ناونیشانی بابەت: ڕەمزەکان لەنێوان گاڵتە و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا!
ئامادەکردن: #حەبیب ساڵحی#
کەلتووری شۆخی و گەپ و گاڵتەکردن و تەعلیق و توانج لێدان هەموو بەشێکن لە کەلتووری گشتیی کۆمەڵگە و سەرشەقام و بگرە هاونەواییەکیان لەگەڵ دانیشتن و مەجلیسی شەونشینی و دەیوەخان لە کۆمەڵی کوردەواریدا هەیە. و بە تۆزێک سەرنج تێدەگەین کە هەموو ئەم شێوازنەی ڕەفتار کە لە زمان و وتاردا ڕەنگدانەوەی دەبێت نێزیکی و هاوڕیشەییەکیان پێکەوە هەیە. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندی و دەرکەوتنە گشتییانەی کەلتوور ڕەنگە لەژێر ناوی تێبینی و سەرنج یان ڕەخنە و گاڵتە و…بناسرێت و مەبەستی سەرنجی ورد و هەروەها پێکەنین و پێڕابواردن بێت و ئێمەش هەروا بیری لێ بکەینەوە. لە کەلتووری مۆدێڕندا گاڵتە و گەپ پاشەکشێی زۆری پێ کراوە و ئایرۆنی و تەنز جێگەی گرتووەتەوە ئەویش بە تایبەتمەندیی شێواز ناسانەی تەنز وەک هونەرێک کە لە سەردەمانی کۆنیشدا برەوی هەبووە و ئێستە لە میتۆد و جلوبەرگ و دەربڕین و شێوازی نوێدا خۆی مانیفێست دەکات. لە بنەمادا ئایرۆنی و دەربڕینی تەنز هێندەی بۆ چاکسازیی و وشیار کردنەوەی بەردەنگ و زەقکردنەوەی خاڵێکی دیاریکراو لە ڕووداو یان دیاردەیەک بۆ بیرکردنەوەی زیاترە هەرگیز دەلالەت و ئاماژەی بۆ گاڵتەپێکردن و سووکایەتی و ڕووشاندن نییە.
لە و کۆمەڵگەیانەی کە ئازادی لە چوارچێوەی یاسادا مانیفێست و جێبەجێ دەکرێت کەمتر مەجال و هەلی دەرکەوتنی گاڵتە و سووکایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە بە کەسێک، ڕەمزێک، دیاردەیەک، یان هەر جۆرە بابەتێک کە دوور بێت لە جیهانی زەینی و بیرکردنەوەی ئەو دەدرێت. ئەگەر سەردەمێک گاڵتە و سووکایەتیکردن بە کەسێک یان کردەوەیەک یان دیاردەیەک بە شێوەیەک لە شێوەکان بابەتێکی باو و پەسندکراو بووە، ئەوا قۆناغیک بووە کە هێشتا کۆمەڵگە لە ناو پێکهاتی سیستەمی دیسپۆتیزم (Despotism) و خودا-بەندەدا دەژیا و شتێک بە ناوی چەمکی هاووڵاتی، پانتایی تاکەکەسی و هاوسانی و… لە ئارادا نەبوو، ئەگەرچی ناتوانین بڵێین دۆخی دیسپۆتیزم و پەیوەندیی (لە خوارێ بۆ سەرێ) تەنیا ڕەهەندە نەرێنییەکانی خۆی دەرخستووە و ڕەهەندی ئەرێنی نییە لە ڕاگرتن و پێکەوەنانی کۆمەڵگە لە فۆرمە کلاسیک و کۆنباوەکەیدا بەڵام لێرەدا باسی ئێمە جەوهەری دیسپۆتیزم و ڕەهەندی جێگیرکردنی هەندێ ڕەگەز و توخمی کەلتووریی ورد و درشت نییە بەڵکوو باسی ئەو ڕۆحییەت و تێڕوانینە بەرزەبین و خۆپەرستەیە کە بەرانبەرەکەی لە ئاستێکی بچووک و سووکدا دەبینێت و لە پەیوەندییەکی ئاوەهادا زمان و جۆرە دیسکۆرسێکی پەیوەندیی تەشەنە دەسێنێت کە یەکیان بە سەردار و یەکیان بە کۆیلە، یەکیان بە سەردەست و ئەوی تریان بە ژێردەست دەناسێنێت، ئەمە لە ڕووی پێکهات و پێگە و جێگەی چینەکانەوە وایە و لە ڕووی ناوەرۆکەوە وتارێکی بەرگری لە پەراوێزی هاوکێشەکەدا بەهێواشی دێتە ئاراوە و ڕووبەڕووی سەردار و وتاری سووکایەتیپێکردنەکەی دەبێتەوە و لێرەوەیە گۆڕینی دۆخی واقیع لە بیرکردنەوە لە گۆڕینی دیسکۆرس و وتارەوە هەڵدەخێزرێت. وتاری سەر شەقام لە هەموو دونیادا وتارێکی سەرکێش و کەوینەکرا و نەگیراوە و دەشێت ماهییەتی وتاری سەرشەقام بە هەندێ داواکاری ڕادیکاڵەوە هەر ئەمە بێت، کۆمەڵێکی زۆر لە کەسی ناڕازیی کە ئامانجیان لێدان لە هەر شتێکە کە بەردەست و قاچ و چاویان بکەوێت!
بەڵام لە ئەنجامدا وتاری سەرشەقام وەکوو ستراتیژێکی کۆمەڵگە و پێکهاتی کۆمەڵایەتییە دژی قۆرخکاریی و ئەو مۆنۆپۆلکردنانەی هەر جۆرە دەسەڵاتێکە کە حوکم دەکات، لێرەوە لە پەیوەندی نێوان دەسەڵات و شەقام یان حکوومەت و کۆمەڵگە جۆرێک گارد و خۆڕاسان دەبینرێت و وتاری شەقام بە شێوەیەک ئەنجامی بەریەککەوتنی هەست و تێڕوانینی حکوومەت و هاووڵاتییە! لە دیدی هاووڵاتییەوە حکوومەتێکی کۆنسێرڤاتیڤ و پاوانخواز لەو بەرەوەیە و لە تێگەی حکوومەتیش هاووڵاتیکی ڕادیکاڵ و تووڕە! لەسەر شەقامە! لێرەوە کەلتووری ڕادیکاڵیزم دەگوازێتەوە بۆ دیسکۆرس و زمان و وەک دەزانین و دیتوومانە زۆربەی هەرە زۆری ناڕەزایەتی دەربڕینەکان و خۆپیشاندانەکان بە دروشمێکەوە دەست پێ دەکەن واتە وتارێک بزوێنەری سەرەکییەتی، ئاوایە دەبینین وتار هەم لە پەیوەندیی کلاسیکی لە هاوکێشەی دیسپۆتیزمدا و هەم لە پەیوەندیی نوێی هاوکێشەی هاووڵاتی و حکوومەتی مۆدێڕندا جۆرێک دیسکۆرس دیاری دەکات کە هاووڵاتی و سەرشەقامییەکان بەپێی ئەوە دەجووڵێنەوە!
لەم پەیوەندی و تۆڕەی نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا جۆرە دیالیکتیک و بزۆزییەک دەبینرێت و دەشێت لە ڕێگەی ستراتیژی دانوستانەوە بە گشتی بۆ کۆمەڵگە ئاڕاستەیەکی خراپ دیاری نەکات مەگەر ئەوەی کە ئامانج لە دەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕادیکاڵیزم، تێکدانی باری ئەمنیی وڵاتێک یان شێواندنی ئاساییشی گشتی و جووڵاندنی خەڵک بە مەبەستی ڕووخاندن و هتد بێت، ڕادیکاڵیزم و ناڕەزایەتی وەکوو وتمان سەرەتا لە وتاردا خۆیان مانیفێست دەکەن، دواتر دێنە سەر شەقام، ئەمە لەم بەجووڵەخستنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی وڵاتانی وەک سریلانکا، ئێران و تەنانەت ئێراقیش بەڕوونی دەبینرێت و ڕۆڵی جیهانی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو نێونجی و کاتالیزۆرێک دیار و بەرچاوە! بەڵام لە تەنیشت وتاری ڕادیکاڵیزم و ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕەخنەگرتنەوە وتارێکی دیکە هەیە کە لە ئەنجامی پەیوەندییەکی خوار و خێچدایە لەنێوان دوو جەمسەری دەسەڵات و خەڵک، کە لێرەدا ئێمە ناتوانین بە ڕوانینێکی تاکڕەهەندییەوە قامک بخەینە سەر ئەوەی کە کامەیان بەرپرسیارییەتی زیاتریان هەیە لە ئاست کێشە و کۆمەڵگەدا، چوون لە ڕاستیدا دەسەڵات بەرەنجامی کەلتووری گشتییە کە حوکمڕانی دەکەن و ئێستە ئەو کۆمەڵگەیە لە هەمبەر کێشەکاندا بە جۆرێک هێرش دەکاتە سەر خۆی/خود! خۆ/خودێک کە لەسەر دەسەڵاتە! واتە دەسەڵات ئاوێنەی ئیرادەی خەڵکە!/خودە!
بۆیە لە ڕووی پێکهات و زەمینەی کۆمەڵایەتییەوە هەر جۆرە ڕەخنەگرتن لە خود، ڕەخنەگرتنیشە لە ئەو خودەی دیکە کە ئێستە حوکمڕانی دەکات و دەسەڵاتی هەیە! لەم پەیوەندییەدا دیسکۆرسێک بەرهەم دێت لەلایەن کۆمەڵگەوە یان باشتر وایە بەڵێین لەلایەن هەندێ توێژ و تاقمی کۆمەڵگەوە کە نە هەڵگری ڕادیکاڵیزمێکی میتۆدیکە و نە لەخۆگری ڕەخنەیەکی چاکسازانە و بنیاتنەرانەیە! ئەویش دیسکۆرسی گاڵتەپێکردنە! بە داخەوە ئەم دیسکۆرسە لە پاش ڕووخانی بەعس و دامەزرانی دەسەڵاتی کوردی درێژ بووەیەوە و تا ئێستەش ئێمە جیاواز لە جنێودان لە ئاستی شەقام و ناو خێزان (بە شێوەیەکی ڕێژەیی) بەڵکوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا ئەم فیگورە زمانییە دەبینین، تا ڕادەیەک کە کۆمێنت و ڕیپلەیەکان دەبن بە قسەی بێ واتا و گاڵتەپێکردن و سووک و چرووککردنی بابەت یان کەس یان دیاردەیەک! ئەمە کاتێک ڕەهەندی ترسناک بەخۆوە دەگرێت کە لەگەڵ تێڕوانین و ڕۆحییەتی ڕەهاخوازی و چەشنێک لە ئابسلوتلیزم تێکەڵ ببێت، لێرەوەیە کە جنێو بە ڕواڵەت ڕۆڵی مەعریفە دەگێڕێت و هەندێ بیرۆکەی بیرلێنەکراوە و نادرووست بە زمانێکی جنێوئامیز و تەشهیرانە دەردەبڕێت و قاوغی تەنز یان ئایرۆنی بە بەردا دەکرێت و بە و دەلالەتەوە نادرووستی و نالۆژیکبوونەکەی سواغ دەدرێت و ئامانج و مەبەستی تەنز و ئایرۆنی کە جۆرێک زەقکردنەوەی کێشە و خستنەڕووی ڕەخنەیەکی چاکسازانە و بنیاتنەرانەیە ون دەبێت و دۆخی بەدەویبوونی دیسکۆرسی کۆن خۆی دووپات دەکاتەوە، پرسیارەکە لێرەدایە ئایا گاڵتەکردن لە کۆمەڵگەیەک بە سیستەمێکی بەهاتەوەر و ئەخلاقیانەوە دەتوانێت ئامانجێک بپێکێت کە دەسکاری تێڕوانین یان دۆخێک بکات کە ئێمە تێیداین؟ واتە گاڵتە بکات بە ئامناجی خۆی؟ ئایا ئامانجێک بێجگە لە ڕووخاندن و ڕووشاندن هەیە؟ ئایا بە پێ و لەسەر بنەمای هەمان سیستەم و پێکهاتی بەهاتەوەر و ئەخلاقمەندی کۆمەڵگە پەرچەکردارێک جگە لە ڕق و تووڕەیی و خەم و عاجزبوونی لێ دەکەوێتەوە؟ بە دڵنیاییەوە وەڵامی پرسیارەکان ڕوونن.
دیسکۆرس و وتاری گاڵتە و جنێودان لێکەوتەیەکی نەشیاو و ناتەندرووستی لێ دەبێت و درێژکراوە و بەرەنجامی هەمان کەلتووری بەدەویی دیسپۆتیزمە کە بەعس ڕۆڵێکی قووڵ و بەرچاوی هەبووە لە جێگیرکردنی لە سیستەمی بەهاکانی کۆمەڵگە و هەڵسوکەوتی ڕۆژانە و ژیانەکی ئێمەدا، کە بێگومان ڕەهەندی کەلتووریی ڕۆژهەڵاتیش خۆی ڕێخۆشکەر و لەبارکەری ئەم دۆخە ناتەندرووستەیە! ئەگەر سەرنجێک بدەینە ڕێوڕەسمی و مانۆڕی سەربازیی حسک یان پارتی سوسیالیستی کوردستان لە چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی لە گوڵەخانە و نمایشکردنەکەی و پەرچەکرداری بەشێک لە کۆمەڵگە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم کەلتوورە تازە بە تازە نەهاتووەتە ناو ئەم کایە و دیسکۆرسەی گاڵتە و بەرهەمهێنانی جنێو و تەشهیردا بەڵکوو وەکوو وتم کۆمەڵێک زەمینەی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی ئەم دۆخەی لەبار کردووه، ئەگینا هەر کەسێک لەوانەی کە بێڕێزی و تەشهیریان بە و نمایشە کرد بە پرسیارێکی سادە بۆش و بەتاڵبوونی ئەو گاڵتە و سووکایەتیکردنەیان بۆ دەردەکەوت، ئەویش ئەمەیە کە پێشینە و زەمینە ئەم دیمەنە چییە؟ و ئایا ئێمە تا چەند ئیزنی ئەوەمان هەیە هەر جۆرە بڕیار و داوەرییەک لەسەر ڕووداوەکان بکەین؟
جیاواز لەوەی توانای سەربازیی حیزبەکانی کوردستان بە گشتی چۆناوچۆنە پارتی سۆسیالیست ڕابردوویەکی لە شۆڕش و خەبات و قوربانیدان هەیە، هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگریی کوردستان بووە، کاتێک کوڕێکی سەرۆکەکەی؛ کاکە حەمەی حاجی مەحموو لە شەڕی داعەش و بۆ بەرگری لە پایتەختی کوردستان شەهید دەبێت، باوکی سەنگەر چۆڵ ناکات تاکوو سەرۆک بارزانی تەلەفۆنی بۆ دەکات کە دەبێت لەگەڵ تەرمەکە بگەڕێیتەوە! تەنیا ئەم وێنەیە بەسە بۆ ئەوەی لە ڕۆح و ئیرادەیەک تێبگەیت کە حسک تەنیا یەکێکە لە دەرکەوتەکانی، و مێژووی ئێمە سەر لە بەر ئەو ڕۆحە لە پشتەوەی بووە جا با جەستەکەی سۆسیالیست بێت یان پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت! درککردنی شیاو و شایستە بەم بەهایانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێویستی بە پڕۆژەی کەلتووری و ڕۆشنبیری زیاتر هەیە ئەگینا کاکە حەمە و حیزبەکەی هەر پشک و کورسییەکیان لە دەسەڵاتدا هەبێت لە ڕۆڵ و ئیرادە و ڕۆحی بەهێزی ئەوان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان کەم ناکاتەوە و دیسکۆرسی بەرگری ڕۆژانێکمان دێننەوە یاد کە پێشمەرگە بە نانی ڕەق و سادەترین چەکەکان کوردستانی ئەمڕۆیان بۆ ئێمە درووست کرد و ڕزگاریان کرد! تێگەیشتن لە حسک و دیسکۆرسی سەرۆکەکەی بەر لە هەر شت پێویستی بە زانیاری و وشیاری لەسەر مێژوو و بەهادانان و ئەخلاقگەرێتی بۆ مێژوو و قوربانیدانەکانی هێزە کوردییەکان و پێشمەرگە هەیە! [1]