ناو: ئەحمەد
ناوی باوک: عەلی جەم
ڕۆژی لەدایکبوون: 1895
ڕۆژی کۆچی دوایی: #11-04-1998#
شوێنی لەدایکبوون: #ئەرگوش# ی شارەدێی #شێروانی مەزن#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی #زێوە# ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
$ژیاننامە$
ئەحمەد عەلی جەم لە ساڵی 1895 لە گوندی ئەرگوشى سەر بە ناحیەی شێروان مەزنى قەزای #مێرگەسۆر# لە پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە. پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، خێزانەکەی ناوی عەیشا مەلا مەقسود سەعدی بووە و چوار کوڕ و کچێکیان به ناوەکانی سوهەیلە، ڕەشید، ئەبابەکر، عەلی، مەجید هەبووە. هەر سێ زمانی کوردى و ڕووسی و تورکیی زانیوە. لە تەمەنی 103 ساڵی و لە 11/4/1998 کۆچی دوای دەکات و لە گۆڕستانی مەلاباسەک لە زێوە بە خاک دەسپێردرێت.
$خەباتنامە$
لە ساڵی 1932 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی یەکەمی بارزانەوە کردووە و له زۆربەی شەڕەکاندا بەشدار بووە. دواى نسکۆى شۆڕشى یەکەمى بارزان و پەڕینەوەى شێخ ئەحمەدى بارزانى لە سنوورى باکورى کوردستان لە ڕێکەوتی 21 حوزەیرانی 1932، ئەویش ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه، بەڵام دواى ئەوەى لەساڵى 1932 تورک شێخ ئەحمەد ڕادەستى دەسەڵاتدارانى عێراق دەکەنەوە، ئەویش دێتەوە ئەم دیوەى سنوور.
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵى 1943دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە و لە شەڕەکاندا بەشداربووە، بەم هۆیەوە له 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە و لە شەڕەکانى بەرەى سەقزدا بەشداربووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەره و یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر وانەى فێربوونى زمانى کوردى بە هەڤاڵانى گوتووەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ئەحمەد عەلى جەم لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕاوەتەوە کوردستان.
کاتێک شۆڕشی ئەیلوولیش هەڵگیرسا، ئەحمەد عەلی جەم جارێکی دیکە چەک دەکاتەوە شان و سەنگەرەکانی پێشەوە بۆ پاککردنەوەی کوردستان لە دوژمنان هەڵدەبژێرێت و بە بێ دابڕان تاکو ساڵی 1975 بەرگری لە شۆڕش دەکات.
لە ساڵی 1975 هەر لە ناوچە ئازادەکانی کوردستان مایەوە و ئەم جارەیان بە سەروەت و سامان و هێزی جەستەیی خۆی بووە پشت و پەناگەی پێشمەرگە و ماڵەکەی کردە یەکێک لە بارەگاکانی سەرکردایەتی کاتی(قیادە موەقەته)_#پارتی دیموکراتی کوردستان# و بۆ ماوەی (12) ساڵ له و بارودۆخەدا مایەوە، تاکو ئەنفالی ساڵی 1988 دەستیپێکرد، ئەوکات بڕیاری هەڵبژاردنی ژیانی ئاوارەیی دەدات و لە کۆمەڵگای زێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ دەبێت و لەوێ دەمێنێتەوە تاکو مەرگ ڕێگای لێدەگرێت و لە تەمەنی 103 ساڵی و لە 11/4/1998 بۆ دواجار چاوەکانی لێکدەنێت و لە گۆڕستانی مەلاباسەک لە زێوە بە خاک دەسپێردرێت.[1]