بنەماڵەی ئەحمەد تورک و بنەماڵەی شەریف تەمەللی کە 27 ساڵ بوو دووژمنی یەکتربوون، لە گوندی ئەحمەد تورک (قەسرا قەنجۆ)ی سەر بە شاری مێردینی باکووری کوردستان، لە خواردنی ئاشتی دا لەگەڵ یەکتر دانیشتن. لەو نیوەڕۆیەدا کە ڕۆژی 10ی ئەو مانگە بەڕێوەچوو و 15 هەزار کەس تێیدا ئامادەبوون، ئەحمەد تورک سەرۆکی کۆما کۆمەڵگەی دیموکراتی KCD و سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتی BDPیش تێیدا بەشداربوون. دەمیرتاش گوتی " ئیدی دەبێ دووژمنایەتی نێوان عەشیرەت و بنەماڵەکانی کورد کۆتایی بێت".
لەناوچەی دێرکی مێردین، بنەماڵەی ئەحمەد تورک و شەریف تەمەللی، یەکەمجار لەڕۆژی 30-09-2010 لە گوندی مسووری شەریف تەمەللی یەکەمین خواردنی ئاشتی ڕێکخرا، لەبەرامبەردا دوای 11 ڕۆژ ئەحمەد تورک لە گوندەکەی خۆی میوانداریی کردن. لە خواردنی ئاشتیدا جگە لە دەمیرتاش، گولتان کیشناک هاوسەرۆکی BDP و ژمارەیەک پەڕڵەمانتار و سەرۆک شارەوانی BDP و نزیکەی 15هەزار کەس نانی نیوەڕۆیان لە قەسرا قەنجۆ خوارد.
بەهۆی بەشداری زۆری خەڵک لە عەشیرەتی هەردوولا، ڕێگەی گوند قەرەبالغەییەکی یەکجار زۆری تێکەوت و ئۆتۆمبێلەکان تێک ئاسێ ببوون. هەرچەندە 35 ڕەشمال و خێوەتی گەورە هەڵدران، بەڵام بەشی دانیشتنی هەموو ئامادەبووانیان نەکرد و ڕایەخ لە دەرەوە و کورسی لەبەر هەتاو دانران بۆ ئەوانەی جێگەیان لەژێر خێوەتەکاندا نەبووەوە.
لەو میواندارییەدا 550 حەیوان سەربڕدران. 330 ئافرەت بە ئامادەکردنی خواردنەوە خەریکبوون، بە خزمەتکارانی پیاوەوە نزیکەی 2000 کەس بەشدارییان لە خزمەتکردنی میواناندا کرد بە هەرەوەزی. بەشێوەیەک بۆ گەیاندنی خواردن بۆ ژێر خێوەتەکان لە شوێنی ئامادەکردنی خواردنەوە، خزمەتکارەکان بە ڕیزە قاپەکانی خواردنیان لە یەکتر وەردەگرت.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی DTP کە سەرەتای ئەمساڵ داخرا، بە سیاسەتکار و سەرکردەیەکی ئاشتیخواز لەلایەن جیهان و تەنانەت لەنێو تورکیاشدا ناسراوە، لەو میواندارییەدا لەگەڵ دووژمنی پێشووی شەریف تەمەللی کۆتری ئاشتییان فڕاندن و، لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان دڵخۆشی خۆی بۆ ئەو ئاشتی و پێکهاتنەوەیە خستەڕوو.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی BDP لە وتارێکدا گوتی، ئەوان لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکی و دووژمنایەتی نێوان هەموو بنەماڵە و عەشیرەتەکان لە باکووری کوردستان و گوتی " بۆ ئەوەی شەپۆلەکانی ئاشتی لە هەرێمەوە بەرەو هەموو تورکیا بنێرین ئێمە لەنێو هەوڵدانی بەردەوامداین، هیوادارین شەپۆلەکانی ئاشتی لە هەموو تورکیادا بڵاوبکەینەوەو ئاشتی باڵادەست ببێ".
دەمیرتاش لەو میواندارییەشدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا گرت و گوتی " سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، دەیەوێ کێشەی کورد لەرێگەی دەرەوەو لەنێوبردن چارەسەر بکات، بەڵام کێشەکە بەم شێوەیە چارەسەر نابێت، دەبێ کێشەکە بە ڕێگەی دانوستاندن لەگەڵ کورد و بە موخاتەب گرتنی کورد چارەسەرببێ".