$ناسیۆنالیزمی کوردیی و فریودانی بە کۆمەڵ$
#شاسوار هەرشەمی#
هیچ بۆنە و ڕووداوێک نییە. لە ناوچەکە، کە قەڵەمبەدەستانی ناسیۆنالیست، نەیکەن بە هەوێنی ئاڕاستە کردنی خەڵک، بۆ مەبەستی خۆیان. زۆر جاران بەهۆی نەشارەزایی زۆرینە لە شوێن و جوگرافیای ڕووداوەکان، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن ببن بە دەنگی زاڵ.
دوا ڕووداو، کە ئێستا سۆسیال میدیای کوردی تەنیوە، بوومەلەرزەکەی سەر سنوورەکانی باشووری ڕۆژاوای تورکیا و سووریایە.
لە سۆسیال میدیای کوردیی، شوێن و جوگرافیای بومەلەرزەکە کوردستانە و خەڵکە بەرکەوتووەکانیش هەموویان کوردی عەیار بیست و چوارن، بۆیە دیواری سەرتاپای خەڵکی بۆتە دانانی وێنە و شین و شەپۆڕ. جاران چۆن لە شەڕی ناوخۆی لایەنەکان و بۆردوومانی حەلەب، وێنەی کارەساتی شەڕەکە بەم شێوەیە دەهاتە ناو ماس مێدیای کوردیی، وەک کە ئەوە کوردن و لەلایەن هێزەکانی ئەسەدەوە دەکوژرێن، ئێستاش ڕووداوەکانی ناوچەی بوومەلەرزەکە، لە ناو سۆسیال مێدیای کوردیی، هەر ئەمەندەی ڕووداوەکانی حەلەب ڕاستن.
جارێ با ئەمە بڵێم، ئەوانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان پێکەوتووە، هەر کێ بن و بە هەر هۆیەکیش لەوێ بووبن، قوربانیین و پێویستیان بە هاوکاریی و هاودەردیی و یارمەتیی پێگەیاندنی خێرا هەیە. دەبێت لە کورد بە ناوەند کردن دوور بکەوینەوە و مرۆڤ بکەینە ناوەند، بێ ئەوەی داوای دەرهێنانی ناسنامەی لێ بکەین.
دوای ئەوە دێم و نەختێک وردەکاریی باری ئەتنی ناوچەکەتان بۆ دەردەخەم. بوومەلەرزەکە لە دوو هەرێمی گەورەی عەنتاب، کە ئەتاتورک ناوەکەی کردە (غازی عەنتاب، گازی ئەنتەپ) و مەرەش، کە ئەتاتورک ناوەکەی کردە (قارەمان مەڕەش) ڕوویانداوە، بەڵام ناوچەکانی حەلەب و لازقییەی سووریاش، بە تووندی زیانیان بەرکەوتووە. واتە بوومەلەرزەکە، ناوچە کوردنشین و تورک نشین و عارەب نشینەکانی گرتۆتەوە و هەڵەیە بە شێوەی (بوومەلەرزەی باکووری کوردستان و ڕۆژاوا) ناویان بێنین، وەک لە مێدیای کوردیی وا دەگوترێت. بێگومان کەمو زۆر، لە شوێنی دوورتری بازنەی بوومەلەرزەکەش، وەک لە ئامەد و مەلاتیە و شوێنانی دیش زیانی گیانی هەبووە.
لەو شوێنانەی کە زیانی هەرە زۆریان بەرکەوتووە و لەسەر شاشەکان وێنەکانیان دەبینین، پێکهاتەی کورد، زۆر لە پێکهاتەی تورک و عارەب کەمترە. ئێرە شوێنی لێکدانەوەی مێژوو نییە. کە بۆچی کورد لە شارە پیشەسازییە مەزنەکانی وەک غازی عەنتاب و مەرەش، بوونەتە کەمینە. هاوکات بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریا و دەستتێوەردانەکانی تورکیاشەوە، بەشی هەرە زۆری کوردانی عفرین لە ناوچەکە نەماون و سەدان هەزار ماڵە چەکداری ئیخوانی و داعشی سووریی، کە زۆریان لە غۆطەی دیمەشق و دەوروبەریەوە هێندراون، لەگەڵ ژمارەیەک ماڵە فەلەستینی زووتر دانیشتووی ئۆردووگاکانی دەوروبەری حەلەب، هەموویان هێندراونەتە ناو ماڵە کوردەکان. بۆ ژمارەیەکی زۆریش لەوانە، بە پارەی قەتەر و کوەیت، خانوی تازەیان بۆ درووست کراوە. هەروەک لە دیوی تورکیاشدا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر چەکدارانی سووری سەر بە میتی تورک و پەنابەرانی سوورییش هەن.
ئەمە وایکردووە، کە قوربانی یەکەمی بوومەلەرزەکە، تورک بن و عارەبی سووریش، لە هەردوو دیوی سنوورەکە، بە پلەی دووەم دێن. هەر ئەمڕۆ پتر لە دوو سەد تەرمی سووریەکان لە تورکیاوە بۆ عفرین هێندراون. قوربانیانی کورد، بە پلەی سێیەم دێن و ئەوانیش کوردانی باکوورن.
زۆر کەس نازانێت، کە لە هەموو سنوورەکانی ستاتوسی (ڕۆژاڤا) یان ناوچەکانی یەپەگە و قەسەدە، بریندارێکیش بەهۆی بوومەلەرزەوە نییە. دەشێت ژمارەیەکی کەم لە کوردانی حەلەب زیانیان پێکەوتبێت.
سەرەڕای ئەم ڕاستیانە، کە زۆر کەس لێیان بێئاگایە، چەندان کەس کەوتوونەتە تیوری داتاشین، وەک کە دەوڵەتی تورک خۆی بوومەلەرزەکەی درووست کردووە، تا کوردان بکوژێت، یان دەوڵەت بە ئەنقەست یارمەتیی لێقەوماوان نادات تا بمرن و کورد کەم ببێتەوە! دیسان موئامەڕەیەکی دی دژی کورد... و دەیان تیۆری و لێکدانەوەی دی ناڕاست. لەکاتێکدا ژمارەی لێقەوماوانی تورک و چەکدارانی بەکرێگیراوی تورک لە عفرین و ئەعزاز و ئیدلب و دەوروبەریی، لەگەڵ قوربانیانی کورد بەراورد ناکرێن. [1]