پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون دەڵێت: کۆمەڵێک پشکنینی تەندرووستی هەن پێویستە هەموو خانمێک لە تەمەنی جیاوازدا بیانکات، بەتایبەت پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی #08-05-2023# هاوتا لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پشکنینی تەندرووستیی خانمان، دکتۆر ئاهەنگ دژوار لە بووڵتەنی نووڕۆژدا باسی لە بایەخی پشکنینی ڕۆتینی بۆ خانمان کرد و گوتی، پشکنینی ڕۆتینی دەکرێت ڕۆڵی پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان و زوو دەستنیشانکردنی چارەسەرییەکان هەبێت.
دکتۆر ئاهەنگ دژوار باس لەو پشکنینانە دەکات کە پێویستە هەر خانمێک بایەخیان پێ بدات و بیانکات وەکوو (پشکنینە شێرپەنجەییە باوەکان، پشکنینەکانی خوێن و چەورییەکان، هەروەها پشکنینی نەخۆشیی شەکرە و پەستانی خوێن).
ئەو پزیشکە ئەوەش ئاشکرادەکات کە مەرج نییە پشکنینەکان ساڵانە بکرێن، بەڵکوو بەگوێرەی تەمەن و باری تەندرووستیی کەسەکە پێویستە بکرێن؛ هەروەها دەشڵێت: ''شێرپەنجەی مەمک پێویستە دوای تەمەنی 40 ساڵی و شێرپەنجەی ملی منداڵدان دوای تەمەنی 25 ساڵی بکرێت.''
بە گوتەی پسپۆڕەکەی خانمان، هەندێک لە وڵاتان پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووەتە ڕۆتین و خانمان دوای تەمەنی 25 ساڵی هەر سێ ساڵ جارێک دەیکەن، چونکە ساڵانە لە جیهاندا چەندین خانم بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە گیانلەدەستدەدەن.
لەبارەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە ڕوونی دەکاتەوە، بەر لەوەی نیشانەکانی شێرپەنجەکە دەربکەون، دەتواندرێت لە ڕێگەی پشکنینی پێشوەختەوە خانە شێرپەنجەییەکان بناسرێنەوە و کەسەکە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەکە چارەسەر وەربگرێت.
ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی ڕایدەگەیێنێت، شێرپەنجەی مەمک یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجەیە؛ پسپۆڕکەی خانمانیش دەڵێت: ''پێویستە هەموو خانمێک دوای تەمەنی 20 ساڵی پشکنینی مەمک بکات، بە مەرجێک بکەوێتە دوای سووڕی مانگانەی، بەڵام لەنێوان تەمەنی 40 ساڵ بۆ 50 ساڵی پشکنینی مەمۆگرام پێویستە، چونکە پشکنینێکی هەستیارە و بەوردی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک دەناسێتەوە.'' [1]