ناونیشان:خەریکە وێنەکە دەگۆڕێت
نووسەر:#عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#08-05-2023#
بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ئێراق و وڵاتانی دەوروبەر، هەرێمی کوردستان لەپێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکوو ناوچەیەکی ئارام و جیاواز و سەقامگیر جێگەی خۆی کردەوە. ئەو نیمچە ئازادی و پیادەکردنەی پڕۆسەی دیموکراسی کە لە هەرێم لە چەکەرەکردندا بوو، ببووە سەرچاوەی هێز بۆ وێناکردنی هەرێمی کوردستان وەکوو دوورگەیەکی جیاواز لە دەوروبەرەکەی و تاوەکوو ئەندازەیەک بە ناوچە ئارامەکەی جوگرافیای نائارام وێنا دەکرا.
ئەم وێنا جیاوازەی بۆ هەرێمی کوردستان درووست ببوو، هۆکار بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی جیهان و درووستبوونی ئومێد بۆ گەشەپێدانی، بووە خاڵی ڕاکێشانی کۆمپانیا و سەرمایەی بیانی، هەروەها جۆرێک لە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتیی پاراستنی ئەم ناوچە ئارامە نادەوڵەتییەی خستە ئەستۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
قسەیەکی باو هەیە دەگوترێت (بەدەستهێنانی دەستکەوت چەند گرنگە، پاراستنی گرنگترە) . دەبوو ئەم بە جیاواز ڕوانینە لە هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارییەتی ئەوەی بۆ لایەنە حوکمڕانەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان درووستبکردبا؛ ئەولەویەتیان دەستگرتن بوایە بە پاراستنی ئەو جیاوازییانەوە، بەڵام ئێستا هاوکێشەکان خەریکە پێچەوانە دەبنەوە. لە لایەک ئێراق ڕوو لە ئارامی و سەقامگیریی سیاسییە، کە دەرگای بۆ سەقامگیریی ئابووریش خستووەتە سەرپشت.هەرێمیش بەهۆی ناتەبایی سیاسی و کێشە و ململانێ نێوخۆییەکانی، دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسیی بۆ خۆی خولقاندووە، کە ئەمیش دەرگای بۆ درووستبوون و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشەی ئابووری و ئەمنی کردووەتەوە. ڕەنگدانەوەی ئەم دوو گۆڕانکارییەش کاریگەریی خستووەتە سەر دیمەنە گشتییەکە و خەریکە لە پێشچاوی جیهان وێناکردنەکە دەگۆڕێت.
شتێکی چاوەڕوانکراویشە وەکوو چۆن ئارامی و سەقامگیرییە سیاسییەکەی، پیادەکردنی سەرەتاکانی مومارەسەی دیموکراسی، ببوونە خاڵی جیاوازی هەرێمی کوردستان و سەرچاوەی هێز بۆ دەستەبەرکردنی سۆز و پشتیووانیی نێودەوڵەتی. پێچەوانەکەشی ڕاستییە کە نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی، سەرکوتکردنی ئازادی و پابەند نەبوون بە و سەرەتا و بنەما دیموکراسیانەوه، کە لە چەکەرەکردندا بوون، نائومێدی و پشتتێکردنی لێدەکەوێتەوە.
ئەوەی لێرەشدا جێی هەڵوەستە و سەرسوڕمانە ئەوەیە کاتێک ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیسیۆنی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکانیاندا سەرنج و تێبینییەکانیان بۆ لادان و پێشێلکارییەکان دەخەنەڕوو، لەبری ئەوەی کەڵک لەو دەستنیشانکردنانە وەربگیرێت و ڕێگەچارەی کەموکوورتییەکان بدۆزرێتەوە، کەچی یان بە پاساوهێنانەوە بۆ لادان و چەوتییەکان، یاخود بە بەدرۆخستنەوە و بە ڕاپۆرتی چەواشەکارانە ناو بردن، وەڵام دەدرێنەوە. لە کاتێکدا هەموو ئەو عەیب و عارانە بە بەرچاوی خەڵکەوەن، میدیا دیمەنەکان دەگوێزێتەوە و جیهان چاوی لێیانە. نێردە و کۆنسوڵخانەکان دیمەنەکان لە خۆمان باشتر دەبینن.
چاوەڕوانییەکی سەیرە ئەگەر پێتوابێت دەبێت جیهان هەر بە جوانی وێنای تۆ بکات، لە کاتێکدا خۆت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پاشەکشەدا بیت. لە ناوجەرگەی #هەولێر#ی پایتەخت و لە #سلێمانی# بە ڕۆژی ڕووناک و لەپێش چاوی خودا و خەڵک تیرۆری سیاسی ئەنجام دەدرێت، باوک دەچێتە سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەڵێت (کوڕەکەم لە زیندان بوتڵی تێبڕدراوە) ، لە میدیاکانەوە وێنەی سەر و برۆ تاشین و شکاندنی کەرامەتی هاووڵاتییان دەخرێتە پێشچاوی ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەم وێنە و دیمەنانە لێکەوتەکانی زۆر بە گران لەسەر کورد و ئەزموونە حوکمڕانییەکەی دەکەون.
ئەم کێشانە چەند بۆ دونیای دەرەوە و وێنا گشتییەکە لەپێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کورد مایەی مەترسین، لەوە زیاتر بۆ دۆخی کۆمەڵایەتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مەترسیدارن. دەبوو کوشتنی (کاوە بازیانی) کۆمەڵگەی کوردی ڕابچڵەکێنێت، کوڕێک لە زگی دایکیایەتی و باوکی دەکوژرێت، دوای نزیک بە 40 ساڵ تۆڵەی کوشتنی باوکی دەکاتەوە. ئایا ئەم زوڵم و ستەم و نادادی و کوشتن و تیرۆرە سیاسییەی ئێستا بەڕێوەدەچێت، ئەنجامەکانی چی دەبن؟ کورد دەڵێت: هەق کۆن دەبێت بەڵام نافەوتێت. دادپەروەرییەکی خودایی و سرووشتیش هەیە ناهێڵێت ستەمکاری هەتا سەر بێت.
کە دادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاسادا پەیڕە و نەکرا، ئەنجامی هەموو پڕۆسەکە دەبێتە کێشەی کۆمەڵایەتی، هەموو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیش چەند خەفە بکرێت، پەنگخواردووتر دەبێت و لە ڕەخساندنی هەر هەلومەرج و دۆزینەوەی هەر دەرفەتێکدا تۆڵەی لێدەکەوێتەوە. دەرئەنجامی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیش بۆ هەر میللەتێک لە هەڕەشە و مەترسییە دەرەکییەکان زیاترنەبێت کەمتر نین.
کوردستان ئێستا لە لێواری ئەو ڕێگەیەدایە، کێشە سیاسییەکانی و لێکەوتەی ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی، خەریکە دەرگاکانی جیهانی بەڕوودا کڵۆم دەدات. سەروەرنەبوونی یاسا و نادادپەروەری و لێکەوتەی کێشە ئەمنییەکانیشی، تۆوی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتییە دەیچێنێت و زۆر نابات دێتە بەر، ئەگەر بە خێرایی چارەسەریان بۆ نەدۆزێتەوە. [1]