عەبدوڵا کەریم مەحمود
جەمال دیموکرات و حامیدە سوور و دوو برینداری تر، لە نەخۆشخانەی شۆڕش مابوونەوە، ڕۆژی سێیەم دکتۆر فایەق ڕووی کردە جەمال و وتی:
بڕۆ سۆراخی هاوسەر و منداڵەکانت بکە، لە ماڵی عەبدوڵای مەلا فەرەجن لە ئەستێڵی خواروو.
جەمال لەگەڵ ئامۆزایەکیدا چوو بۆ بارەگای مەڵبەند، ئێوارەکەی چووە لای شێرکۆ جدی، لەو کاتەدا مۆلیدەی کارەباکەیان هەڵکرد وتیان: با گوێمان لە هەواڵی نوێی تەلەفیزونی ئێراق بێ.
دنیا تاریک بووبوو، مانگ هەڵهاتبوو، دنیا کپ و کشومات و خامۆش بوو. لەناکاو گوێیان لە دەنگی کۆپتەرێک بوو، هەموویان لە ژوورەکەوە ڕوویان کردە دەرەوە، کۆپتەرەکیان بینی لە دامێنی قەرەداغەوە بەره و ئاڕاستەی دەربەندەکە دەفڕی، گەیشتە نێوان مەڵبەند و چەمە گەورەکەی خوار مەڵبەند، پێشمەرگەیەک بەخێرایی مۆلیدەکەی کوژاندەوە، ڕوویان کردە ژوورەوە. سێ شەو بوو، خەو لە چاوی جەمال دیموکرات نەکەوتووبوو، ویستی بۆ تاوێ بنووێ، توشی تەنگە نەفەسی ببوو، بارو دۆخی بە جۆرێک ئاڵۆز بوو، وەک ئەوە بوو لە شوێنێکی بەرزەوە بکەوێتە خوارەوە، شەوباشی لە پێشمەرگەکان کرد و ڕاکشا، هەر ئەم دیو و ئەو دیوی دەکرد، خهو چاوەکانی دانەدەگرت، پێشمەرگەکان سەرقاڵی قسەکردن بوون، لەناکاو جەمال هەمان گرمه و ناڵەی وەک ئەو ئێوارە ی سێوسێنانی بیست، بەخێرایی هەستاو وتی: گوێم لە گرمەی ناڵەی تەقینەوەیەک بوو، لە نزیک خۆمان.
هێشتا قسەکانی تەواونەکردبوو، گرمەی تەقینەوەی ڕاجیمە لەناو مەڵبەند و دەوروبەر هەستا، دەنگی تەقینەوەکان وەک هەورەبروسکە وابوو، لەنێو شاخ و دۆڵەکان دەنگی دەدایەوە، بە جۆرێک وایان دەزانی چیاکە بەسەریاندا ڕوخاوە، جەمال بە هاوڕێکانی وت: تەقینەوەی ئه و ڕاجیمانە کیمیاییە، جامانه و پشتوێن و دەسڕەکانتان تەڕ بکەن، ئەوسا بچنە دەرەوە.
پێشمەرگەکان چوونە دەرەوە، مەڵبەندەکەیان بە چاوی خۆیان بینی نوقمی دوکەڵی ڕەش و سپی بوو بوو، دوکەڵەکە بەره و بەرزایی دەکشا و دوای تاوێک بەرەو نزمایی دەنیشت، پێشمەرگەکان بڵاوەیان لێکرد، کەوتینە سۆراخی ئه و پێشمەرگانەی لەو بەری خۆیانەوە بوون، چەند پێشمەرگەیەک لە چیای زەرده و هۆمەر قەڵا بوون، شەڕ لەو قۆڵانەوە بەتوندی بەرپا ببوو، پێشمەرگەکانی تر خەریکی دابینکردن و پێداویستی خواردن و تەقەمەنی بۆ سەنگەری پێشمەرگەکان، ئەو شەوە هوشیاری عدد جیهاز و پێشمەرگەیەکی تر دواهەناسەیان سپارد، هەر ئەو شەوە هەموو پێشمەرگەکان و دەستەی نەخۆشخانه و دیلە بەردراوەکان بەهۆی ژەهری کیمیایەکەوە برینداربوون.
هەموو جەستەی جەمال دیموکرات کەوتە لەرزین، حەمەرەزای مام برایم ڕابەر سیاسیی تیپی 17 زمناکۆ بەخەستی بریندارببوو، ئەو هەموو هێستر و ئەسپ و گوێدرێژانەی بۆ کاری پێویست دانرابوون، بە ژەهری کیمیاییەکە لەناو چوون، بەمەش هەڵسوڕاندن و ڕاپەڕاندنی کارەکانی سەرشاخی پێشمەرگەکان وەستا.
پێشمەرگەکان زۆر گەڕان بە دوای تەرمی دوو شەهیدا و بە جلەکانی خۆیانەوە بەخاکیان سپاردن، دوو دیلی بەردراوی زیندانی مەڵبەند بەیانییەکەی لەسەر تەپۆڵکەکەی لای مەڵبەند به برینداری دۆزرانەوە، پێشمەرگەکان هێنایانەوە بۆ نەخۆشخانەکە نەمردبوون. بەڵام جەستیان وەک تەختەی دار ڕەق ببوو، چاویان بەکزی دەتروکاند، دکتۆر و پێشمەرگەکان ئاویان پیاکردن و شۆردیانن، جەستەی یەکێکیان بە جۆرێک ڕەق ببوو، بەزەحمەتێکی زۆر دەرزیان لێدان، بۆ ڕۆژی دوایی خەڵکی ناوچەکە بە تراکتۆر و بە وڵاخ و بەپێ ڕەوه و چارەنووسێکی نادیار هەنگاویان نا.
لەو کاتەدا جەمال بیری لە لای هاوسەر و منداڵەکانی بوو، بیری له چارەنووسی ئەو هەموو پێشمەرگه بریندار و کەم ئەندامانە دەکردەوە، لە هۆمەر قەڵاوە ڕوویان دەکرد گوندی ئەستێڵی خواروو، لەوێ هەواڵی هاوسەر و جگەر گۆشەکانی لە مەلا عەلی پرسی و پێ وت: چوون بۆ ماڵی حسین قەرەداخی ئامۆزات لە گوندی سەرکۆ. ئەو شەوە جەمال لە ماڵی مەلا عەلی ئامۆزای لە گوندی ئەستێڵ مایەوە، لە چەند کەسێکی سەڵت زیاتر کەسی تیانەمابوو.
بەیانیەکەی ڕووی کرده گوندی سەرکۆ، لەو بەری چەمی دێوانەوه بوو، یەکێک بوو لە گوندە بەرز و جوانەکان، دراوسێی گوندی جافەران و گۆشان بوو. بە پێ نیوسەعات لە قەرەداخەوە دوور بوو، جەمال لە ڕێگا تاک و تەرا خەڵکی دەبینی لە سیمایاندا ماندووبوون و ترسوگومان و دڵە ڕا وکێ دەخوێندەوە.
ئێوارەکەی گەیشتە سەرکۆ، چووە ماڵی مام قادری باوکی حسین قەرەداخی، هاوسەر و منداڵەکانی لەوێ بوون، بارودۆخی تەندروستیان بەهۆی کاریگەری ژەهری کیمیاییەکەوە زۆر خراپ بوو، بەتایبەتی ڕێبەری کوڕی، سەری کردە سەررانی باوکی، دوای تاوێک دەستی کرد بەوڕێنه و قسەی هەلەق و مەلەق، هەموویانی خستە پێکەنین، چاوی هاوسەرەکەی و ڕەوەز زۆر سوورببوون، دوای نانی ئێوارە لە ناکاو گرمە هەستا.
ڕەتڵی ڕاجیمه بوون لەنێوان جافەران و دەرەویان و لە نزیک گوندی سەرکۆدا تەقینەوە، قیژه و هاوار هاوار و گریانی ژن و منداڵ بە جۆرێک گوندەکەی هەژان، خەڵەکەکە لە تاوا ڕوویان کردە پشت ماڵەکانی سەرکۆ.
ئەو شەوە خەڵک بەو سەرمایە، لە بن گابەرد و چاڵ و چۆڵی ئەو دەوروبەرەدا بە ترس و لەرزوە تا بەیانی مانەوە، ژن و پیاو و منداڵ نەیاندەزانی ڕوو بکەنە کوێ، هەموو لایەکیان بە سوپاو جاش لێ تەنرابوو، کۆپتەریش بە ڕۆژ بەئاسمانی ناوچەکە بە نزمی دەسوڕایەوە، بەیانی زوو هەر خانەوادەیەک ڕوویان کردە لایەک، ڕووه و چارەنووسێکی نادیار.
جەمال لە گەڵ مام قادردا بڕیاریاندا ژن و منداڵەکان ڕەوانەی سلێمانی بکەن، بۆ ڕۆژی دوای هاوسەرەکەی و هەردوو منداڵەکەی بە عەلی کوڕی مام قادردا ڕەوانه کرد، لە نزیک قەرەداغ ڕێکەوتی کۆمەڵێ خانەوادەی تریان کردبوو، بە تراکتۆر ڕوویان کردە سلێمانی.
جەمال دوودڵ بوو، دەترسا لەرێگا دەسگیریان بکەن، کاریگەری ژەهری کیمیاییەکە بەجەستەی هاوسەر و دوو کوڕەکەیەوە دیار بوو، بەڕێکەوت نەگیران. گەیشتنە ناو سلێمانی و لەوێ خۆیان حەشاردا.
جەمال ماڵئاوایی لە ئەنوەری ئامۆزای کردو لە گەڵ مام قادردا ڕوویان کردە گۆشان، چوو بۆ لای پێشمەرگە کانی مەڵبەند و کەرتی سیروان سەعید چوقلی و دەستەکەی قادری حاجی عەلی، حەمەجەزای هونەرمەند و حەمەقەرەداخی حاکمی مەڵبەند و ئەبو عەلی و دکتۆر سالار قەرەداخی لەوێ بوون، لەوێ نانی خواردو پشوویدا، هەواکەی زۆر خۆش بوو، گوندەکە بە تەواوی چۆڵ ببوو.
لەلای حەمە قەرەداخی یەوە، چوو بۆ لای ئەبو عەلی، پێکەوە قسەیان دەکرد، لە ناکاو گوێیان لە دوو گرمە بوو، سەیری ناو قەرەداغیان کرد، گولە تۆپەکان لە گردەکانی سەرەوەی قەرەداغ نزیک جادەی سلێمانی تەقینەوە، تۆزی لێ هەستا، چاوی جەمال کزکز ببوو بەباشی نەیدەبینی.
لە ناکاو ئەبوعەلی وتی: سەیرکە، ئەوە دەبابه و مودەرەعەیە بەسەر جادەکەوە دیارە بەرەو ناو قەرەداغ دەڕۆن، دواتر هەواڵیان پێگەیشت، هیزەکانی سوپای عێراق لە جادەی سەگرمە و لە بازیانەوە پێشرەویان کردبوو بەره و قەرەداغ.
هەموو خواردن و کەلوپەل و ئۆتۆمۆبیل و شۆفڵ و کەرەستەی تری مەڵبەند لە دەوروبەری گۆشان دانرابوون، بە ئۆتۆمۆبیل لە قەرەداغەوە بۆ گۆشان 5 دەقیقە بوو، تەنیا چەمی دێوانە لە نێوان قەرەداغ و گۆشاندا بوو، باری تەندروستی جەمال زۆر خراپ بوو، پێیان وت: تۆ بڕۆ بۆ بارەگاکانی ناو قۆپی.
جەمال سواری وڵاخێک بوو، ڕووی کردە بارەگای مەڵبەند لەناو قۆپی قەرەداخ، لە ڕێگاکە چەند جارێک، لەسەر وڵاخەکە دابەزی، سەیری قەرەداغی دەکرد، هیچی نەدەبینی، کیمیاییەکە بە جۆرێک کاری کردبووە سەر چاوەکانی، دیمەنەکانی بە تێکەڵ و پێکەڵی دەبینی، ئەگەر تیشکی خۆرەکەی لەسەری بدایە وەک ئه و شەوەی لێدەهات کە کیمیاییەکه لێی دابوو، دوای نیوسەعات گەیشتە نزیک زیندانی مەڵبەند، لە پێچی یەکەمی دەربەندی قۆپی گۆشاندا بوو.
لە ناکاو گوێی لە گرمەی فرۆکەی جەنگی بوو، سەری هەڵبڕی دوو فڕۆکەی بینی بەنزمی دەهاتنە خوارەوە، بوو بە گرمه و ناڵەیەکی زۆر بەهێز، سەراپا ئەو دەوروبەره دەلەرییەوە، جەمال بەخێرایی وڵاخەکەی بەستەوە و گەڕایەوە بەرهو ڕووکاری دیوی قەرەداغ، بۆ ئەوەی بزانێ فرۆکەکان بۆردومانی کوێیان کردوە، دوکەڵ و تۆزی لای چەمی سمۆروە بینی، زانی لە گۆشان نەدراوە گەڕایەوە، کەوتە ڕێ، گەیشتە یەکەم بارەگا، حاکم ئیبراهیم لەوێ بوو، دواتر کەوتە ڕێ تا گەیشتە بارەگای مەڵبەند، ئهو شەوە چەند بریندارێکی کیمیایی گەیەنرانە ئەوێ، یەکێکیان حەمە لەتیف بوو، هەموو جەستەی بەپارچەی تۆپ بریندار ببوو.
مانگێک زیاتر بوو تیپەکانی مەڵبەند یەک چووبوون بۆ سنووری دۆڵی جافایەتی بۆ ڕووبەرووبونەوەی هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ دۆڵی جافایەتی، ئەو کاتە (80 -100) پێشمەرگەی مەڵبەند لە قۆپییەکانی قەرەداغدا بوون، چاوەڕوانی گەڕانەوەی هیزەکانیان لە دۆڵی جافایەتی دەکرد، هیزێکی زۆری سوپای عێراق گەیشتنە قەرەداغ، سەراپا ناوچەکەیان داگیر کرد.
هیزەکەی مەڵبەند بەرگرییەکی زۆر یان کرد، چەند پێشمەرگەیەک بە پارچەی تۆپ و گوله و کیمایی بریندار بوون. فرۆکە جەنگیەکانی عێراق چەند جارێک گوندەکانی قەرەداخیان بە چەکی کیمیایی و ناپاڵم و بۆمبی هێشووی بۆردومان و خاپوورکرد، ئەفسەرەکانی سوپای عێراق و مستەشارەکان مەرو ماڵات و ڕەشەوڵاخ و پەلەوەرو کەلوپەلی ئه و گوندانەیان تاڵانکرد.
هێزەکەی مەڵبەند لەگەڵ بریندارەکان ڕوویان کردە بارەگای تیپی 51ی گەرمیان، لە دەرەوار، باری تەندروستی حەمەلەتیف زۆر خراپ بوو، برینەکەی ڕانی گەوره و قوڵ بوو، پەنجەیەکی پەڕیبوو، لەوێ تەداوی سەرەتاییان بۆکرد، بارودۆخی گەرمیان زۆر خراپ و دژوار بوو، هەواڵیان پێ گەیشت هیزەکانی سوپای عێراق و حەرەس جمهوری و جاش لە (کفری و سەرقەڵاو کەلار و باوەنوورو دەربەندیخان و چەمچەماڵ و قادرکەرم و دوزخورماتوو)، کۆکراونەتەوە. جەمال دیموکرات یەکەمجار بوو گەرمیان ببینێ، جەولەیان کرد بەره و قوڵایی گەرمیان، چاوەڕوانی گەڕانەوەی هیزەکانیان بوون، هیزەکانی مەڵبەندی یەک، دوای کشانەوەیان له ئەنفالی یەک لە دۆڵی جافایەتی و مەرگه و شاناخسێ، چەندان ڕۆژ بەرێگاوەبوون، بەزەحمەتێکی زۆر گەڕانەوە، ماندووبوون، ئەو کاتەی ئەوان گەیشتینە گەرمیان، مانگی 4ی 1988 بوو، بەهارێکی سەوزو پاراو بوو، کەمێک گەرم بوو، مەڕوماڵات لە دەشت و دەربوو، خەڵک بەهۆی هەواڵەکانی ئەنفالی(یەک و دوو) لە بارێکی دەروونی پڕ لە ترس و دڵەراوکەدا بوو، بەبەردەوامی هەواڵی ناخۆشیان دەبیست، تازە پێشمەرگەی کەرت و تیپەکانی مەڵبەند دەگەڕانەوه بۆ گەرمیان، هیزەکانی سوپای عێراق و جاش لە چەندان قۆڵەوە پەلاماری گەرمیانیاندا، پێشمەرگەکانی گەرمیان چەند ڕۆژێک بەرگرییەکی بێ وێنەیان کرد، چەندان پێشمەرگە شەهیدو بریندارکران، هیزەکانی سوپای عێراق زۆربەی ناوچەکەیان گرت.
لە 14 /4 هیزی پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەکانەوە کشانەوه و ڕوویان کردە قۆپییەکانی قەرەداغ، دواتر بەره و سنووری گۆپتەپه و عەسکەر بەرێکەوتن، چەند دەستەیەک پێشمەرگە وە ک پارتیزان لەچەند حەشارگەیەک لە گەرمیان و قەرەداغ مانەوە.
دیمەنێک لە کتێبی ڕەشەبای ژەهرو ئەنفال. بەرگی سێیەم و چوارەم و پێنجەم، چاپ و بڵاو نەکراوەتەوه.[1]