ناونیشانی بابەت: ڕۆڵی نەوت لە پەڕەپێدانی شاری کەرکووک
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
$پوختە$
پوختەی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە ڕێگاکانی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە بوونی ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی لە شاری کەرکووک بە ئامانجی پەڕەپێدانی پارێزگاکە لەگەڵ دەرخستنی لایەنە نێگەتیڤەکانی ئەم کێڵگانە چونکە لە هیچ وڵاتیکدا نەتوانراوە 100 خۆ لە زیانەکانی کێڵگە نەوتیەکان بەدوور بگرن.
$پێشەکی$
شاری کەرکووک بە چوار کێڵگەی نەوتی گەورە تەنراوە کە بریتین لە کێڵگەکانی کەرکووک، بای حەسەن، جەمبور، خەباز. یەکەمیان لە هەموویان گەورەترەو بەناوجەرگەی شارەکەوە تێپەڕدەبێت زۆرترین کاریگەریشی کردووەتە سەر شارەکە لە ڕووی ژینگەو دیموگرافی و جوگرافیەوە، لە ڕووی سیاسی و مێژووییشەوە ساڵانێکی زۆرە بەدەستیەوە دەناڵێنێت و ئەوەندەی زیانی پێگەیاندووە ئەوەندە سوودی پێنەگەیاندووە، داهاتەکەشی دابەشی سەر هەموو پارێزگاکانی ئێڕاق کراوە دەتوانرێ بووترێ کەرکووک لە هەمووی کەمتری پێگەییوە. بەڵام 3 کێڵگەکەی تر زیاتر لە دەرەوەی شارن و کەمتر کاریان لە سەر ئاوەدان کردنەوە کردووە.ٍ
$کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی نەوت لە سەر کەرکووک$
نەوت لە سێ لاوە کاریگەری لەسەر شاری کەرکووک کردووە، یەکەمیان لە ڕووی ژینگەوە. نەوت لە هەر جێگەیەکدا بەرهەم بهێنرێت کاریگەری ژینگەیی خۆی بەجێدەهێڵێت بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت زیانەکانی
کەم بکرێتەوە. ڕۆژانە غازێکی زۆر دەسوتێنرێت کە ئاسمانی شارەکەی پیس کردووە، هەروەها برێکی چاک نەوتی خاو دەرژێتە سەر زەوی لە کاتی بەرهەمهێنانیدا کە کاریگەری دەبێت لە سەر کشتوکاڵ ئەمە وێرای پیسکردنی سەرچاوە ئاوییەکان. دووەمیان دیموگرافی. لای هەموان ئاشکرایە بەهۆی بوونی نەوتەوە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان بە بیانوی جیاواز دیموگرافیای شارەکەیان گۆریوەو عەرەبیان لە شارەکانی ترەوە تیا نیشتەجێکردووە، ئەمە وای کردووە ڕێژەی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە کەم بێتەوە.سێیەمییان جوگرافی.لەڕابردوودا حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێڕاق بوونی نەوتیان لە شارەکە کردبوە بیانوو بۆ ڕێگرتن لە ئاوەدان بوونەوەو گەشەسەندنی بەتایبەت کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە درێژییەکەی 100 کم و پانیەکەشی 4 کم دەبێت، بەشێکی بە سەنتەری شارەکەدا تێپەڕ دەبێت و هەر یەکە لە گەڕەکەکانی ئیمام قاسم و بەرتەکیە دەکەونە ناوجەرگەی کێڵگەکەوە، پاش دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک دەست لەم گەڕەکانە نەدراو بوون بە ئەمری واقع و بە چەسپاوی مانەوە، بەڵام ڕێگەنەدرا چیتر گەورە ببنەوەو زیاتر پەلوپۆ بکێشن، هەموو ئاوەدان کردنەوەیەکیان بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵاتدا قەدەغەکرد. گەڕەکی ڕەحیماوە هێڵێک بەلای ڕۆژهەڵاتیدا کێشرابوو بۆی نەبوو لەوە زیاتر گەشە بکات. جگە لەمە ناوچەی پیشەسازی کۆمپانیای نەوت کە لە گەڕەکی عەرەفەوە دەست پێدەکات و لە ناوچەی کەیوان کۆتایی دێت ڕوبەرەکەی نزیکەی 70 کیلۆمەتر دووجا دەبێت لە شاری کەرکووک دابڕێنراوەو ڕَێگە نەدراوە هیچ کەسێک نزیکی بکەوێت بەهۆی بوونی دامەزراوە نەوتییەکانەوە.
$چۆنیەتی بەگڕخستنی کێڵگە نەوتیەکان بۆ خزمەتی شاری کەرکووک$
هەموو ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی لە بوونی نەوتدا هەیە لە شاری کەرکووک بەڵام ئەگەر نەوتەکە بە سیاسی نەکرابایە دەتوانرا سوودێکی زۆری لێوەربگیرێت لەم بوارانە
1- بواری ئاو
لە سەردەمی ئینگلیزەکاندا لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ یەکەمجار شاری کەرکووک بە یارمەتی کۆمپانیای نەوتی ئێڕاق (ipc) بۆری ئاوی خواردنەوەی لە شارۆچکەی دوبزەوە بۆ ڕاکێشرا کە ئەو پڕۆژەی تا ڕۆژگاری ئەمرۆش هاووڵاتیان سوودی لێدەبینن. لە هە گوندێکدا پێویستیان بە بیری ئاو هەبوایە ئەوا تیمەکانی کۆمپانیای نەوت بەو ئەرکە هەڵدەستان.
لە سەردەمی بەعسیشدا کۆمپانیای نەوت هەندێک کاری بۆ شارەکە کردووە هەرچەندە ئامانجەکان سیاسی بوون، توانراوە پڕۆژەی (ئاوی بەدیل یان ئەلتەرناتیڤ) ئەنجام بدرێت، پڕۆژەکە بریتی بوو لە هەڵکەندنی 80 بیری ئاو لە سنووری ناوچەی ساڵەیی سەر ڕێگای کەرکووک - پردێ، پاشان لێکدانیان بەبۆری و گەیاندنی بۆ ناو کەرکووک تا ببێتە ئەلتەرناتیڤێک بۆ ئاوی کەرکووک لە کاتی وشکە ساڵیدا کە زێی بچووک دووچاری وشک بوون دەبێت. ئەم پڕۆژەیە تەواو بووبوو تەنها کار پێکردنی مابوو پڕۆسەی ئازادی بەسەردا هات و تەواوی بۆری و ئامێرەکانی پڕۆژەکە بە تاڵان بران. لە ڕۆژگاری ئەمرۆشماندا
دەتوانرێت ئەو پڕۆژەیە زیندوو بکرێتەوە تا ئاوی خواردنەوە بۆ تەواوی شارەکە دابین بکرێت بە تایبەت لە وەرزەکانی بێبارانیدا.
2- بواری وزە
شاری کەرکووک تا ناوەڕاستی پەنجاکان هیچ هێڵێکی کارەبای پێنەگەیشتبوو نقومی تاریکی بوو.کۆمپانیای نەوتی ئێڕاق توانی لەو کارەبا تایبەتیەی ئامێرەکانی خۆی نزیکەی 3 هەزار کیلۆ وات بە شارەکە ببەخشێ، بەم چەشنە توانرا بۆ یەکەمجار کەرکووک ڕوناک بکرێتەوە.
سەبارەت بە بەنزین وگازوایلیش ئاشکرایە ڕۆژانە بڕێکی زۆری غاز لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا زیاد دەبێت کە بڕەکەی دەگاتە 150 ملیۆن پێ سێجا کە لەبەر خراپی و کۆنی تەکنەلۆجیا ناتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت و دەسووتێنرێ کە جگە لە بە فیرۆچوونی ژینگەی شارەکەش پیس دەکات. ئەگەر ئیدارەی پارێزگا هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور بکات دەتوانێت سوود لەو غازە وەربگرێت ئەویش بە هێنانی ژمارەیەک ویستگەی کەبس کردن و بەرهەمهێنانی کارەبا کە سەرەنجام چەندین هەزار مێگاوات کارەبا دێنێتە بەرهەم و شارەکەش لە قەیرانی کارەبا ڕزگار دەکات چیتر دانیشتوان پێویستیان بە موەلیدەی ئەهلی نامێنێت، وێرای ئەمانە تاڕادەیەکی باش ژینگەی کەرکووک دەپارێزرێت.
کۆمپانیای غازی باکوور بەشێک لە غازی بەرهەم هاتوو لە گەڵ نەوتدا دەگۆرێت بۆ غازی وشک و غازی شل (dry gas and liquid gas)، غازی وشک بۆ ئیش پێکردنی کارگە گەورەکان بەکاردێت، هەرچی غازی شلە (lpg) بۆ ماڵان سوودی لێدەبینرێت، لەم حاڵەتەدا دەتوانرێت چەندین کارگە لە شارەکە بکرێتەوە کەدەبێتە مایەی زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی وێرای کەم کردنەوەی بێکاری و دەستەبەرکردنی بواری کار بۆ دانیشتوانی شارەکە، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگەی بۆرییەوە غاز دابەشی سەر ماڵان بکرێت کە ئەمە خۆی لە خۆیدا خزمەتگوزارییەکی بێوێنەیەو لە ئەرک و ماندوبونی خەڵکی کەم دەکاتەوە.
$پاڵاوگە$
شاری کەرکووک سەرەرای ئەو دەوڵەمەندییەی لە بواری نەوتدا هەیەتی کەچی خاوەنی پاڵاوگەیەکی وەها نییە کە پێویستی شارەکە لە بەروبومە نەوتییەکان پرَبکاتەوە. پاڵاوگەی بێجی کە ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی لە کەرکووکەوە بۆ دەچێت لە ساڵی 1983 دامەزراوە چاکتر بوو لە کەرکووک دابنرێت چونکە نزیکە لە سەرچاوەی نەوتەوە، پێویستی نەئەکرد لە کەرکووکەوە بۆ بێجی بە بۆری نەوتی بۆ ڕەوانە بکرێت بەڵام سیاسەتی ڕژێمی پێشوو وای دەخواست کەرکووک تەنها نەوتەکەی لێبدۆشرێت و ئاوەدان نەکرێتەوە.
ئەگەر بتوانرێت ئەو پاڵاوگەیەی لە ساڵی 2007 بریاری لێدرا بنیات بنرێت ئەوا ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیل لە بەروبومە نەوتییەکان بەرهەم دەهێنرێت کە دەبێتە مایەی لە کۆڵ بوونەوەی قەیرانی سوتەمەنی، سەرباری ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە بە خاوەن بڕوانامەو بێ بڕوانامە کە خۆی لە 3 هەزار کەس دەدات دابمەزرێن.
هەر شوێنێکیش پاڵاوگەی لێبێت دەبێتە خاڵێکی بازرگانی و بواری کار بۆ ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک دەستەبەردەکات.
$پیشەسازی پترۆکیمیاوی$
پیشەسازی پترۆکیمیاوی بە بناغەی هەموو پیشەسازییەکانی تر دەژمیردرێت چونکە مادەی پلاستیک دەچێتە دووتوێی هەموو کەرەستەیەکەوە، پلاستیکیسش لە بەرهەمەکانی نەوتە.
شاری کەرکووک زەمینەیەکی خۆشی هەیە بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پیشەسازییە چونکە گرنگترین کەرەسەی خاوی کە نەوت و غازی سرووشتیە بوونی هەیە.
$کۆتایی$
لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێم ئەگەر بوونی نەوت لە شارەکە بە سیاسی نەکرێ بخرێتە خزمەتی دانیشتوانەکەی ئەوا شارێکی ئاوەدان و خۆشگوزەرانی لێدێتە بەرهەم، ئەواتە دەبینین لە سایەی پڕۆژەی پترۆدۆلاردا چ گۆرانکارییەک بەسەر کەرکووکدا هاتووە کە لە هیچ سەردەمێکدا شتی وەهای بەخۆوە نەدیوە کە لە یەک کاتدا خزمەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی. هەروەها بۆ سەرخستنی کارەکان لە شارەکە پێویستە کۆمپانیای نەوت پەلکێشی کار کردن بکەین بە تایبەت لە ڕووی پاک ڕاگرتنی ژینگە ئەوەش بە هەماهەنگی نێوان ئیدارەی شارەکەو کۆمپانیای نەوت ئەنجام دەدرێت هەروەک لە ساڵی 2012 دا وەزارەتی نەوت 17 ملیار دیناری بۆ دروست کردنی باخچەو زیادکردنی سەوزایی لە کەرکووک تەرخان کرد. [1]