ناونیشانی بابەت: شەڕی ئاو لە میزۆپۆتامیا
ئامادەکردن: #مەدیحە سۆفی#
دەکرێ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەربەرزایەکانی جۆلان و داگیرکردنی لە ساڵی 1967دا کە عەرەب بە (نکسة حزیران) ی ناوزەدە کردووە و ئیسرائیل پێی دەڵێ (شەڕی شەش ڕۆژەکە) ، بە یەکەم شەڕی ئاو لە جیهاندا ئاماژەی پێ بکرێ، ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە ئاساییشی نیشتمانی خۆی بە دابینکردنی ئاو پێوەر کردووە، چون کە ئاو هەبوو، ئاوەدانی، گۆڕان، بوژانەوە، گەشەسەندن، گەشەپێدانی پیشەسازی و کشتوکاڵی دێنە ئاراوە، واتە ئاساییشی ئاو و خۆراک پێکەوە ئاساییشی نیشتمانی دابین دەکەن.
میزۆپۆتامیا، ئەو ناوچە بەپیت و خاوەن مێژووە دێرینەی، سەرچاوەی سەرهەڵدان و پەرەسەندن و ئاوەدانکردنەوە بوو، هەر بەهۆی بوونی ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوراتەوە بووە دەستپێکی هاتنەکایەوەی یەکەم شارستانییەت لە جیهاندا، بنیاتنانی ئەم شارستانییەتە بناغەیەکی باش بوو بۆ بەردەوامیدان بە ئاوەدانکردنەوە و پەرەسەندنی هەموو بوارەکان لەو ناوچەیەدا.
لە ساڵی 1951 دا، بانکی ئاوەدانکردنەوەی نێودەوڵەتی، لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوون لەو پرۆژانەی دەتوانرێ لە ئێراقدا بناغەیان دابنرێ، یەکێک لە کارەکانی ئەو لیژنەی نێودەوڵەتییە پێکهێنانی (دەستەی ئاوەدانکردنەوە) بوو، کە نەخشەی درووستکردنی پرد، بەندو، ڕێگاوبان، کارگە، دانیشگا، خانوبەرەو ویستگەی کارەبا، عەمباری ئاو، پیشەسازی کشتوکاڵ و چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و بەرهەمهێنانی لە تەواوی شارەکانی ئێراقدا لەخۆ گرتبوو.
ئەو پرۆژانەی لەو کاتەدا بۆ شارەکانی کوردستاندا کەوتنە نێو نەخشەی ئاوەدانکردنەوەکە، بریتی بوون لە بەنداوی دەربەندیخان کە لە ساڵی 1956 دەست بە درووستکردنی کرا و لە ساڵی 1961 دا کرایەوە، بەنداوی دوکان کە لە ساڵی 1954 بناغەکەی دانرا و بۆ تەواوکردنی نزیکەی پێنج ساڵی خایاند، هەر لە بەرنامەی ئەو دەستەی ئاوەدانکردنەوەیەدا، پلانی درووستکردنی بەنداو و عەمباری بێخمە داڕێژرا.
واتە ئێراق بە کوردستانیشەوە، بە لێهاتووی ئەو (دەستەی ئاوەدانکردنەوەیە) ی سەدەمی شاهەنشاهی، لە بوژانەوە و شارستانی بوونی خۆی بەردەوام بوو، بەڵام ئەم قۆناغەیان کە پێویستی بە دارایی و دانایی هەبوو، هەر بە پشتیووانی بوونی ئاو نەبوو بەڵکوو بە پشتیووانی (نەوت و ئاو) بوو پێکەوە، لەو دەمەی داهاتی نەوت وەکوو سامانێکی نیشتمانی ئەژمار دەکرا، جگە لەوەی لێپرسراوێتی دەوڵەت بۆ پاراستنی سامان و بۆ گەشەپێدانی ژیرخان و سەرخان، ئەرک و مەرجی مانەوە و بەردەوامیدان بوو.
ئەوەی شارستانییەتی میزۆپۆتامیای لە سەرەتاوە بنیاتنا ئاوی هەردوو ڕوباری (دیجلە و فورات) بوو، کە دەمێک بوو سیاسەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا بەرنامەی قۆرخکردنی داڕێژابوو بەڵام لەبەر بەهێزی ڕژێمی بەعس لەو کاتەدا، تورکیا بوێری ئەوەی نەبوو بە ئاشکرا و بەو قەوارەیەی ئێستا، پڕۆژەکانی سەر ئەو دوو ڕوبارە پەرەپێبدات، لەلایەکیترەوە ئابووریەکەی لەو کاتەدا بەئەندازەی تەواوکردنی ئەو پرۆژانە نەبوون و پێویستی بە قەرزی دەرەکی و پاڵپشتی دەرەکی بوو. درووستکردنی 22 بەنداو و 19 ویستگەی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لەسەر ئەو دوو ڕوبارە کە پێی دەگوترێت (پڕۆژەی گاپ، واتە پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) پڕۆژەیەکە ڕەچاوی هیچ زیانێک ناکات کە لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵی و دیمۆگرافی سووریا و ئێراق دەکەوێ، بەنداوی ئیلیسۆ نوێترین بەنداوی ئەم پڕۆژە گەورەیەیە لەسەر ڕوباری دیجلە و نزیکەی یازدە ملیار مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە.
=KTML_Bold=بە پێی زۆربەی ئەو سەرچاوانەی بەدواداچوون دەکەن بۆ داهاتووی ئاوی ئێراق، لە ساڵی 2040 دا ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات، کە شاخوێنبەری شارستانییەت و ژیانی ئەو وڵاتەیە، نیمچە وشک دەبن و تەوژمی ئاوەکەی ئەوەندە نابێ تا بڕژێتە شەتی عەرەبەوە=KTML_End=
ئەم پڕۆژەیە بە گشتی کاریگەریی بنەڕەتی لەسەر پاشەکشێی بەرهەمی کشتوکاڵ و تەنانەت دیمۆگرافی ناوچەکانی کەنار ئەو دوو ڕوبارە هەیە، بەتایبەت بەنداوی ئیلیسو کە لەم دواییەدا کەوتە گلدانەوەی ئاوی دیجلە، کاردانەوەی یەکجار وێرانکەری بۆسەر بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراق و سووریا و بە تایبەتی زەلکاوەکانی خوارووی ئێراق دەبێ بە گشتی، لەلایەکیترەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، داڕمانی ئاساییشیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەکاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی گەرمی خۆر لە ئەتمۆسفێری گۆی زەوی، کێشەیەکی گلۆبال و هەنوکەییە، کە ماکەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر دەردەکەون.
لە ئێستادا، ئێراق ئێراقێکی لاوازە، یەک دید و بۆچوونی نییە، خاوەن ئابووریەکی داڕوخاو و سیاسەتێکی ناجێگیرە، توانای بەسەر ڕێگریکردن لە تورکیا ناشکێ، خاوەن کارتی بەهێز نییە بۆ فشار خستە سەر تورکیا و ئێران، هەروەها بە پێی زۆربەی ئەو سەرچاوانەی بەدواداچوون دەکەن بۆ داهاتووی ئاوی ئێراق، لە ساڵی 2040 دا ئاوی ڕوباری دیجلە و فورات، کە شاخوێنبەری شارستانییەت و ژیانی ئەو وڵاتەیە، نیمچە وشک دەبن و تەوژمی ئاوەکەی ئەوەندە نابێ تا بڕژێتە شەتی عەرەبەوە، لە ساڵی 1980 وە تا ئێستا تەوژمی ئاوی ئەو دوو ڕوبارە 30٪ کەمی کردووە، وا چاوەڕوان دەکرێ لە ساڵی 2030 دا بگاتە 50٪.
تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ تورکیا، نە نێودەوڵەتی و نە ئیقلیمی، سەری نەگرتووە، ئەگەر مۆریش کرا بێت پەیڕەو نەکراوە، هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتیش لەلایەن تورکیاوە بەهەند وەرناگیرێ، تورکیا ئەو دوو ڕوبارە بە ڕوباری نێودەوڵەتی ئەژمار ناکات بەڵکوو وەکوو موڵکی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، ئەوەی جێی سەرنجە ڕوباری دیجلە پاش تەواوبوونی بەنداوی ئیلیسوو، ئیدی ئەو تەوژمەی نامێنێ، کە ئێراق بتوانێ کێشەکانی خۆی پێ چارەسەر بکات.
=KTML_Bold=لە بیستەکانەوە، کێشەی ئاوی ئەو دوو ڕوبارە لەنێوان ئێراق، سووریا و تورکیادا هەیە، لە بیستەکانەوە بەردەوام ڕێکەوتن مۆر دەکرێ و پوچەڵ دەبێتەوە=KTML_End=
نادڵنیایی لە دابین کردنی ئاوی ئێراق و نەبوونی هیچ ڕێکەوتنێکی باوەڕپێکراو لەگەڵ ئێران و ئێراقدا، کارەساتی مرۆیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی لێ دەکەوێتەوە، وشکەساڵی، هەژاری و تێکچوونی ئاساییشی ئاویش هەر کاردانەوەی ئەو کێشەیەیە، ئەو کێشەیەی، کە بە گۆڕانی کەشوهەوا ئەوەندەیتر توندتر دەبێتەوە، کە ژینگەی زیندەوەر دەشیوێنێ و ئیکۆسیستیمەکەیان تێکدەدت.
یاسای نێودەوڵەتی تایبەت بەو سەرچاوە ئاویانەی کە لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا هاوبەشن، ڕوباری دیجلە و فوراتی بە دوو ڕوباری نێودەوڵەتی ئەژمار کردووە، هەروەکوو ڕوباری نیل، دانووب و ئەمازۆن، بەڵام تا ئێستا تورکیا نە کاری بەو یاسایە کردووە و نە دانیپێدا دەنێ.
لە بیستەکانەوە، کێشەی ئاوی ئەو دوو ڕوبارە لەنێوان ئێراق، سووریا و تورکیادا هەیە، لە بیستەکانەوە بەردەوام ڕێکەوتن مۆر دەکرێ و پوچەڵ دەبێتەوە، لە بەندێکی ڕێکەوتنی لۆزان لە ساڵی 1923 دا، کە لەنێوان تورکیا و هاوپەیمانەکانیدا سازکرا، لە ماددەی 109 کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی ئەو دوو ڕوبارەدا و هاتووە و دەڵێ:
” بۆ هیچ وڵاتێک ڕێ پێدراو نییە، بەبێ ئاگادارکردنەوە و ڕاوێژکردن بە وڵاتەکانی دیکەی سەر ئەم دوو ڕوبارە، پڕۆژەی بەنداو، عەمباری ئاو یا گۆڕینی ڕێڕەوی ڕوبار، ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی لە میانەی بنیاتنانی ئەو پرۆژانەدا هیچ وڵاتێک زیانی لێ نەکەوێت”
بۆ وڵاتە ئیقلیمیەکان چ ئێران و چ تورکیا، هەمیشە کورد کارتی ڕاییکردنی بەرژەوەندییەکانیان بووە و لەکاتی ڕێکەوتنی نێوانیاندا بووە بە قوربانی، یەکێک لە بەندەکانی ڕێکەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 دا، کە لەنێوان ئێراق و ئێراندا، لەسەردەمی شۆڕشی کوردا، مۆر کرا، سازشکردن بوو لە دەسەڵات بەسەر هەندێ سەرچاوەی ئاوی لە ئێراقدا وەکوو شەت و العرب، لەبەرانبەر پشت کردن لە شۆڕشی کورد و پوکانەوەی، لە هەمان کاتدا هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە و پەشیمان بوونەوەی ئێراق لەم ڕێکەوتنە، هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ئێراق و ئێران بوو لە ساڵی 1980 دا. [1]