دەقی پرسەنامەکەی جەعفەر شێخ مستەفا:
بە داخم بۆ ماڵئاوایی تا ئەبەدی و شەهید بوونی گەنجێکی پڕ لە وزە و خوێن گەرم بۆ ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، ناوێکی دیار و درەوشاوەی ناو هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئەمەک و بە وەفا بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، تێکۆشەرێکی ئازاو بوێر لە مەیدانی ڕوبەڕوبوونەوەدا، دڵسۆز و پاک لە کار و ئەرکەکانیدا، سادەیی و خاکی بوونی لەگەڵ دەوروبەردا، شەهید فەرماندە ئاکام عومەر.
ماڵئاوایی یەکجاری لە فەرماندەیەکی نزیک لە ڕۆحم وا ئاسان نییە، هێندەی کوڕێک، هێندەی پێشمەرگەیەک پێگەی لە دڵ و ڕۆحمدا کردەوە. بەڵام کە خۆی ڕۆحی بۆ نیشتیمان بە خشیبوو بەر لە شەهید بوونی، لە ئەمڕۆدا دەبێت بە شانازییەکی پڕ لە مرۆڤایەتی و هێز و ورەی نیشتیمان پارێزیمان بۆ ئێمە و هاوسەنگەرانی، شەهیدی فەرماندە هەمیشە هێزی دەبەخشی بە دەوروبەرەکەی، هیچ کات سڵی نەکردۆتەوە لە پاراستنی کوردستان، سەرەڕای چەند جارێک لە بریندار بوونی لە ڕوبەروبوونەوەکانی دژ بە تیرۆر و تیرۆریستان، سات لەدوای سات زیاتر ڕۆحی خۆبەخشی دەدایە بەر گیان و جەستەی لە پێناو سەروەری و پاراستنی شکۆی کوردستان
دڵنیام بە شەهید بوونی فەرماندە ئاکام کەلێنێکی گەورە دروست دەبێت لە سەنگەرەکانی دژ بە ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ناحەزانی گەلی کورد، لە هەمان کاتدا دڵخۆشیشم بەو هێزەی کە لەسەر دەستی ئەم پەروەردە بوونە و گومان لە ئازایی و بوێرییان ناکەم، هێزەکەی بەردەوام دەبێت لە قوربانیدان و گیانفیداییان لە تۆڵەی خوێنی فەرماندە ئازا و دڵسۆزەکەیان کە بۆ خاک و نیشتیمان خۆی کردە قوربانی.
درود بۆ ڕۆحی پاکی شەهید کاکە ئاکام، سەرەخۆشیم بۆ خانەوادە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی هەیە، ماڵئاوایی لە فەرماندەیەک کە سامانێکی گەلێک بوو وا ئاسان نییە، ئەو بوو بە سیمبول و سەرمەشقی دڵسۆزی و ئازایەتیی بۆ خاک و نیشتیمان، دەخوازم لە یەزدان بە میهرەبانیی و بەخشندەیی خۆی ڕۆحی پاکت بە بەهەشت شاد بکات، یاد و یادەوەرییەکانت هێزمان پێ ببەخشێت بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی پاک و گیانی پڕ لە ئازایەتیت.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!