ترسی قسەکردن لە بەردەمی خەڵکدا گرفتێکی باوە، زۆر کەس تووشی شڵەژان، ترس و لەرز دەبن و دەنگیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام ئەمە شتێک نییە چارەسەر نەبێت و بە چەند هەنگاوێک دەتوانیت بەسەریدا زاڵ ببیت.
1. بزانە دەربارەی چی دەدوێیت، هەتا زیاتر شارەزای ئەو بابەتە بیت کە قسەی لەسەر دەکەیت، کەمتر تووشی هەڵە دەبیت.
2. خۆت ئامادە بکە بۆ قسەکردن و زانیاری کۆبکەرەوە، ئەمەش دڵەڕاوکێت کەمدەکاتەوە.
3. ڕاهێنان بکە، پێشتر ئەو قسانەی دەتەوێت بیکەیت، چەند جارێک لە بەردەم ئاوێنە بیکە، هەتا زیاتر ئەمە بکەیت، زیاتر بەسەر دۆخەکەدا زاڵ دەبیت.
4. لیستێک بنووسە بۆ ئەو شتانەی کە لێیان دەترسیت لە کاتی قسەکردن، خاڵ بە خاڵ بیاننووسە، پاشان یەک بە یەک هەوڵبدە ڕووبەڕوویان ببیتەوە.
5. سەرکەوتنی خۆت بهێنەرە پێش چاوت، چونکە بیرکردنەوەی ئەرێنی دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە.
6. ڕاهێنانی هەناسەدانی قوڵ بکە، ڕۆڵی کاریگەریی هەیە لەسەر ئارامبوونەوەت.
7. کاتێک قسەیان بۆ دەکەیت، سەرنج بخەرە سەر بابەتەکە نەک کاردانەوەی خەڵک.
8. کاتێک لەناکاو قسەکانت بیر دەچێتەوە و دەوەستیت، خۆت تووشی شڵەژان مەکە، چونکە ئەو وەستانە جێی سەرنج نییە بۆ چواردەورەکەت، هەوڵبدە ئارامبیتەوە.
9. لە بەردەمی کەسانێک قسە بکە کە پاڵپشتیت دەکەن، چونکە قسەکردن بۆ ئەوان ئاسانتر دەبێت بۆ تۆ و لەگەڵیان هەست بە ئاسوودەیی دەکەیت. [1]