕێگای دەربەند - پشدەر مەترسییەکی زۆر لە سەر ئه و تابلۆیە هەیە، پێشبینی دەکرێت بەهۆی تەقینەوەی ڕێگاکە زیان به و تابلۆیە بگات، بۆیە، لە ئەگەری لەناوچوونی ئه و بەردە داتاشراوە، حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە.
ئەو مێژووناسە، لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئه و شوێنەوارە لە هەر شوێنێکی جیهان بوایە تا ئێستا ڕێگەی تایبەتی بۆ دەکرا و وەک شوێنێکی مێژوویی و گرنگ سەیر دەکرا، جگە لەوە تا ئێستا تابلۆیەک، کە ئاماژە بە مێژووی ئه و بەردە بکات نەنوسراوه، ئێمە پێمان وایە خەم ساردییەکی زۆر بەدی دەکرێت لە پاراستنی ئه و شوێنەوارە، پاراستنی ئه و شوێنەوارانە ئەرکی هەموومانە و گوزارشت لە مێژووی کۆنی کورد دەکات.
هەروەها، پرۆفیسۆر عیماد عەبدولقادر، لە زانکۆی ڕاپەرین بەشی مێژوو، بە ڕۆژنیوزی وت: دەربەندی ڕەمکان، کە کەوتووەتە سەر زێی بچوک و بەرزییەکەشی 25 مەتر دەبێت، بۆیە ئێمە وەک خەمخۆرانی وڵات و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆمان هەستمان بەوە کرد، کە لایەنی پیوەندیدار له و بابەتە ئاگادار بکەینەوە، چونکە گەلی کورد به و ناسنامەیە بە ناوبانگە ئەگەر شوێنەوارەکان نەمێنن ئەوا ناسنامەی کوردیش نامێنیت هەموو کەسیش ئەوە دەزانێت، کە گەلی کورد لە کۆنترین گەلانی ناوچەکەیە.
17-08-2017