دەقی پەیامەکەی جێگری سەرۆکی #پارتی دیموکراتی کوردستان#
لە (70)هەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدار و ڕۆڵێکی کاریگەرە لە خەباتی نیشتمانیدا و یەکێک لە پێشەنگانی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەیی و هەمیشە ناوەندێکی دیاری پێگەیاندنی تێکۆشەران بووە لە ئافرەتانی قوربانیدەر و سەرکردە لە بواری مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگیی کوردستاندا.
دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەرلە (70) ساڵ، زادەی هەبوونی بیری یەکسانیخوازییە لە ڕوانگە و بیروباوەڕی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، هەروەها بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.
ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە لە سەرجەم بوارەکاندا خاوەن بەهرە و توانا و لێهاتوون، دەبێ پشتیوانیی زیاتر لە ڕۆڵ و بەشداریی کارایان بکرێت و دەرفەتی زیاتریان پێ بدرێت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگاکەمان.
هەر بەم بۆنەیەوە، پشتیوانیی تەواومان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنییان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لەپێناو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووی سەردەمیانەدا.
بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان