مەلا حەسەنی قازی (شاهۆ) 1882- 1971
مەلا حەسەن قازی کوڕی مەلا عەبدولقادر کوڕی مەلا ئەوڕەحمانە، ساڵی (1882ز) لە بیارە لە دایک بووە، دوای خوبَندنی زانستە شەرعییەکان و زمانی فارسی و عەرەبی، چەند ساڵێک دەبێتە قازی، شیعری بە زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی هەیە، کەسێکی زیرەک و بلیمەت و قسەخۆش بووە، لە (23 حوزەیرانی 1971) کۆچی دوایی کردووە.
ناوی مەلا حەسەنی کوڕی مەلا عەبدولقادری کوڕی عەبدولرەحمانە، باوکی بە مەلای گەورەی بیارە بەناوبانگ بوو و ژن و ژن خوازی لەگەڵ شێخ عومەر زیائەدینی بیارە کردبوو.
دوای ئەوەی مەلا حەسن خوێندنی ئایینی و زمانی عەرەبی لە ناوچەی بیارە پێش جەنگی جیهانی یەکەم تەواو دەکات، ڕوو دەکاتە شاری بەغدا دواتریش دەچێتە ئەستانبۆل.
مەلا حەسەن لە ئەستانیۆل پەیوەندی بە ئەندامانی کۆمەڵەی (تعالی کوردستان) دەکات.
دواتر لە ساڵی 1926 دەگەڕێتەوە کوردستان و لەم ساڵەش بە قازی #هەڵەبجە# دەست نیشان کرا.
لە ساڵی 1937 ڕووی کردە شاری بەغدا و لەوێ پۆستی نووسەری لە تەمییزی شەرعی پێدرا، ئینجا تا ساڵی 1953 لەنێوان دادگاکانی شاری #چەمچەماڵ# و #کەرکووک# و #هەولێر# وەک دادوەر کاری کردووە، هەر لەم ساڵەش خانەنشین کرا.
مەلا حەسەن پیاوێکی زیرەک و دانا بوو جگە لەمەش لەنێو هاوەڵانی بەشیک پۆشی بەناوبانگ بوو، جگە لە زمانی کوردی زمانەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی دەزانی.
جگە لەلایەنی ئایینی، مەلا حەسەن گرنگییەکی زۆری بە شیعر دەدا و خەریکی نووسینی شیعر بوو و شیعرەکانی پایەکی بەرزی هەبوو.
مەلا حەسن یاخود شاهۆ شیعرەکانی بەسەر سێ تەوەر دابەش کرابوو، ئەوانیش ئایینی و غەزەلی و نیشتمانی.
هەروەها شاهۆی شاعیر شارەزاییەکی تەواوی لە مێژووی شیعر و ئەدەبی کوردی هەبوو.
مەلا حەسن یەکێک بوو لەو پیاوە ئایینیانەی شیعرەکانی بە شێوەیەکی ڕەوانبێژی زۆر ڕێک و پێک دادەڕشت و دەیتوانی بەهۆی شیعرەکانی سەرنجی خەڵکی بە لای خۆی ڕابکێشێت.
شیعرەکانی شاهۆ لە دوو بەرگ چاپکراون، لە ساڵی 1976 چاپخانەی ڕاپەڕین لە شاری #سلێمانی# بەشی یەکەمی چاپکرد، دواترش لە ساڵی 1980 هەمان چاپخانە بەشی دووەمی شیعرەکانی شاهۆی چاپکرد.[1][2]